Skip to main content

ئەڵمانیا ماهان باڵ دەکا

ئەڵمانیا ماهان باڵ دەکا
هۆکارى باڵقووتکردنەکەى ماهان، گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکایە لەسەر کۆمارى ئیسلامى
posted onDecember 23, 2018
nocomment

 

رۆژنامەیەکى ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە "حکومەتى بەرلین بڕیاری داوە سەرجەم گەشتەکانى کۆمپانیاى فڕۆکەوانى (ماهان ئەیر)ـى ئێرانى هەڵبوەشێنێتەوە و ڕێگەى پێ نەدات لە خاکى وڵاتەکەى بنیشێتەوە".

 

هۆکارى ئەو بڕیارەش بە هۆى سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانەوەیە، کە ئەو کۆمپانیایەى تاران بە تۆمەتى تێوەگلانى گواستنەوەى چەک و کارمەندانى سوپاى پاسداران و هێزە میلیشیاکانیان بۆ سووریە، بۆ ئەوەى پاڵپشتى ڕژێمەکەى ئەسەد بکەن، خراوەتە نێو لیستى سزاکان.

ڕۆژنامەى بێلدى ئەڵمانی ئەوەشى باس کردووە "حکومەتى ئەڵمانیا دواى دانووسانێکى چڕ لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکا، سەرجەم گەشتەکانى فڕۆکەوانى ماهانی بۆ شارەکانى مۆنیخ و دۆسلدرۆف قەدەغە کردووە". لە ماوەى ڕابردوو وەزارەتى خەزێنەى واشنتۆن کۆمەڵێک سزای بەسەر کۆمپانیاى ماهان و کۆمپانیا هاوبەشەکانى سەپاند، ڕوونیشی کردەوە "یەکێکە لە کۆمپانیا گرنگەکانى سوپاى قودسی، سەر بەسوپاى پاسدارانى ئێرانى، بۆ ئەوەى کارئاسانیان بۆ بکات لە پاڵپشتیکردنى تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست".

لە تەمموزی (پووشپەڕ) ڕابردووش جەختى لەوەش کردەوە "گەشتە بەردەوامەکانى ماهان بۆ سووریا، بۆ پاڵپشتیکردنى ڕژێمەکەى ئەسەدە و، هاوکات گەیاندنى چەک و سەربازی بیانییە بۆ ئەو وڵاتە کە خەریکی دروستکردنى دووبەرەکی و شەڕن لە سەراسەرى ناوچەکە".

بۆ یەکەمجار کۆمپانیاى فڕۆکەوانى ماهان خرایە نێو لیستى سزاکان تشرینى یەکەم (ڕەزبەر)ى ٢٠١١ بوون، کاتێک دەستى بە پێشکەشکردنى پاڵپشتى لۆجیستى و دارایی و تەکنەلۆژی بۆ هێزەکانى سوپای پاسداران و گواستنەوەى میلیشیاکان بۆ سووریا کرد. لە پاڵ ئەوانەش کۆمپانیاکەى تاران چەک و کارمەندانى حزبوڵای لوبنانی و گرووپە چەکدارە هەرێمایەتییەکانى بۆ وڵاتانى دیکەش گواستووەتەوە.

واشنتۆن لە دواى ٥ تشرینى دووەم (١٤ى گەڵاڕێزان)ى ڕابردوو، پاڵەپەستۆکانى بەسەر ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی تووندتر کردووە و، بەردەوام سزاکانى بەسەر ئەو وڵاتە پتەوتر کردووە، تا ناچار دەبێت دەست لە سیاسەتە شەڕانگێزەکانى لە ناوچەکە هەڵدەگرێت.