Skip to main content

ئێران تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یاساغ دەکا، کەچى خامنەیی تویت دەکات

ئێران تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یاساغ دەکا، کەچى خامنەیی تویت دەکات
posted onJanuary 26, 2019
nocomment

 

زۆربەى تۆڕە کۆمەڵایەتی و ئاپەکانى نامە گۆرینەوەکان لە نێو کۆمارى ئیسلامی ئێراندا بلۆک کراون و دەسەڵاتدارانیش سەرجەم ئەوانەى دەستگیر دەکات دزە دەکەنە نێو بەرنامەکانى "ئەنیستیگرام و تیلێگرام".

 

بەڵام زۆربەى بەرپرسە باڵاکانى ڕژێمى ئێران، هەژماریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە و، تێدا کۆمێنت و پەیامى خۆیان لەپرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بڵاو دەکەنەوە و، بەشێکیانیش خەریکی وەڵامى سەرکردەی وڵاتانى دیکەن. گرنگترین کەسایەتیش لەو بەرپرسە باڵانەى تاران عەلى خامنەیی، ڕێبەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامی ئێرانە، کە چەندین هەژمارى تایبەت بەخۆى بەچەند زمانێک هەیە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر.

دوایین تویتى خامنەیی لە ٩ کانوونى دووەم (بەفرانبار)ى ئەمساڵ بووە و، لەسەرووى پەرەکەى جێگیری کردووە و وەک هەمیشە باسى لە "دوژمنى وڵاتەکەى " دەکات کە دەیانەوێت پڕوپاگندە و ئاراستەکردنى تۆمەت لە نێوان جەماوەر بڵاو بکەنەوە، نووسیویەتى "بەڵام سەرکەوتوو نابن".

ڕێبەرى کۆمارى ئیسلامی لە نووسینەکەی تویتەرەکەى نووسیویەتى "پێویستە گەنجان ئەنتەرنێت بکەنە کەرستەیەک بۆ ئەوەى لە دەمى دوژمنان بدەن"، بەڵام کۆمێنتى فۆڵۆوەرەکانى لەسەر تویتەر جۆراجۆر بوون کە لایەنگرانى تەنها بەشانوباڵى خامنەییان هەڵداوە، لە بەرامبەریشدا نەیارانى سیاسەتى بلۆککردنى فراوانى تۆڕى ئەنتەرنێت بە شێوەیەکى دیکە بەشدارییان لە نووسینەکەى ڕێبەرەکەیان کرد.

بەشێکیان پرسیارى تایبەتیان لەخامنەیی کردووە بەوەى "چۆن توانیویەتى بچێتە نێو تویتەری بلۆککراو لە ئێراندا؟، ئاخو چ جۆرە بەرنامەیەکى پرۆکسی VPN ـى بۆ شکاندنى ئەو بلۆکە بە کار هێناوە؟". یەکێک بەناوی ڕەسووڵ پەناهی نووسیویەتى "گەورەم خامنەیی، هیچ دوو دڵ مەبە، ئێمە هەموومان بلۆکەکەمان شکاندووە و، لە ڕێگەى پرۆکسی دەستکردى دوژمن دەچینە نێو ئەنتەرنێت و لەدەمى دوژمنیش دەدەین".

لەلایەکى دیکەوە حوسێن ڕەحمانیان نووسیویەتى "بەخۆاى گەورە هیچ شتێکمان بەهۆى گرانیی و فشارەکان بۆ نەماوە، نرخەکان بەسێ هێندە بەرزبوونەتەوە". جگە لەوانەش دەیان تویتى دیکە وەڵامى ڕێبەرى کۆماری ئیسلامیان داتەوەو، دەڵێن " ئێمە لەدەرەوە بەدواى دوژمن ناگەرێن، بەڵکو لەناوخۆ دایەو تۆ دوژمنی".

لەبەرامبەر ئەو جۆرە تویتەرانەش دەیانى دیکە ئامادەیییان نیشان داوە و پاڵپشتى لەخامنەیی کردووە لە "لێدانى دوژمن". جاک لاک، یەکێکە لەو هەژمارانەى وەڵامى تویتەکەى ڕێبەرى کۆمارى ئیسلامى داوەتەوەو نووسیویەتى "ناتوانین بەزیرەکى بەرنامەى بلۆکەکان لە ڕێگەى پرۆکسی بشکێنین، چونکە تۆ ئاسمانى ئەنتەرنێتت بەسەر خەڵکدا بلۆک کردووە، کاتێک ئاسمانەکەت لەدەست دەدەی، داوا لە سوپا سایبیرییەکەت دەکەى پڕۆکسی بەکار بهێنن و، بە وەحشیگەرانە لەو ئاسمانانە کار دەکەن، ئێوە دۆڕان و ئابڕووشتان چووە".