Skip to main content

عەرەفات؛  دەروازەى ئێران بۆ دەستێوەردانى وڵاتە عەرەبییەکان

عەرەفات؛  دەروازەى ئێران بۆ دەستێوەردانى وڵاتە عەرەبییەکان
posted onJanuary 23, 2019
nocomment

 

کاتێک باسى پەیوەندییەکانى کۆمارى ئیسلامی بەپرسى فەلەستینییەکان دەکرێت، دەستبەجێ پاشگرێتى بزوتنەوەى بەرەنگاری ئیسلامی فەلەستینى (حەماس) بۆ ئێران دێتە پێشەوە، بەڵام ئەو پەیوەندییانە لایەنێکى شاراوەترى تری، کە لەنێو لاپەرەکانى ٤٠ ساڵى مێژووى سەرهەڵدانى کۆمارى ئیسلامی لەدواى ١٩٧٩ ـەوە ونبوە، کە ڕێکخراوى ئازادیخوازی فەلەستینى (فەتح) ڕۆڵێکى بەرچاوى هەبووە لەپەرەسەندن و پاڵپشتى کردنى ئایەتوڵا خومەینی.

 

هەرەوەها ڕۆڵەکەى فەتح تەنها لە پاڵپشتیکردنى شۆڕشەکەى ئێران نەبووە، بەڵکو دەستێکى کاراى هەبووە، لە دروستکردنى سوپای پاسداران و بەهێزبوونى پێگەى تاران لە نێو خاکی لوبنان لەدواى ١٩٧٤ کاتێک شەڕى ناوخۆیی لەو وڵاتە سەری هەڵدا. ئەو زانیارییانە کەلەنێو لاپەرەکانى ئەجێنداى ئێران لەناوچەکە ونبووە و، کێشەو ململانێ وبەڕەڵاییەکى فراوانى دروست کردبوون.

لە لایەن خۆیەوە تۆنى بەدران، توێژەرى لوبنانى لەشیکارییەکى خۆیدا کە لە ماڵپەرى "دامەزراوەى بەرگرى لە دیموکراسییەکان"، لە چوارچێوەى زنجیرە ڕاپۆرتێکى چلەمین ساڵیادی دروستبوونى شۆڕشی ئێران ئامادە کردووە. شیکارییەکە تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییەکانى یاسر عەرەفات ڕێبەرى پێشووى فەلەستینییەکان، بە خومەینى، هاوکات وردەکاری پاڵپشتییەکانى بزووتنەوەى فەتح بە شۆڕشەکەى ئێران و، دەستى لە پڕچەککردنى شێعەکان هەبووە، جگە لەوانەش باس لەوەش دەکرێت "بەشێک لە سەرکردەکانى حزبوڵاو سوپاى پاسداران و حزبی ئەمەلی لوبنانی دەرچوونى سەربازگەکانى سەر بە فەتح بوون".

عەرەفات، یەکەم "ڕێبەرێکى بیانی" بوو لە ١٧ شوباتى ١٩٧٩ دواى چەند ڕۆژێک لەسەرکەوتنى شۆڕشە ئیسلامیەکە گەیشتە تاران، کە بەبانگهێشتێکى فەرمیی خومەینى سەردانى ئەو وڵاتە کردو، ئەوکات گووتى "ئەو سەردانە وەک ئەوەیە لەسەردانى خۆى بکات".ئەوەى لە دڵى عەرەفات بوو، بۆ زۆرێک لەوانەى سەردەمەکەى خۆى شاراوە بوون، چونکە یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەى دەیەیەک پەیوەندیی بەهێزى لەگەڵ سەرجەم هێزە گەورەکانى ئەو کاتەى ئێران دروستکردبوو، هەر لە مارکسییەکانەوە تا ئیسلامییەکان، کە ڕۆڵیان لە ڕووخانى شای ئێران هەبوو.

