Skip to main content

ئاڤاتودەى دوو ساڵ پێش پیلانى کۆمارى ئیسلامى بۆ چەکدارکردنى لاوانى دێرەزورى بڵاو کردەوە

ئاڤاتودەى دوو ساڵ پێش پیلانى کۆمارى ئیسلامى بۆ چەکدارکردنى لاوانى دێرەزورى بڵاو کردەوە
AvaToday caption
posted onJanuary 28, 2021
nocomment

ماڵپەڕى ئەلعەرەبیەى عەرەبستانى سعودیە لە ڕاپۆرتێکیدا باسى پیلانى حیزبوڵا و سوپاى پاسدارانى کردووە لە سوریە کە بە کەڵکوەرگرتن لە هەژارى خەڵکەکە، خەریکن لاوەکان بە پارە و هاوکارى خۆراکى دەکێشنە نێو خۆیانەوە و بەکاریان دەهێنن بۆ شەڕکردن و کارى تیرۆریستى، لە کاتێکدا کە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى نزیکەى دوو ساڵ بەر لە ئێستا ئەو کارەى کردووە و بە چەندین ڕاپۆرت ئەم پیلانەى سوپاى پاسدارانى لەقاو داوە.

 

لە ڕاپۆرتێکى ئاڤاتودەى کە لە ڕێکەوتى ٥/١١/٢٠١٩ى زایینى بڵاوى کردووەتەوە لە ژێر ناوى " ئێران لە دێرەزوور چ دەکات؟!"، تیایدا ئاشکرامان کردووە کە کۆمارى ئیسلامى لە ڕێگەى میلیشیا شێعییەکانییەوە چۆن سوود لە بۆشایی هەژارى و نەبوونى خەڵکى دێرەزوور وەردەگرێت بۆ بەهێزکردنى خۆى. سەبارەت بەو پارەیەى کە دەدرێت بەو لاوە دێرەزووریانەى سوریە کە دەچنە نێو ڕیزى میلیشیا شێعەکانەوە، ئەوکات بڵاومان کردووەتەوە کە:

"ئەگەر چى ملیشیا شێعەکان لە دێرەزوور گرووپەیلى جیهادى ئەفغانى و پاکستانیشیان تێدایە، بەڵام حەشدى شەعبی عێراقى وەک سەرەکیترین بەڕێوەبەرى ماڵى ئێران لەم پارێزگایە، بەتایبەت لە ئەلبوکەمال، کار دەکات. ماف و شێوازەکانى دابەشکردنى مووچە و پارەکەى، بەستراوەتەوە بە جیاوازى نەتەوە و ژمارەى کەسەکانەوە. بۆ نمونە، شەڕکەرە عێراقییەکان لە سوریە مانگانە نزیکەى ٤٠٠ دۆلارى ئەمریکى لە ڕێگەى ماستەرکارتەوە وەردەگرن کە حەشدى شەعبی پێى داون. شەڕکەرى نەتەوەکانى دیکە پارەکەى خۆیان بە شێوەى کاش و شەخسى وەردەگرن و زۆربەیان لە بانکەکانى ژێر دەستى حەشدى شەعبی لە عێراقن، کارێک کە دەشێت بە پێچەوانەى سیاسەتەکانى گەمارۆى ئەمریکا لەسەر ئێران بێت. دامەزرێنراوە سوورییەکانیش، مووچەکەى خۆیان ڕاستەوخۆ لە سوپاوە وەردەگرن کە زۆرى و کەمی مووچەکەیان بەستراوەتەوە بەو ئەرکەى کە پێیان دەسپێردرێت. کەسانێک کە لە شار و گوندەکانى خۆیان خزمەت دەکەن، مانگانە ١٠٠ دۆلارى ئەمریکییان دەدرێتێ، بەڵام ئەوانەى کە بە ئۆتۆمبێلى سەربازى دەچنە بەرەکانى پێشەوەى شەڕ، ١٥٠ دۆلارى زیادە و پسوولەى (کۆپن) سووتەمەنى وەردەگرن و تێچووى دیکەیشیان پێ دەدرێت. بە قسەى کەسانى دژە ڕژێمى سوریە، ئەم شێوازى ڕێکخراوە ماڵییەی سوپا، زۆر باڵاترە لە پێکهاتەى ئەمنى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد کە "بەربڵاو و تێکشکاو"ە. لەم دۆخەشدا، هەروەک ئەوەى کە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش پێشتر ڕوووى دا، خوازیارانى پارەى سوپا، پیاوانى بێکار و هەژارى سوریە و جەنگاوەرانى بیانین.

لەگەڵ ئەوانەشدا، بە دامەزراوە شێعەکان و بنەماڵەکانیشیان دڵنیایی دەدرێت کە لەو موڵک و زەویانە نێشتەجێ دەکرێن و دەبنە خاوەن کار کە ئێرانییەکان کڕیویانن. تا نۆڤەمبەرى ٢٠١٨ى زایینى، زیاتر لە ١٠٠ بنەماڵەى شێعەى بیانى لە باشوورى مەیادین و بە هەمان ژمارەش لە بنەماڵە شێعە عێراقییەکان لە ئەلبوکەمال نیشتەجێ ببوون. ئەم ئامار و ژمارانە لەو کاتەوە تا ئێستا بە دڵنیاییەوە زیاتر بوونە."

 

هەروەها لە ڕێکەوتى ١٩/٤/٢٠٢٠ى زایینیش ماڵپەڕى ئاڤاتودەى ڕاپۆرتێکى بە ناوى " سوپاى پاسداران لە دێرەزوور بە بڵاوکردنەوەى هاوکارى چ پلانێکى هەیە؟!" بڵاو کردەوە و تیایدا باسى لەوە کرد کە " چالاکوانانی نێوخۆیی باس لەوه دەکەن که بازرگانێکى نزیک لە حکومەتى ئێران، هاوکاری مرۆیی له شاری دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دابەش کردووە. و ئەم هاوکاریکردنه له کاتێکدایه که سوریا سەرقاڵى ڕووبەڕووبوونەوەى ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ یا هەمان کۆڕۆنایە، کەچى تاران بەم شێوەیە دەیهەوێت هەلومەرجەکە بقۆزێتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەم ناوچەیه".

 

ئەلعەرەبیە بڵاوى کردووەتەوە کە حیزبوڵاى لوبنانى ڕایگەیاندووە کە مانگانە ١٥٠ دۆلار دەداتە هەر لاوێکى دێرەزوورى کە بێتە نێو ئەو ڕێکخراوەیە و ئەمەش لە چاو ئەو مووچە و پارانەى کە ڕژێمى سوریا دەیدات زۆرە و بەمەش بۆشایی هەژارى بنەماڵە دێرەزوورییەکان پڕ دەکرێتەوە و هۆکارێکیشە بۆ بەهێزکردن و زیادکردنى ژمارەى حیزبوڵاییەکان و بەکوشتدانى لاوانى دێرەزوور بە مەبەستى خوازرا و شوومى حیزبوڵا.

 

 

لینکى ڕاپۆرتەکانى ئاڤاتودەى لە تلێگرام و ماڵپەڕى ئاڤاتودەى:

لینکى ڕاپۆرتى یەکەم لە تلێگرام: https://t.me/avatodaykurdi/21966

لینکى ڕاپۆرتى دووەم لە تلێگرام: https://t.me/avatodaykurdi/29856

 

لینکى ڕاپۆرتى یەکەم لە ماڵپەڕ: https://www.avatoday.net/ku/node/7539

لینکى ڕاپۆرتى دووەم لە ماڵپەڕ: https://www.avatoday.net/ku/node/9610