Skip to main content

بۆچى ئێران لە لوتکەى باڵاى جیهانیی وارشۆ تۆقیوە؟

بۆچى ئێران لە لوتکەى باڵاى جیهانیی وارشۆ تۆقیوە؟
هاوینێکى گەرم چاوەڕوانی ئێرانە
posted onJanuary 22, 2019
nocomment

 

دیپلۆماتێکى پێشووى کۆمارى ئیسلامی ئێران لە نووسینگەى ئەورووپاى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە "لوتکەى وارشۆ جێی گاڵتەکردن نییە"، هاوکات هۆشداریشى لە هاوینێکى زۆر گەرم بۆ وڵاتەکەى داوە"، کە هەماهەنگە لەگەڵ هەوڵەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کۆکردنەوەى زۆربەى وڵاتانى جیهان بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڕژێمى ئێران.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە لە ڕۆژانى ١٣ و ١٤ مانگی شوبات (ڕێبەندان)ى داهاتوو لە پایتەختى وارشۆ، لوتکەیەکى باڵاى جیهانى بۆ تاوتوێکردنى "تیرۆری ئێران"، لە جیهان بەرێوە بچێت. عەلى خورامی، لە میانەى لێدوانەکدا کە میدیاکانى تاران وایان لێکداوەتەوە وەڵامێکە بۆ لێدوانەکانى مەحمەد جەواد زەریف کە گاڵتەى بەو لوتکەیە دەکرد و بە (سێرک) وەسفی کرد. گووتیشى "ئەو لووتکەیە گاڵتە نییە و لە چوارچێوەى هاوێنێکى زۆر گەرم دێت، کە زۆربەى هەڵۆکانى واشنتۆن باسیان لێوە کردووە".

خورام لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەرى دیپلۆماسیی ئێران باسى لەوەش کردووە "ئامانجی ئەو گردبوونەوەیە ئاگادارکردنەوەى جیهانە لە هەوڵە شەڕانگێزەکانى ئەمریکا" کە بەو شێوەیە وەسفی پرسەکە دەکات. لەدواى کشانەوەى واشنتۆن لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران و گرووپی ٥ + ١ کە ساڵى ٢٠١٥ واژوو کرابوون، کۆمەڵێک سزای بەسەر تاران سەپاندەوە و، هۆکارى کشانەوەکەشى بۆ سیاسەتى شەڕانگێزەى ڕژێمى ئێران و بەرنامە ئەتۆمی و بالیستییەکانى گەڕاندەوە.

سزاکانى کۆشکى سپی، کۆمەڵێک ئاڵۆزی و ئاستەنگی زیاتری بۆ سیاسەت و ئابوورى کۆمارى ئیسلامی دروست کرد، بە جۆرێک نیمچە ئیفلیجییەکى کردووە و تواناى هیچی نەماوە، جگە لەبەردەوامیی سیاسەتە شەڕانگێزەکانى لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. ئەمەش وای لەزۆربەى بەرپرسانى ئەو وڵاتە کردووە، بەهۆشداریی و توڕەییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانە بکەن کە پەیوەندییان بە ئایندەى ڕژێمەکەیان هەیە.

هەرچەندە کەمال خەرازی سەرۆکى ئەنجومەنى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئێران، ڕەخنەى تووندی لە دواکەوتنە بەردەوامەکانى ئەورووپا گرتووە بەوەى "کەناڵى تایبەت بە مامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاران کە بە SPV ناسراوە دواخستووە"، بەڵام لەبیرى چووە بە هۆى هەوڵە تیرۆریستییەکانى کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆى  یەکێتى ئەوروپا لە سەرەتاى ئەمساڵەوە کۆمەڵێک سزای نوێ بەسەردا سەپێنراوە و، پرسى درێژەدانیش بەو مامەڵەیە کەوتۆتە ژێر لێکۆڵینەوەى بەرپرسانى برۆکسێل.

 لوتکەى باڵاى جیهانیی وارشۆ

خەرازی، تەگەرە خستنە نێو ئەو مامەڵە بازرگانییە بە لوتکە چاوەڕوانکراوەکەى وارشۆ بەستۆتەوە، بە جۆرێک ئاژانسی هەواڵى ئێرانى (ئیرنا) لەسەر زارى بڵاوی کردووەتەوە کە "ئامانجەکانى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا تەنها لەوە نییە کە فشار بخاتە سەر ئێران، بەڵکو هەوڵ دەدات ئەوروپا لاواز دابەش بکات".

بە گووتەى خۆى "جموجۆڵەکانى ئەمریکا بۆ کۆبوونەوەیەک دژى ئێران لە پۆڵەندا (لهێستان)، هاوکاتە لەگەڵ قووڵکردنەوەى ناکۆکییەکان لە نێوان وڵاتانى ئەوروپا". ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دامەزراندنى کەمال خەرازی، لە پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى ستراتیژی بۆ پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئێران بەبڕیاری عەلى خامنەیی، ڕابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامی بووە، هاوشێوەى وەزارەتى دەرەوەى حکومەتەکەى حەسەن ڕوحانی سەرکۆمارە و، سەرجەم ئەندامانیشى لەپیاوانى نزیک خامنەیی و بەدەسەڵاتى ئەویشەوە جێگیر کراون. کاری سەرەکیی ئەو ئەنجومەنەش مامەڵەکردنە لەگەڵ کەیسە هەستیارەکانى دەرەوەى وڵات.

خەرازی پێی وایە "ئەمریکا دەیەوێت فشارێکى زۆر بخاتە سەر ئەوروپا، بۆ ئەوەى ئەو ناوچەیە ملکەچى دەسەڵاتەکانى خۆی بکات". هۆشداریشى لەوە داوە کە ڕێککەوتننامەى ئەتۆمى تووشى شکستهێنان دەبێتەوە و، ئاسایشى ئەوروپاش دەکەوێتە مەترسییەوە.