عەرەفات لەو سەردانەیدا هەستى بەشکۆمەندی گەورەى دەکردو، هەستى دەکرد، ڕۆڵەکەى ئەو "ئەوەندە کاریگەر بووە، بۆیە شۆڕشەکە سەرکەوتوو بوو". لەرۆژە سەختەکانى تاران بەتایبەت لەساڵانى ١٩٦٧ تاوەکو ١٩٧٩، فەلەستینییەکان بەشێک بوون لە دروستکردنى ڕژێمەکەى خومەینى بۆ یاسر عەرەفات، ڕژێمێکى شۆڕشگێری چانسێکى گەورەیە بۆ ئەوەى فەلەستینییەکان هاوپەیمانییەکى نوێی بەهێز پەیدا بکات.

لەپاڵ ئەوانەش عەرەفات پێی وابووە "دەتوانێت ڕۆڵێکى ناوبژیوان لە نێوان ئێران و عەرەبەکان ئەنجام بدات و، لەململانێ لەگەڵ یەکتر دووریان بخاتەوەو، پێکەوە کار بکەن بۆ قازانجى پاڵپشتیکردنى تێکۆشانى فەلەستینەکان دژى ئیسرائیل"، بەڵام زۆر بەخێرایی خواستەکانى عەرەفات دەرکەوت مایەى جێبەجێ کردن نیەو، بەڵکو مەترسییەکى گەورەشە بۆ کەیسى فەلەستینییەکان.

 

بنەڕەتى پەیوەندییەکان:

بنەڕەتى پەیوەندییەکان

سەرەتاى پەیوەندییەکانى نێو گرووپە شۆڕشگێرەکانى ئێران و فەلەستینییەکان لەکۆتایی شەستەکانى سەدەی ڕابردوو لەگەڵ گەشەسەندنى ئەستێرەى عەرەفات لەنێو ڕیزەکانى ڕێکخراوى ئازادیخوازی فەلەستینەکان لەساڵى ١٩٦٣ دەستى پێ کرد. پەیوەندییەکانیش لەوێوە سەرچاوەى گرت "حکومەتى ئەوکاتى ئێران هەڵمەتێکى سەرکووتکارانەى دژى بەرەى ئۆپۆزسیۆن ئەنجام دا و، ئەوانیش شەڕی پارتیزانی دژى شاهیان ڕاگەیاند".

لەکۆتایی ئەو دەیەش گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێران پەیوەندییان لەگەڵ نوێنەرانى فەتح لەوڵاتە هەرێمایەتییەکان بەست بەتایبەت لەقەتەرو عێراق، کە خومەینى لەدواى ١٩٦٥ ـەوە لێی جێگیر ببوو، بەشێکى زۆری ڕێکخستنە مارکسییەکانى ئێران ڕێگاى چوونە نێو سەربازگەکانى ڕێکخراوەکەى فەلەستین لە ئەردەن و باشووى یەمەن دۆزیەوە، بەڵام دواى شکستە گەورەکەى سوپاى عەرەبەکان لە جەنگى ١٩٦٧ و، ئەنجامدانى زنجیرەیەک چالاکیی سەربازی، ئەستێرەى عەرەفاتى بەرەو ئاسمان برد و، گرنگییەکى میدیایی زۆری پێ درا.

بەڵام دواى پێکدادانەکەى فەتح و سوپاى ئەردەن لە ١٩٧٠، ئەو ڕێکخراوە ئازادیخوازەى فەلەستین، ڕووبەرووى شکستێکى سەربازی و سیاسی گەورە بوویەوەو، سەرجەم ڕێکخراوە سەربازییەکانى فەلەستین لەو وڵاتە دەرکران و بە "ئەیلوولی ڕەش" ناوزەند کرا.

لوبنان تاکە وڵات بوو، جێگەى بۆ فەلەستینیە دۆڕاوەکان کردەوەو، تێدا بەئازادی و بەپاڵپشتى عەرەب بجوڵێنەوە، ئەویش لەچوارچێوەى ڕێکەوتننامەى قاهیرە لەساڵى ١٩٦٩ ـەوە سەرچاوەى گرت. فەتح هەڵوێستى لەبارەى ئەو وڵاتە عەرەبییە بچووکە وێنەى نەبوو لە هیچ شوێنێکى وڵاتێکى عەرەبی، چونکە زۆربەى چاوپێکەوتنی شۆڕشگێرانى ئێران و فەلەستینییەکان لەوێوەى دروست دەبوون.

