Skip to main content

دەروێشەکەى خامنەئی بۆ دوور خرایەوە؟

دەروێشەکەى خامنەئی بۆ دوور خرایەوە؟
posted onJuly 13, 2022
nocomment

ئامادە کردنى : ئاڤا تودەى

ئەگەر حوسێن تائیب، سەرۆکى دەزگاى هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێرانی، یەکێک بوو لەکەسە هەرە نزیکەکانى عەلى خامنەئی، رێبەرى باڵای کۆماری ئیسلامی، بۆ بەو شێوەیە لەکتوپڕدا لەپۆستەکەى دوورخرایەوە؟

گۆڤاری فۆرێن پۆلیسى ئەمەریکى راپۆرتێکى تایبەتی بە ناوی "بۆ عەلی خامنەیی، بەڕێوەبەرە بەوەفاکەی ئیتلاعاتی دوورخستەوە؟" کە لەلایەن سەعید جولکار، مامۆستای یاریدەدەری  زانستە سیاسییەکان و خزمەتگوزارییە گشتیەکانى زانکۆی تێنیسى ئەمەریکى لەشارى چاتانۆگا و کیسراى ئەعرابی و توێژەرى  ناجێگری پەیمانگەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئامادە کراوە.

لەقۆناغی یەکەمدا دوورخستنەوەکە وا نیشان دەدرێت کەبەهۆى شکستە بەردەوامەکانى ناوبراو بووە لەبەرامبەر جەنگە شاراو و نهێنیەکانى تاران لەگەڵ ئیسرائیل، کەدواهەمین شکستى ئەو سەرکردەیە تیرۆر کردنى سەیاد خودایی، یەکێک لەئەفسەرە باڵاکانى سوپای پاسداران بووە لەناو جەرگەى تاران لەدوا ڕۆژەکانى ئایاری ڕابردوودا.

پاش نیوەڕۆی٢٢ی ئایار،  بەرامبەری ماڵی سەیاد خودایی لە لایەن دوو ماتۆرسوار تەقە لەعەقید خدایی کرا و تیرۆریان کرد .

حوسێن تائیبی دوورخراو، کێیە؟

لەو چوارچێوەیە، دوورخستنەوەی لەناکاوى " حوسێن تائیب" لەبەرزترین پۆستى باڵاى ئیتلاعاتی سوپای پاسداران شۆکێک بوو بۆ هەمووان بەتایبەت ئەوانەى لەنێو بازنەى ئەو رژێمە دەجوڵێنەوە، کەمینەیەکى زۆر بچووک شارەزاییان لەکاروبارەکانى رژێمى تاران هەیە و ئاگاداری نهێنیەکانی ئەو دەوڵەتەن، لەو کەمینەیەش گرووپێکى زۆر بچووکتر تواناى بینیى ڕاستەوخۆى خامنەییان هەیە، تاڵیب کەجێی متمانەى موجتبی خامنەییە، یەکێک بووە لەو کەسانە.

تائیب، لەسەرەتاکانى شۆڕشی ئیسلامییەوە پەیوەندی بەسوپای پاسداران کرد و ئەندامێکی کۆنی دامەزاروە ئەمنی – هەواڵگرییەکانیش بووە، سەرەتاى کارەکانى بەکۆمەڵێک شکستى و نسکۆوە دەستى پێکرد، بۆیە لە وەزارەتى ئیتلاعات دواى بەئامانجکردنى کوڕی هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆکی پێشووتر لەپۆستەکەى دوورخرایەوە، بەڵام دوورخستنەوەى ئەمجارەی زۆر دوورترە لەهۆکارە بنەڕەتیەکان کەئەویش شکستێکى دیکەى ئەرکرکانی بێت، بەڵکو لە ڕاستیدا تائیب هۆکارێکى سەرەکی ناکۆکییە نهێنیەکانی نێوان خامنەیی و رەفسەنجانی بوو.

لەیەکەمین دوورخستنەوەی ناوبراو جوان لەوە تێگەیشت کە کارتى براوەى ژیانى عەلی خامنەییە، بۆیە پەیوەندییەکانى لەگەڵیدا چڕتر کرد و کارەکانى لەئیتلاعاتی نووسینگەى رێبەرایەتى بەڕیوە برد، سەرۆکایەتى ئاژانسى هەواڵگری سایبری لە ئەستۆ گرت ولەساڵى ٢٠٠٨ بوو بە فەرماندەى هێزەکانى بەسیج، کەمیلیشیاییەکى مەدەنی سوپای پاسدارانە و ئەرکەکەشى رێکخستن و ئامادەسازیی ئەو هێزەیەە بەپێی خواستى خامنەئی.

خۆپێشاندانەکانى بزوتنەوەى سەوزی دژى حکومەت لەساڵى ٢٠٠٩، کەبەهۆى دەستێوەردان و ساختەکردن لە  هەڵبژاردنى سەرۆکایەتی سەریهەڵدا، خاڵى وەچەرخان بوو بۆ ئەو و سوپای پاسداران لەبوارى ئیتلاعات، وەک راپۆرتێکى فۆرێس پۆلیسی باسى لێوەکرد.

