Skip to main content

بریندارێکى ڕاپەڕینە سەراسەرییەکەى گەڵاڕێزان لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵاى لەسەر کۆمارى ئیسلامى تۆمار کرد

بریندارێکى ڕاپەڕینە سەراسەرییەکەى گەڵاڕێزان لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵاى لەسەر کۆمارى ئیسلامى تۆمار کرد
AvaToday caption
posted onNovember 19, 2021
nocomment

ڕاپۆرتى: الحدث

 

دواى دوو ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەى کە لە گەڵاڕێزانى ساڵى ١٣٩٨ى هەتاوی لە لایەن هێزە سەرکوتکەر و تیرۆریستەکانى کۆمارى ئیسلامییەوە لە نێو شەقامى شارە جیاوازەکانى ئێران بەرامبەر لاوانى ئەو وڵاتە کرا و زۆرێکیان بە قەناس و چەک شەهید کرد، ئێستا مەهیار ئیبراهیمى گەنجێکى ٣١ ساڵەیە، سکاڵاى گەیاندووەتە مەجلیسى مافى مرۆڤى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

مەهیار لە نێو خۆپێشاندانەکە کە بۆ دەستکەوتنى مافەکانى خۆى بوو، بە گوللە لە ڕووخسارى درا و لە گوێیەوە دەرچوو و ئێستا بێهیوا بووە و ڕووى لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ ئەوەى دادپەروەرانە دژى کۆمارى ئیسلامى مافەکانى خۆى بەدەست بهێنێتەوە.

مەهیار

مەهیار لە سکاڵاکەیدا ڕوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسى لەوە کردووە کە "من مرۆڤم و مافى ژیانم هەیە و من و بنەماڵەکەم فشار و پاڵەپەستۆى زۆرمان خراوەتە سەر و پاش دوو ساڵ ئێستا بێدەنگیم شکاندووە و بە هیواى ئەوەى کە بە هاوکارى ئێمە بتوانم مافى خۆم بەدەست بهێنمەوە".

مەهیار لە گفتوگۆیەکى لەگەڵ کەناڵى (ABC)ى ئەمریکى، پشتڕاستى کردووەتەوە کە بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى بەرپرسى ئەو گوللەیەن کە هەستى بیستنى لەدەست داوە و دەیان ڕەچەتەى پزیشکى لەگەڵ خۆى هێناوە، ئەوە بێجگە لەو ئازار و ئەزیەتەى کە بنەماڵەکەى تووشى بوون و کەسوکار و خۆشى لە کار بێبەش کران.

مەهیار باسیشى لەوە کردووە کە پێشتر بە هۆى ترس لە بنەماڵە و نزیکەکانى نەیوێرانە سکاڵا تۆمار بکات و ترساوە دووبارە دەستبەسەر بکرێتەەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا پاش دوو ساڵ لە ڕەنج، شتێکى بۆ لەدەستدان نییە، بەتایبەتى کە قەرز و قۆڵەیەکى زۆر هاتووەتە سەر و دۆخى تەندرووستى خراپتر بووە.

شەهیدانى آبان

مەهیار لەسەر ئەو ڕۆژە چارەنووسسازە قسە دەکات و دەڵێت کە خۆپێشاندانەکە لەسەر قورسى ژیان و خراپى بارى ئابوورى خەڵک بوو بۆیە بەشدارى کردووە و ژنێک داواى لێ کردووە کە هاوکارى کچەکەى بکات کە بریندار بووە و لەنێو قەرەباڵغى کەوتووە و بە گازى فرمێسکڕێژى هێزە سەرکوتکەرەکان دەورە دراوە، بەڵام پاش هاوکاریکردنى گوللەیەک بەر سەرى دەکەوێت و لە گوێى ڕاستییەوە دەردەچێت. لەو کاتەوە تا ئێستا، بەردەوام لە نێو نەخۆشخانەکانە و بە ترس و لەرزەوە دەژیت.

شایانى باسە لە ساڵى ١٣٨٩ (٢٠١٩)، زیاتر لە ١٠٠ شارى ئێران و دژى گرانى و بەرزبوونەوەى بەهاى سووتەمەنى خۆپێشاندان ساز کرا و هێزە سەرکوتکەرەکانى کۆمارى ئیسلامیش بە فەرمانى ڕاستەوخۆى خامنەیی و بە تفەنگ تەقەیان لێ کرا و هەزاران کەس زیندانى و بریندار کران و زیاتر لە ١٥٠٠ کەسیش شەهید بوون کە بە شەهیدانى گەڵاڕێزاتن (آبان) بەنێوبانگن.