تا داڕمانى ڕژێمى سیاسی لوبنان و سەرهەڵدانى شەڕی ناوخۆیی، کە لەرێگەى چەک و خواستەکانى فەلەستینییەکانەوە گەرمتر بوون، ئەو وڵاتە بووە سەربازگەیەکى فراوانى سەرجەم شۆڕشگێرانى جیهان و موگناتیسى سەرجەم کادیرانى گرووپە شۆڕشگێرەکانى ئێران بوون تەنانەت لە مارکسییەکانەوە بۆ پیاوانى ئایینى و چەندانى دیکەش.

گرووپە چەپەکانى فەلەستینى وەک بەرەى میللی بۆ ڕزگاری فەلەستین لەگەڵ گرووپە هاوچەپەکانى خۆى وەک فیدائییە مارکسییەکان و، ڕێکخراوى فیدایی خەڵقی ئێرانى چەکدار کردووەو، پەیوەندیشى لەگەڵ گرووپە بچووکە شیوعیەکانى دیکەى تارانیش هەبوو. لە بەرامبەریشدا فەتح لەگەڵ هەمووان پەیوەندی هەبوو، تەنانەت خەلیل ئەلوەزیر کە بە (ئەبو جیهاد) ناسرابوو، ڕێکخری ئەو چالاکییانە بووەو، دەستى ڕاستى عەرەفات بووە، جگە لەوەش پۆستى فەرمیی فەرماندەى سەربازی فەتحی بەرێوە بردووە.

 

لوبنان خاڵى پێکگەیشتن:

لوبنان خاڵى پێکگەیشتن

ژمارەى جەنگاوەرە ڕاهێنراوەکانى نێو لوبنان لەگەڵ فەلەستینیەکان گەورە نەبوون، بەڵام کادیرە ئێرانییەکان کۆمەڵێک تاکتیکی سوودبەخش فێربوون و، ژمارەیەکى زۆرى چەکیان کڕی و بەقاچاخ بەرەو ئێران بردیان. لەو بارەیەوەش هەڵسەنگاندنێکى ئەمەریکى لەساڵى ١٩٧٧ دەریخستووە "قەبارەیەکى زۆرى چەکى پێشکەوتوو کەوتووەتە بەردەست تیرۆریستەکان"، وەک هەڵسەنگاندنەکە ئاماژەى پێ داوە "چەکى هێرشبەرى، مووشەکى سوود و قەڵغان بڕی (ئاڕ.پی.جی) و هاوەنی تێدا بووە، ئەمەش نەرمیی لەکارەکانیان و تەکتیکەکانیان ئاسانتر دەکات".

بەڵام ئەو تەکتیکانەى گرووپە چەپەکانى ئێران لە نێوخۆیى وڵاتەکەیان لە ڕێگەى شەڕى پارتیزانى هیچ سەرکەوتنێکى ئەوتۆى بۆ تۆمار نەکرد، بەڵام لەقۆناغی گواستنەوەى پاش داڕمانى ڕژێمەکەى ڕەزا شاه پەهلەوی، شاى ئێران ڕۆڵێکى بەرچاوی دەبێت. گرنگترین سێ گرووپى ئۆپۆزسیۆنى ئێران لەنێو لوبنان ئەو کات کاریان دەکرد بریتی بوون لە "بزوتنەوەى ئازادی ئێران، کە زۆرجار بە ئیسلامییەکى نوێگەرایی وەسف دەکران، بزوتنەوەى موجاهیدینى خەڵق و، ئیسلامییەکانى پشت ئایەتوڵای خومەینى"، کارى ڕێکخراوى فەتح لەگەڵ هەموویان بووە، بەبێ جیاوازی، ئەمەش مانای وا نەبوو کە یاسر عەرەفات پەیوەندییەکى یەکسانى لەگەڵ هەمووان هەبێت، بەڵکو جیاوازی لەو پەیوەندییانەش دەکرد، بەجۆرێک هیچ پەیوەندییەکى لەگەڵ بزوتنەوەى ئازادی ئێران نەبووە، کە هاوپەیمانى موسا سەدر، ڕێبەرى شێعەى ئایینى ئێرانى ـ لوبنانى نەبوو.

