Skip to main content

ئێران تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خۆى حەڵال بۆ گەلی حەرام کردووە

ئێران تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خۆى حەڵال بۆ گەلی حەرام کردووە
ئێرانییەکان متمانەیان بە سیستەمە ناوخۆییەکان نییە کە ئیتلاعات و سوپای پاسداران کۆنترۆڵیان کردووە
posted onJanuary 2, 2019
nocomment

 

باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئەڵمانیا لەبارەى کردنەوەى هەژمار لە تۆڕی کۆمەڵایەتى تویتەر لەلایەن سەرکردە ئێرانییەکانەوە ڕایدەگەیەنێت "ڕێژیمى ئێران تویتەر بە کار دەهێنێت، بەڵام ڕێگرى لە گەلى ئێران دەکات ئەو کارە بکات".

 

ڕیتچارد غرینیڵ، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەرلین لە تۆڕی تویتەر ڕەخنەى لە سەرکردەکانى تاران گرت، بەوەى عەلى لاریجانی سەرۆکى ئەنجومەنى شوراى ئێران هەژمار لەو تۆڕە دەکاتەوە، بەڵام خەڵکەکەى ناتوانن. سەرەڕاى ڕەتکردنەوەى ئەو هەواڵە لە لایەن میدیاکانى تارانەوە، بەوەى هەژمارێکى لەو شێوەیە پەیوەندی بە لاریجانەوە هەبێت، بەڵام زۆرینەى بەرپرسە باڵاکانى ڕێژیمى کۆماری ئیسلامی هەژماریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە، بە تایبەت عەلى خامنەیی ڕابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامی، قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودس و چەندان بەرپرسى باڵاى دیکەش لە تۆڕەکانى وەک فەیسبوک، تویتەر و ئەنیستگرام هەژماریان هەیە.

هاووڵاتیانى ئێرانیش لە ڕێگەى بەرنامەى دژە قەدەغەکردن، توانیویانە ئەو تۆڕانە بکەنەوە و، باز بەسەر پاسەوانییەکانى ڕژێم بدەن. باڵیۆزەکەى واشنتۆن لە تۆڕى تویتەر ئەوەشى نووسیبوو "ڕێژیمى ئێران تویتەر بەکار دەهێنێت، بەڵام گەلى ئێران ناتوانێت".

لەگەڵ سەرهەڵدانى خۆپێشاندانەکانى کانوونى یەکەم (ڕەزبەر)ى ٢٠١٧، تاران چاودێرییەکى تووندی خستووەتە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و، مەترسیی ئەوەشى هەیە "لەو ڕێگەیەوە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان بە هۆى خراپی ڕەوشى ئابوورى و بژێوى هاووڵاتیان پڕۆسەکە پەرەى زیاتر بستێنێت".

کۆمارى ئیسلامى بە درووستکردنى ئەپى نێوخۆیی دەیهەوێت دەنگى ئێرانییەکان بۆ دەرەوە ببڕێت!

کۆمارى ئیسلامى بە درووستکردنى ئەپى نێوخۆیی دەیهەوێت دەنگى ئێرانییەکان بۆ دەرەوە ببڕێت!

 

بەو هۆیەوەش غولام ڕەزا جەلی پوور سەرۆکى ڕێکخراوى بەرگرى مەدەنى ئێرانى پێی وابووە "وڵاتەکەى لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرنامەى ئەپەکانى مۆبایل ڕووبەرووى هەڕەشەیەکى تێکەڵکراو  بووەتەوە". گووتیشى "ئەوە جەنگێکی دەروونییە بە سەر تارانەوە بەتایبەت لە بوارەکانى ڕۆشنبیرى، سیاسی و ئەمنی و ئابووری".

جەلالی پوور، جەختى لەوەش کردووەتەوە "هەڕەشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پلەى یەکەمى کارەکانیان پێک دەهێنێت و، هاوشێوەى هەڕەشەى ئاسایشتى نەتەوەیی تەماشا دەکرێت". لەماوەى ڕابردووش دەسەڵاتدارانى ڕژێم هەوڵیدا کۆنترۆڵی سیستەمى ئەنتەرنێتییەکان بکات، بۆ ئەوەی چالاکوانانى وڵاتەکەى بە ئاسانی بدۆزێتەوەو، ڕێگرى لەهەر ئەگەرێکى خۆپێشاندان بکات کە لە رێگەى ئەپە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە و ڕۆڵی سەرەکییان لە پەرەسەندنى خۆپێشاندانەکاندا هەیە.

کۆمارى ئیسلامى سەرکەوتوو نەبوو لە فیلتەرکردنى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان!

کۆمارى ئیسلامى سەرکەوتوو نەبوو لە فیلتەرکردنى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان!

 

بەشێکى سزاکانى ئەمریکاش دژى تاران بریتى بوو لە ئاشکراکردنى ئەو کەسایەتیانەى ڕۆڵیان هەیە لە تاوانى ئەلیکترۆنى وەک ئەبو حەسەن فەیروز ئابادی سەرۆکى ئەنجومەنى باڵای بۆ ئاسایشى سیبرانی، لە پاڵ ئەویش عەبدولسەمەد خورام ئابادی سەرۆکى لێژنەى تاوانەکانى ئەنتەرنێت و عەبد عەلى عەسکری سەرۆکى دەستەى ئێزگە و تەلەفزیۆن هاتوون، کە ئەوانە ڕۆڵیان هەبووە لە سەرکووتکردنى مافی مرۆڤ و سەپاندنى ئابلووقە بەسەر تۆڕەکانى ئەنتەرنێت و چاودێریکردنى چالاکوانان.

تاران بۆ ئەوەى دەنگی ناڕەزایی ناوخۆیی لە جیهاندا داببڕێت، لەبرى ئەو سیستەمەى جیهان بەکار بهێنێت کارى لەسەر دروستکردنى ئەپی ناوخۆیی کردووە، بەڵام پەرلەمانتاران و چالاکوانان ڕەخنەیان لێی گرتووە و پێیان وایە "هاووڵاتیان متمانەیان بەو سیستەمە ناوخۆییە نییە، کەلەلایەن دەزگاى هەواڵگری و سوپای پاسدارانەوە کۆنترۆڵ کراوە". گرنگترین ئەو ئەپانەش لەنێو ئێران کە بە کاردەهێنرێت، تۆڕى کۆمەڵایەتى تلێگرامە کە تا ئێستا سەدا ٧٩ ـى بەکاربەران لە ڕێگەى بەرنامەى شکاندنى سیکویریتى ڕژێمەوە بە کار دەهێنرێت.

هاوکات ڕووپێوێکى ناوەندی ڕاپرسی قوتابیان دەریخستووە "بەکاربەران توانیویانە سەرجەم دیواربەندییەکانى ڕژێم بشکێنن".