Skip to main content

نەتانیاهۆ باسى هێرشکردنە سەر ئێران دەکات

نەتانیاهۆ باسى هێرشکردنە سەر ئێران دەکات
posted onJanuary 16, 2019
nocomment

 

سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل ددان بە هێرشى فڕۆکە جەنگییەکانى وڵاتەکەى دژى مۆڵگە و پێگە سەربازییەکانی حزبوڵای لوبنانى و کۆگاکانى ئێران لە نزیک دیمەشق پایتەختى سووریا دەنێت.

 

بینیامین نەتانیاهۆ، لەمیانەى کۆبوونەوەى هەفتەى حکومەتەکەى بە میدیای وڵاتەکەى ڕاگەیاند "هێزە ئاسمانییەکانى تەلئەبیب لە ماوەى ٣٦ کاتژمێری ڕابردوو، هێرشیان کردە سەر کۆگاکانى چەکى ئێرانى لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى دیمەشق".

ڕوونیشی کردەوە "سوپاى ئیسرائیل، سەدان جار هێرشی کردووەتە سەر ئامانجەکانى ئێران و حزبوڵا". نەتەنیاهۆ گووتیشى " لە کۆى گشتى هێرشەکانی ئەمدواییدا دەردەکەوێت، خۆمان ڕێکخستووە  بۆ ئەوەى هەر کاتێک ئێران بیەوێت لەسووریا خۆى جێگیر بکات، بکرێتە ئامانج ".

بەرەبەیانى شەممە ١٢ کانوونى دووەم (بەفرانبار)؛ ئاژانسى هەواڵى سووریاى فەرمی (سانا) کۆمەڵێک گرتەى ڤیدیۆیی لەنێو هێزی بەرگرى وڵاتەکەى نیشان دا کە ڕێگرییان لە مووشەکانى ئیسرائیل دەکرد کە بەئاراستەى ناوەڕاستى دیمەشق هاوێژرابوون. سانا ئەوەشى گووت "فرۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل، چەندین مووشەکى بە ئاراستەى پایتەخت هاوێشتووە"، دووپاتی دەکاتەوە "بەرگرییە ئاسمانییەکانى سووریاش زۆرینەیان خستۆتە خوارەوە".

لەلایەن خۆیەوە تۆڕى سووریا بۆ مافی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە "هێرشەکانى ئیسرائیل، کۆگاو موڵگەکانى حزبوڵای لوبنانى و ئێرانى لە دیمەشق کردووەتە ئامانج". ئەو تۆڕە لە سەرچاوە ناوخۆییەکانى خۆیدا زانیارییەکانى بەدەست هێناوە هێما بەوە کردووە "بەشێکى ئەو مووشەکانە ٣ ئامانجی لە هەردوو ڕیفی ڕۆژاوا و باشوورى ڕۆژاواى پایتەختى کردووەتە ئامانج، کە بریتییە لە کۆگاى چەک و جبەخانەى حزبوڵای لوبنانی و میلیشیاکانى ئێران".

لەم چەند مانگەى کۆتاییشدا تەلئەبیب، چەندین جار هێرشى ئاسمانى بۆ سەر موڵگە سەربازییەکانى سووریا و هاوپەیمانانى ئەنجام داوە کە زۆرینەیان لەلایەن سوپاى پاسدارانەوە بەرێوە دەبرێت. بە ئاستێک لە دواى ٢٠١٣ ـەوە، فرۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل دەیان هێرشى ئاسمانییان ئەنجام داوە، بەبێ ئەوەى دیمەشق یاخود تاران، تواناى وەڵامدانەوەى ئەو هێرشانەیان هەبێت، هەموو کاتێکیش فرۆکەکانى تەلئەبیب هێرشی کردبێت، ئامانجەکانى بەوێرانکراوى جێهێشتووە.