فەتح لەو پەیوەندییانە کارێکى تایبەتى لەگەڵ خومەینى هەبوو، لەو ڕێگەیەوەش سێ گرنگترین کەسایەتییەکانى نێو خاکى لوبنان لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە هەماهەنگییان هەبوو ئەوانیش "مەحمەد ساڵح حوسێنى، کە لە عێراق چالاک بوو و، پێش گەیشتنى بەلوبنان لەساڵى ١٩٧٠ لەگەڵ فەتح پەیوەندیی گرێدەدات، جەلالەددین فارسی، کەچالاکوانێکى ئیسلامییەو لەساڵى ١٩٨٠ لەنێو ڕەوتە تەقلیدییەکان خۆى بۆ سەرۆکایەتى کاندید کرد، بەڵام بەهۆى باکگراوندی ئەفغانیبوونى دوور خرایەوە، مەحمەد مونتەزیری، کوڕی ئایەتوڵا حوسێن عەلى مونتەزەرى، کە ڕۆڵێکى باڵاى دەبێت لە ڕابەرایەتى و پەرەپێدانى بیروکەی سوپای پاسدارانى ئیسلامی".

ئەنیس نەقاس، ئەندامی فەتح لەبارەى پەیوەندییەکانى فەتح، باس لەو هەماهەنگییە دەکات کە لەگەڵ ئەو سێ شۆڕشگێرەى ئێران هەیانبووە و، دەڵێت "خومەینییەکان  ترسیان لەهەڵگەڕانەوەى هاوپەیمانەکانیان هەبووە لەدواى سەرکەوتنیان، بۆیە جەلالەددین فارسی، پەیوەندیی پێوە کردووە، پلانێک بۆ بناغەیەکى بنەڕەتى بۆ ڕژێمەکەى خۆمەینى دارێژێت بەتایبەت لەچوارچێوەى سوپایەکى شۆڕشگێری".

ڕەنگە پێکهێنانى سوپای پاسدارانى ئێران، گەورەترین پشکدارى تایبەتى ڕێکخراوى فەتح بێت بۆ شۆڕشی ئێرانى، لەدواى ئەوەش مونەتەزیرى داواى لەعەرەفات کردووە " کادیرەکانى فەتح ڕەوانەى ئێران بکەن، بۆ ڕاهێنانى جەنگاوەرە نوێیەکانى سوپاى پاسداران"، بەڵام ئەو پرسە بەهۆى ناڕەزایی لایەنەکانى حکومەتى کاتیی پرۆسەکە جێبەجێ نەبوون.

راپۆرتەکان ئەو کاتە باسیان لەوە دەکرد، ژمارەیەکى زۆرى فەلەستینى لەئێراندا هەیە، کەئەمەش وای بۆ دوژمنان و خوودی فەلەستینەکان پاوانخوازییەکى فراوانە بۆ فەتح لەنێو ئێران، بەڵام هیچ بەڵگەیەکى سەلمێنراو بۆ ئەو پرسە نەخرایە ڕوو. لوبنان؛ گۆڕەپانێکى سەرەکیی جەنگی پێکگەیشتنى فەلەستینییەکان و ئێرانییەکان بوو، چالاکوانە خومەینییەکانى لوبنان، دژایەتى بزوتنەوەى ئازادی ئێران و موسا سەدری هاوپەیمانیان دەکرد، کەکاریگەرى لەسەر پەیوەندییەکانى فەلەستینیەکان و ئەو بزوتنەوەیەش کردو، دواتر بۆ دژایەتى خومەینیەکان و فەلەستینیەکان لەگەڵ سەدر لە ١٩٧٨ پەرەى سەندو گەیشتە ئاستى "کوشتنی ئەو پیاوە ئاینییە لە لیبیا"، کەئەوکات خومەینى لەگەڵ موعەمەر قەزافی، ڕێبەرى ئەوساى ئەو وڵاتەی باکوورى ئەفریقیا پتەو کردبوو.