پێشتر بەشداریکردنى سوپاى پاسداران لەبوارى ئیتلاعات، تەنها لەچوارچێوەى کاروباری سەربازی بوو، وەک چەند فەرمانگەیەکى بچووک، بەڵام پاش خۆپێشاندانەکان، دەسەڵاتى زۆر چڕتر و فراوانتر بوو بەبەراورد بەوەزارەتى ئیتلاعات  وەکوو کۆکردنەوەی زانیارییەکان و سەرکوتکردن و بەکارهێنانى تووندوتیژی دژ بەخۆپێشاندەرانى شەقام.

پاشان خامنەئی  بەرێوەبەرایەتى ئیتلاعاتی سوپاى پاسدارانى کردە " دامەزراوەى ئیتلاعاتی سوپای پاسداران".

تائیب بەرامبەر بە خزمەتە گەورەکەى لەسەرکوتکردنى خۆپێشاندەران، پادداشت کرا و بوو بە سەرۆکى دەزگاکە و بۆ ماوەى ١٣ ساڵیش پارێزگارى لەپۆستەکەى کرد.

کەسێکى نزیک لەخامنەئی بۆچى دوور دەخرێتەوە؟

دوو پرسیاری بنەڕەتی دێتە ئاراوە لەوەى پاڵنەرە سەرەکییەکان  لەدوورخستنەوەى تائیب چین ؟ و پەیامی ئەم دوورخستنەوە بۆ ناوەندی دەسەڵاتدارێک وەک سوپای پاسداران چییە؟

تاوەکو ئێستا باسی سێ گریمان کراوە و وەڵامدانەوەى ئەو دوو پرسیارە لە ئارادایە، یەکەمیان پەیوەندیی هەیە بە ناکارامەیی دەزگاى ئیتلاعاتی پاسداران لەبەڕەنگاربوونەوەى دەزگا سیخۆڕییە بیانیەکان بەتایبەت ئیسرائیل، لە ڕاستیشدا ژمارەیەک گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەى خوودی تائیب سیخورێکى مووساد بووە ئەمەش لەسەر زاری گۆڤارێکى ئەمەریکى بڵاو بووەتەوە.

سەرەڕاى ئەوەى هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتى تیرۆرکردنی خودایی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام " شەڕە نهێنیەکەى سیخورەکان" نێوان تاران و تەلئەبیب چەندین ساڵە بەردەوامیی هەیە و میدیا ئیسرائییلەکانیش پێیان وایە تیرۆرەکە " شوێنى پەنجەى مووسادی پێوە دیارە، هەندێک لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنییەکان و تەنانەت سیاسییەکان بە بێ ئەوە ناویان بڵاوبکرێتەوە زانیارییەکان دووپات دەکەنەوە.

گریمانی دووەم بەگووتەى فۆرێن پۆلیسى "پەیوەندیی بەجێگرەوەى رێبەرى باڵاوە هەیە و لایەنگرانى ئەم گریمانەش دەڵێین لە دژی تائیب کودتا کراوە، پەیوەندیی بەهاوسەنگی هێزى دوو ڕکابەرى گەورە هەیە کە یەکێکیان کوڕەکەى خامنەییە و ئەویتریش ئیبراهیم رەئیسیە، سەرکۆماری ئێستا"، بەڵگەشیان، گێڕانەوەکەى خوودی سوپای پاسدارانە، کەدەڵێت " پرۆسەکە کارێکى رۆتینیە، بۆ ئەوەى خوێنى تازە بخزێتە نێو دامەزراوەکەیان".

هەموو ئەو گریمانانەی سەرەوە باسیان لێوە کراوە، تاڕادەیەک جێی متمانەن، بەڵام وێنە گەورەکەیان نەبینیوە، نابێ بەو شێوە بڕوانینە گۆڕینى تائیب، پرۆسەکە پەیوەندیی بەپەیکەربەندییەکى درێژخایەن و هەرە گەورەی دامەزراوەى سەربازی – ئەمنی کۆمارى ئیسلامییە، کە لەساڵى ٢٠١٩ ـەوە بەناونیشانى "قۆناغی دووەمى شۆڕشی ئیسلامی" دەستى پێکردووە.

خامنەئی ئەو پلانەى داڕشتووە بۆ ئەوەى کۆمارى ئیسلامی بۆ دەیەکانى داهاتوو درێژە بکێشێت و ئایدیولۆژییەکەی لەلایەن تاکەکەسەکان و بەبنەماڵەکان بەڕێوە بچێت، هەنگاوەکانیشى لەدواى ١٩٨٩ دەست پێدەکات، کاتێک دەبێتە رێبەر، بۆیە لەسەرەتاى دەستبەکاربوونەوە، کۆمەڵێک تووندڕەو لەدەوروبەرى خۆى جێگیر دەکات، تاوەکو گەرەنتى ئایدلۆژییەکەى پاش مردنیشی درێژە بکێشێت.