ئەو بەرپرسەى تاران ئامادەش نەبووە، باس لە کردەوە تیرۆریستییەکانى سوپای پاسدارانى وڵاتەکەى بکات لە فەڕەنسا، هۆڵەند و دانیمارک، کە لە ساڵى ٢٠١٨ خەریکى داڕشتنى پیلانى تیرۆرکردن و تەقاندنەوەى گردبوونەوەکانى هێزەکانى ئۆپۆزسیۆن و تیرۆرکردنى نەیارانى ڕژێمەکەى کە هەریەک لە بەلژیک، هۆڵەن کۆمەڵێک دیپلۆماتی باڵاى تارانیان بەو هۆیەوە دەستگیر کرد.

ئەوروپا دواى کشانەوەى کۆشکی سپی لە ڕێککەوتننامەکە کەلە ئایار (بانەمەڕ)ى ٢٠١٨ دەستى پێ کرد، مامەڵەی مردوویان لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنە کردووە و، تا ئێستا نەیانتوانیوە هیچ چارەسەرێکی گونجاوی بۆ زیندووێشتنەوەى ڕێککەوتنەکە بدۆزنەوە. لە چەند ڕۆژى ڕابردووش لەگەڵ ڕاگەیاندنى لوتکەیەکى باڵا، بەرپرسانى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی هێرشێکى تووندیان کردووەتە سەر وارشۆ و بە "کردەوەیەکى دوژمنکارە" ـیان وەسف کردووە.

مایک پۆمپئۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا، لە میانەى گەشتە دیپلۆماتییەکەى تیشکى زیاترى خستە سەر "مەترسیی تیرۆرییەکانى ئێران" و، بەنیازیشە زۆرترین وڵات بە تایبەت لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دژى تاران کۆ بکاتەوە. هەرچەندە تاران دژى هەوڵەکانى وارشۆ تووندتر کرد، بە جۆرێک وەزارەتى  دەرەوەى حکومەتى ئێران بانگهێشتى بەرێوەبەرى کارەکانى باڵیۆزخانەى پۆڵەندى کردووە، بەڵام هیچ سوودێکى نەبووە بۆ پاشگەزبوونەوەى ئەو وڵاتە لە ڕێکخستنى لووتکە چاوەڕوانکراوەکەى شوبات (ڕێبەندان).

 لوتکەى باڵاى جیهانیی وارشۆ دو

بۆ دڵدانەوەى خۆشیان باسیان لەوە کردووە "وارشۆ لە پێناو کڕینى غازی سروشتى ئەمریکا لە برى ڕووسیا ئامادەییان نیشان داوە لووتکەیەکى لەو جۆرە لە خاکەکەیان بەڕێوە بچێت". لەلایەکى دیکەوەش چالاکوانە ئێرانییەکان ئومێدیان وایە لووتکەى وارشۆ هاوشێوەى کۆنگرەى "گوادلۆپ" بێت کە لە ٤ – ٧ کانوونى دووەم (بەفرانبار)ى ١٩٧٩ لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان، شانەشینى یەکگرتوو و فەڕەنسا و ئەڵمانیاى ڕۆژاوا بەرێوە چوو کە گوایە بڕیارى "ڕووخاندنى شاه لەو کۆنگرەیە دەرچووە"، بۆیەش بەرپرسانى ئێرانى لە لووتکەیەکى لەو شێوەیە تۆقیون.

زاراوەى "هاوینێکى گەرم" لەسەر زارى چاودێرە ئێرانییەکان بەشێوەیەکى بەردەوام دەگووترێتەوە، تەنانەت بەشێک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانیش بەکاریان هێناوە، ئەمەش لە دواى لێدوانێکى خامنەیی دێت کە مانگی ڕابردوو ئاشکراى کردووە "ئەمریکا خۆی بۆ هاوینێکى گەرم لە ئێران ئامادە کردووە". بە بۆچوونى خامنەیی "وڵاتەکەى توانى بەسەر پرۆژەى ئەمریکا سەربکەوێت، کە نیازی وایە ڕژێم بگۆرێت"، هاوکات هۆشداریی بە گەلەکەى و لایەنگرانیشى داوە لە دووبارەکردنەوەى ئەو پیلانە لە هاوینى داهاتوو، بەڵام هەر خودی خامنەییش هەفتەى ڕابردوو ئاشکراى کرد "سزاکانى واشنتۆن کاریگەرى مەترسیداری لەسەر ڕەوشى وڵاتەکەى دروست کردووە".

خامنەیی بە بێ لێکۆڵینەوە لە هۆکاریان لەگەڵ بەرپرسانى ڕژێمەکەى خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانى گەلى ئێران دژى برسێتى و بێکارى و هەژارى کەوتنەتە سەر شەقامەکان، تۆمەتی " دەستی دەرەکی" خستۆتە سەریان. ئەو خەڵکەش خۆپێشاندانیان ئەنجام داوە، داواى باشترکردنى ڕەوشى ئابووری و بژێوى ژیانیان دەکەن، کە بە هۆى گەندەڵى و تاڵاننەکانى حکومەت لە ناوخۆ ڕووبەرووى قەیرانێکى مەترسیدار بوونەتەوە.

ئاگادارى ئەوەشن، زۆربەى سامانەکانیان بۆ پاڵپشتیکردن و پارەدارکردنى میلیشیاکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست خەرج دەکرێت و ڕژێمەکەیان خەریکى ئۆپەراسیۆنى سەرکێشییە لە دەرەوەى سنوورى خۆى.