عەلى حەسەن سەلامە، یاریدەدەرى عەرەفات بە ڕۆبێرت ئەیمس، ئەفسەری ئاژانسى هەواڵگری واشنتۆن گووت "وا بڕیار بوو سەدر، بۆ یەکلایی کردنەوەى ناکۆکییەکانیان بەچاودێرى قەزافى لەتەرابلوس لەگەڵ ئایەتوڵا مەحمەد بەهشتی، دابنیشێت، بەڵام بەهشتى نەچووە دانیشتنەکە"، بەگووتەى ئەو بەرپرسەى فەلەستین " بەهێشتى داواى لە قەزافی کردووە، سەدر دەستبەسەر بکات و، بە سیخورێکى ڕۆژاوایی و هەڕەشە بۆ خومەینى وەسف کردووە".

لەدواى ونبوونى موسا سەدر، دەستبەجێ پەنجەى تۆمەت ئاراستەى هاوپەیمانەکانى عەرەفات وەک "فارسی و حوسێنى" کران، بەگووتەى ئەوان حوسێنى بە بەرپرسێکى بزوتنەوەى ئەمەل گووت "هاوڕێیەکەتان ناگەرێتەوە". لەپاڵ ڕۆڵى لەناوبردنى سەدر، لیبیا سەرچاوەیەکى گرنگى پارەدارکردنى خومەینى و بزوتنەوەى موجاهیدینى خەلق بووە کە لە یەک کاتدا هەردوو گرووپ پاڵپشتى دەکران، بەڵام لایەنى دووەم لەگەڵ هەڵگیرساندنى جەنگی هەشت ساڵەى ١٩٨٠ – ١٩٨٨ بووە هاوپەیمانى ڕژێمەکەى سەدام حوسێن لەبەغدا دژى تاران.

ئەو هاوپەیمانی و ڕکابەرییە کوشتنەى لە لوبنان دروست بوون، بۆ ماوەى دوو ساڵ لەقۆناغی گواستنەوەى دواى سەرکەوتنى شۆڕش ململانێی و ڕکابەرییەکان بەردەوامییان هەبوو، بەڵام خومەینییەکان توانیان دەستیان لەدەسەڵات زیاتر بەهێزتر بێت. لەو کاتەوە عەرەفات هەستى بەوە کرد "خومەینییەکان، توانایەکى میللیگەری بەهێزیان هەیە لەنێو هێزە شۆڕشگێرەکانى ئێران هەیە، بەو هۆیەوەش هەوڵێکى چڕیداوە، کەناڵە پەیوەندییەکانى لەگەڵ تاران بەکراوە بهێڵێتەوەو، لەهەمان کاتیشدا پێچەوانەوەى ئەوەوە دۆستایەتى خۆى لەگەڵ موجاهیدینى خەڵق نەپچڕاند، کە لەدواى  ١٩٧٩بۆ ١٩٨١  لەگەڵ گرووپە خومەینییەکان لەپێکدادان بوون، پاشان لەگەڵ حزبی کۆمارى ئیسلامی کەدواتر ناوی خۆى کردە حزبوڵا کۆبوویەوە.

هانى فەحس، پیاوێکى ئایینى شێعە مەزهەبی لوبنانى بوو، لەگەڵ بزوتنەوەى فەتح وەک بازنەى پەیوەندی لەنێوان ئەوان و ئێرانییەکان کارى دەکردو باس لەوە دەکات " عەرەفات پەیوەندییەکانى لەگەڵ موجاهیدین وەک نوقرچەیەک دژى ڕژێمى نوێی ئێران بەکار ئەهێنا، ئەگەر بیوستبا داواى شتێکى لێبکەن و بۆی نەکەن".