بۆیە لەسێ ساڵى ڕابردوو ئەوەمان بەچاوى خۆمان بینی کە پرۆسەى گۆرینى زۆربەى سەرکردە سەربازییە – ئەمنییەکان دەستى پێکرد، لەنێویان فەرماندەى گشتى سوپاى پاسداران و میلیشیاکانى بەسیج، تەنانەت لەنێو پۆلیسی نیشتیمانیش، کەئێستا سەرکردەکەى زۆر بەهێزترو دەست بڵاوترە لە کاتی پێش خۆی.

پەیامەکەى خامنەئی لەدوورخستنەوەى تائیب چیبوون؟

رێبەرى ئێران دەیەوێت لەرێگەى گۆرینى تائیب کۆمەڵێک چۆلەکە بەیەک بەرد بکوژێت یەکەمیان؛ سەرەڕاى تائیب یەکێکە لەدەروێشەکانى خامنەئی، بەڵام بەچاوی کەسێکى دەسەڵاتدار و گومانلێکراو لێی دەڕوانى، چونکە دەسەڵات و هێزە بەرفراوانەکەی، ئەگەرى ئەوەی دروست دەکرد پرۆژەکەى خامنەئی کە بە بنەماڵە کردنى دەسەڵاتەکەى لە بنچینەوە لە ناو بەرێت.

دووهەمیان؛ ئایەتوڵلا پیرەکەى تاران لەهەمانکاتدا دەیەوێت پاکسازی لەنێو دەزگاى هەواڵگرى بکات، لەهەلە ترسیر دزە پێکردنێکى دەرەکی، بۆیەش مەحمەد کازمی، سەرۆکى پێشووى یەکەى بەرەنگاربوونەوەى سیخوری نێو پاسداران دەخاتە شوێنى تائیب.

هاوکات هەواڵێکى دیکەشی رێبەر ئەوەیە پاش ئەو هەموو شکست و گورزەى لێی دراوە، لەرێگەى کازمییەوە، پەردەپۆشیان بکات و کاراتر ئەرکەکانى جێبەجێ بکات، جگە لەوەش سەرۆکى نوێ کار بۆ هێنانە پێشەوەى خوێنى نوێ بۆ دەزگا هەواڵگرییەکەى بکات، تاوەکو بەژیرانەتر و تووندتر ئەرکە سەرکووتکەرانەیان ئەنجام بدەن.

لەلایەکی دیکەشەوە کۆى گشتى پرۆسەکە و وێنە گشتیەکەى نێوخۆى ئەو وڵاتە گۆشەگیرکراوە، پەیوەندییەکى ناڕاستەوخۆى بەرێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥ ـەوە هەیە، کە بەختی گەیشتن بەرێکەوتنێکى نوێ لەناوچووە و رێبەر دەیەوێت لەرێگەى ئایدلۆژیا تووندڕەوەکەى رژێم پتەوتر بکات و گەیشتووەتە ئەو باوەڕە تاکە چارەسەرى مانەوەى لەپۆستەکەى، ئەوەیە کە رژێمەکەى بەرەو دەمارگرژییەکی زۆرتر ببات و پەراوێزتری بکات.

چونکە  خۆی و بازنە تەسکەکەى نێو رژێمەکەى گەیشتە ئەو باوەڕەى ئیدارەى بایدن، زۆر جددی نین لەگەیشتن بەرێکەوتنێک بەو شێوەیەى تاران دەیەوێت، پێی وایە لە هەڵبژاردنە نیو وەرزییەکەى کۆنگرێسی ئەمساڵ و سەرۆکایەتیەکەى کوشکی سپی کەبڕیارە لە ٢٠٢٤ بەرێوەبچێت،  باشترین کاتە بۆ ئەوەى بەرنامە ئەتۆمییەکەى چالاکتر بکات و هەنگاوی زیاتریش بهاوێت بۆ پاراستنى وێستگە و زاناکانى لەهەر گورزێک لێیان بدرێت.

بۆیە تائیب کەمەترسیدارترین سەرکردەى سەرکووتکاری رژێمى کۆماری ئیسلامی بووە، دوورخستنەوەشى هەرچییەک بێت، بەڵام تەنها هەناسەدانێکى ناوخۆییە بەرامبەر ئەو تاوانانەى بەرامبەر گەلەکەى ئەنجامیداوە و سنووردار کردنێکیشە بۆ چالاکییە سەربازییە دەرەکییەکانى تاران.

لەسەر ئەو بنەمایەش پێشبینى ئەوە دەکرێت، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەنێوخۆی وڵاتدا زۆر سەرکوتکەرتر دەبێت و هەوڵیش دەدرێت بۆ قەرەبوو کردنەوەى شکستەکانى تائیب کارى ئاژاوەگێری لەدەرەوەى وڵات ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەى رێگەیەک بۆ ئەنجامدانى گرژیی هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى دروست بکەن.