Skip to main content

ئەلمۆنیتۆر: عێراق خەریکى نێونجگیرییە لە نێوان کۆمارى ئیسلامى و عەرەبستان

ئەلمۆنیتۆر: عێراق خەریکى نێونجگیرییە لە نێوان کۆمارى ئیسلامى و عەرەبستان
AvaToday caption
posted onMay 13, 2022
nocomment

🌐  ئاڤاتودەی

 بابەتێک لە ئەلمۆنیتۆر لەسەر نێونجگیرى عێراق لە نێوان عەرەبستان و کۆمارى ئیسلامى بڵاو بووەتەوە کە لێرەدا سەرنجتانى بۆ بەشێک ڕادەکێشین.

 

 عێراق پێنجشەممەى ڕابردوو میواندارى پێنجەمین خولى گفتوگۆى نێوان کۆمارى ئیسلامى و عەرەبستانى لە بەغدا کرد. پاش نزیکەى ساڵێک گفتوگۆ، ئەم دیدارە پێشکەوتنێکى بەرچاوى بە خۆیەوە بینیوە، چونکە هەردوو وڵات لەسەر نەخشەڕێیەکى گشتى بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان ڕێک کەوتوون.

هەواڵدەرى نوور نیوز، وێنەیەکى لە دواهەمین دیدار بڵاو کردووەتەوە کە نیشان دەدات سەرۆکوەزیرانى عێراق لە نێوان خالد بن عەلى ئەلحەمیدان بەڕێوەبەرى گشتى بەڕێوەبەرایەتیی زانیارى عەرەبستان و یەکێک لە بەرپرسە پلەبەرزەکانى ئەنجوومەنى ئاسایشى نیشتمانى کۆمارى ئیسلامى وەستاوە.

فوئاد حوسەین وەزیرى کاروبارى دەرەوەى عێراق لە گفتوگۆیەکى تەلەڤزیۆنى لە ٢٦ى ئەپرێل گوتی خولى پێنجەمى گفتوگۆکان پێشکەوتنى گەورەى بە خۆیەوە بینیوە و هەردوو لا لەسەر چەند بابەتى گرنگ ڕێک کەوتوون. ئەم وەزیرە کوردە کە سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستانە، پشتڕاستى کردووەتەوە کە "دانیشتنى دواتر، لە ئاستێکى گەورەتر بەڕێوە دەچێت".

نوور نیوز پێشبینى کردووە کە وەزارەتى دەرەوەى هەردوو وڵات بەم زووانە دادەنیشن. هەروەها ڕۆڵى عێراق و عەمان لە ڕەوتى ئاساییکردنەوەى گفتوگۆکانى نێوان ئەم دوو قوتبە ئایینییە (شێعە و سوننە)، گرنگ و ڕێزلێنراوە لە لایەن هەردوو وڵات. سەعید خەتیب زادە وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامى، دووشەممە بە پشتڕاستکردنەوەى ڕۆڵى عێراق و عەمان، پێشبینى کرد کە ئاستى نوێنەران لەم گفتوگۆیانە زۆرتر دەبن و پێشکەوتنى خێراتر لە بوارەگەلى جیاواز لەم گفتوگۆیانە دێتە بەرهەم.

عێراق و ئێران و سعودیە

فوئاد حوسەین ڕۆژى دووشەممە گوتى کۆمارى ئیسلامى و عەرەبستان لە دواهەمین خوولى گفتوگۆکەیاندا یادداشتێکى ١٠ مادەییان نووسیوە. ئەم لێکتێگەیشتننامەیە ئەم شتانە لەخۆ دەگرێت: ڕێکخستنى بەشدارى ئێران لە مەراسیمى ئایینى حەج، ڕێگەپێدانى هەردوو وڵات لە سەردانى شاندێک لە باڵیۆزخانە و کونسواگەرییەکانیان بە مەبەستى ئامادەکارى بۆ کردنەوەیان، کردنەوەى ئۆفیسی کۆمارى ئیسلامى بۆ ڕێکخستنى هاوکارى ئیسلامى لە باڵیۆزخانەکەى لە ڕیاز.

عەرەبستانى سعودیە لە ژانویەى ٢٠١٦، پاش هێرشى بەکرێگیراوەکانى کۆمارى ئیسلامى بۆ سەر باڵیۆزخانەکەى لە تاران لەبەر ئیعدامى ڕوحانیی شێعە نەمر ئەلنەمر لە لایەن ڕیاز، پەیوەندیی خۆى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى پچڕاند. هەڵبەتە یەمەن بەشێکە لە گفتوگۆکانى هەردوولا، بەتایبەت ئەم گەڕەى گفتوگۆکان دواى چەند حەتوویەک لە ئاگربەس ئەنجام درا کە دەرفەتێکى بۆ گفتوگۆى ئاستى لە نێوان سعودی و حوسییەکانى سەر بە سوپاى قودسى پاسداران کردەوە.

شەڕى هەشت ساڵەى یەمەن گرنگى زۆرى بۆ گفتوگۆکان هەیە، چونکە عەرەبستان پشتیوانى دەوڵەتى یەمەنە بە سەرۆکایەتى عابد ڕەبە مەنسوور هادى لە باشوور و کۆمارى ئیسلامیش لە بەرامبەردا پشتیوانى دەوڵەتێکە بە ڕابەرایەتى حوسییەکان لە باکوور.

پێشکەوتن لە دواگەڕى گفتوگۆکانى کۆمارى ئیسلامى و عەرەبستان، لە کاتێکدایە کە ئاگربەسى نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ یەمەن چوار حەوتووى بەسەردا تێدەپەڕێت و تا ئێستاش درێژەی هەیە. عێراق سەرەڕاى خانەخوێیی و میوانداریەتیی گفتوگۆى کۆمارى ئیسلامى و عەرەبستان، ساڵى ڕابردوو کۆنفڕانسێکى ناوەچیی بەست کە شاهیدى دیداریی مێژوویی ئەمیرى قەتەر، تەمیم بن حەمد ئال سانى و عەبدولفەتاج سیسى سەرکۆمارى میسر بووین تێیدات دواى ١٥ ساڵ لە پچڕان و نەبوونى پەیوەندییان.

ئێستا نێونجگیرى عێراق لە دوو لاوە جێگەى سەرەنجە:

یەکەم: عێراق لە ڕووى دیپلۆماسییەوە، مافى خۆیەتى هەوڵى ئاشتکردنەوەى دراوسێکانى بدات بۆ ئەوەى نەبێتە گۆڕەپانى کێشە و مشتومڕ و شەڕەکانیان و سنوورەکانى ئارام بێتەوە.

دووەم: سەرنجى ئەمریکا و هەرێمى کوردستان لەم گفتوگۆیانە دیار نییە، بەوەى کە وەزیرى دەرەوە کوردە و سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستانە و لە هەمان کاتیشدا بەوەى کە ئەمریکا و پارتى هەردووک وەک بەربەست و پووچەڵکەرەوەى زۆرێک لە پیلانگێڕییەکانى کۆمارى ئیسلامى نێویان دەڕوات، ئێستا لەم گفتوگۆیانە بێ سەرەنجن و ئەمەش نیشاندەرى ئەوەیە کە هەردووکیان ڕازین بە نێونجگیرى عێراق و ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى کۆمارى ئیسلامى و عەرەبستان.