پێی وابووە ئەو "کردەوەیەى عەرەفات هەڵسوکەوتێکى ڕوون بوو بۆ وڵاتانى عەرەبی و، دەیویست لەگەڵ ئێرانیش دووبارەى بکاتەوە".

بەڵام لەساڵى ١٩٨٠ ڕژێمە نوێیەکەى تاران یاخیبوونەکەى کوردەکانی لەساڵى ١٩٨٠ سەرکوت کرد و، مستەفا تشمیران، وەزیرى بەرگرى ئەوکات (کە هاوپەیمانێکى نزیکى موسا سەدر و ماوەیەکى زۆریش لە لوبنان بوو) تێبینى ئەوەى کرد "کوردەکان هەمان شەڕى پارتیزانى دەکەن، کەفەلەستینیەکان و هاوپەیمانیەکانیان دژى میلیشیاکانى ئەمەل لە لوبنان پەیڕەویان دەکرد، بەڵام دەستێوەردانەکانى عەرەفات لە نێو پرسى ناوخۆیی ئێران جێی خۆشحاڵى خومەینى نەبوو، بەڵکو وەک جۆرێک لەهەڕەشەى دەزانى و، بەخێرایی ڕێگرى لەهەوڵەکانى ڕێکخراوى ئازادیخوازی فەلەستینى لەدەستێوەردان لەبوارى سیاسی ئێران کران.

 

دەستێوەردان قەدەغەیە:

دەستێوەردان قەدەغەیە

فەحس چیرۆکێکی تاڵ لەبارەى پێشکەشکردنى پێشنیارێک لەنێوان خۆى و مەحمەد ساڵح حوسێنى و جەلالەددین فارسی لەبارەى کاروباری دەرەکی ئێران دەگەرێتەوە، بەوەى حوسێنى بەکورتى پێی گووتووە " کاروبارى ئێران پەیوەندی بەئەوەوە نییە". ڕووداوەکەى فەحس جیاواز نەبوو، بەڵکو پرسەکە بۆ عەرەفات و ئەوانى دیکەش دووبارە بووەوە، لەو بارەیەوە یادداشتنامەیەکى هەواڵگرى واشنتۆن لەساڵى ١٩٨٠ هیما بە " ئۆپەراسیۆنێکى چاودێریکردنى نووسینگەکانى ڕێکخراوى فەتح لەئێران دەکات، بەوەى ڕژێمە نوێیەکەى تاران ڕێگرى لەعەرەفات و گرووپەکەى دەکەن دەست وەربدنە نێو کاروبارى ئێرانەوە".

هەوڵەکانى عەرەفات بۆ مامەڵەى سیاسی لەنێو ئێران تاکە هۆکارى تێکچوونى پەیوەندییەکانى لەگەڵ خومەینى نەبوو، بەڵکو ڕێبەرەکەى فەلەستین ویستى سوود لەپەیوەندییەکانى لەگەڵ ڕژێمە نوێیەکە وەربگرێت و ناوبژیوانى لەپرسى بارمتە گرتنى کارمەندانى باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لەتاران بکات، کە ٤٤٤ ڕۆژى خایاند".

دەستێوەردانەکانى عەرەفات خومەینى تووڕە کردو، گومانەکانیشى بەرامبەری زیاتر بوو، کاتێک سەعد سایڵ (ئەبو وەلید) گەورە یاریدەدەرى بۆ تاران دەنێرێت، بۆ ئەوەى ناوبژیوانى بۆ داواکەى ئەمەریکا بکات، بەڵام خومەینى ئامادە نەبوو چاوی پێ بکەوێت. شەڕى عێراق ـ ئێران قەیرانەکەى سەرۆکى ڕێکخراوى فەتح قووڵتر کرد، کە نەیزانى لەچ بەرەیەک بوەستێت، لەنێوان پاڵپشتیکردنى ئێران و ڕەخنە لەعێراق، کەئەمەش باجەکەى لە دەستدانى پاڵپشتى عەرەبی بەتایبەت وڵاتانى دەوڵەمەندی کەنداو بوو.

دوایین جاریش هەوڵیدا ناوبژیوانى لەو پرسە بکات، بەڵام خومەینى سەرقاڵى جەنگێک بوو، کەنیو ملیۆن سەربازی ئێرانى تێدا کوژران و، هیچ خۆیشى لەو پرسە سەرقاڵ نەکرد, عەرەفات لەو باوەڕە بوو دەتوانێت لەیەک کاتدا سوارى دوو ئەسپ بێت و هاوسەنگییەک لەنێوان عەرەب و ئێران دروست بکات، بەڵام بەخێرایی ئەو بیروکەیە فرێدرایە نێو زبڵدانى مێژوو.

لەکۆتاییەکانى ١٩٨١ عەرەفات پێگەى خۆى لەتاران لە دەست دا و، تیرۆرکردنى " مەحمەد مونتەزیرى و مەحمەد ساڵح حوسێنى" هاوپەیمانەکانى کۆماری ئیسلامی لەو ساڵە ڕەوشەکەى ئاڵۆزتر کرد. لەنێو لوبنانیشدا حزبوڵا دەستى بەخۆ تێکەڵکردنەوەو، بەکارهێنانى بەشێک لەپەیوەندییەکانى حوسێنى لەگەڵ بزوتنەوەى فەتح بۆ ڕاکێشانى کادیرى نوێ لەگەنجە شێعەکانى لوبنان لەنێویان (عیماد مەغنیە، کە ئیسرائیل تیرۆری کرد)، بۆ ڕاهێنان لەسەربازگەکانى فەتح، پاشان بوونە بەشێک لەمیلیشیاکانى خومەینى.

لەساڵى ١٩٨٢ سوپاى ئیسرائیل، ڕێکخراوى فەتح لە لوبنان دەکردو، بەرەو تونس بارگەیان پێچایەوە، لەو کاتەش ئێرانییەکان جێگرەوەیان بۆ فەتح لە لوبنان دروستکردو، باڵەکانى حزبوڵایان بەهێزتر کرد. لەدواى سەرهەڵدانى ڕاپەرینى دووەم، عەرەفات بۆ گەڕان بەدواى چەک، پەیوەندی بە ئێرانەوە کرد و، بارهەڵگرێکى "کارین ئەى" لەلوبنانەوە کڕینى و ئێرانییەکان ٥٠ تۆن چەکیان لە ڕێگەى عیماد مەغنیە ڕادەستکرد، بەڵام لەکانوونى دووهەمى ٢٠٠٢ لە لایەن سوپاى ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج.

بیروکەى عەرەفات بۆ هاوسەنگی لەنێوان ئێرانییەکان و عەرەب لەسەربازگەیەکى گەورە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئیسرائیل لەوڵاتە هەرێمایەتیەکان، سەرکەوتنێکى گەورەى لەسەر زەوی دروست نەکرد، ئومێدەوار بووە "ئێران پاڵپشتى تێکۆشانى چەکدارى فەلەستینى بکات"، ئەو خەونەشى هاتە دی، بە جۆرێک ئێستا تاران پاڵپشتیەکى سەرەکیی بژاردەى سەربازی فەلەستینییە لە ڕێگەى پارەدارکردنى ڕاستەوخۆى بزوتنەوەى جیهادی ئیسلامی و حەماس.

ئەوان توانیان لەگەڵ خومەینییەکان پەیوەندییەکى پتەو ببەستن و، پێچەوانەى خەونەکەى عەرەفات، ئێران سەرجەم گرووپە فەلەستینیەکانى کردووەتە بریکارى خۆى و، ڕێکخراوى فەتحیش لە پەراوێزێکى هەرێمایەتى گۆشەگیر کردووە.