Skip to main content

تایوان لەبرى نەوتى ئێران نەوتى عێراق دەکڕێت

تایوان لەبرى نەوتى ئێران نەوتى عێراق دەکڕێت
گەمارۆ ئابوورییەکان تا دێت گەورەتر و گشتگیرتر دەبن
posted onNovember 29, 2018
nocomment

 

لەگەڵ دەستپێکردنى جێبەجێکردنى سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان دژى ئێران، لەدواى 5 تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان)ی ئەمساڵدا، زۆربەى کۆمپانیا جیهانیبەکان، بەهۆى ئەو سزایانەوە گرێبەستەکانى خۆیان لەگەڵ حکومەتى تاران هەڵوەشاندەوەو، ڕوویان لەبازاڕێکى دیکە کردووە.

 

گرنگترین ئەو کەرتانەى ئەمریکا خستوویەتى ژێر سزاکانى کەرتەکانى "پیشەسازی، ئابوورى، دارایی و وزەو نەوت و بانکی ناوەندی تاران" بووە، بەو هۆیەوەش زۆربەى کۆمپانیا نەوتییەکان کە شادەماری سەرەکیی داهات و دابینکردنى خەرجییەکانى کۆمارى ئیسلامییە، چالاکییەکانیان هەڵپەسارد.

لەنێو ئەو کۆمپانیانەى وەبەرهێنانى نەوتیان لەئێران ئەنجام دەدات و، بەهۆى سزاکانى کۆشکى سپییەوە ئەو بازاڕەیان بە جێ هێشتووە، تۆتاڵی زلهێزى فەڕەنسى بوون، لە پاڵ ئەویش بەشێکى زۆرى وڵاتانى کڕیارى نەوتى ئێران پرۆسەى هاوردەکردنیان لەو وڵاتە کەم کردووەتەوە.

دواى کەمکردن و ڕاگرتنەکانى ژاپۆن، کۆریاى باشوور، هیندستان، تایوانیش هاتە سەر هێڵى ڕاگرتنەکانى کڕینى نەوتى ئێران. لەو بارەیەوەش کیی لیی، گوتەبێژی کۆمپانیاى پاڵاوتنى فۆرمۆزا بۆ پیترۆکیمیای تایوانى ڕایگەیاند "کۆمپانیاکەیان گرێبەستێکى وادەیەکى دیاریکراوى نوێی لەگەڵ عێراق واژوو کردووە بۆ کڕینى نەوتى خاوی سووکی بەسرە بۆ ساڵى ٢٠١٩".

ڕوونیشی کردەوە "هاوردەکانیان لەعێراق لەبرى کڕینى نەوتى ئێرانییە کە کەوتۆتە ژێر سزا ئابوورییەکانى واشنتۆن". لیی گووتیشى " بە دوور دەزانرێت بەمنزیکانە، کۆمپانیاکەیان دووبارە دەست بەهاوردەکردنى نەوتی ئێرانى بکاتەوە، هۆیەکەش بۆ نەبوونى ئالیەتى پێدانى پارەى ئەو نەوتییە بەلایەنى ئێرانی".

کۆشکی سپی دواى کشانەوەى لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥، بە دوو قۆناغ سزای ئابوورى تووندی بەسەر ڕژێمى تاراندا سەپاند، قۆناغی یەکەم لەسەرەتاکانى ئاب (گەلاوێژ)ی ڕابردوو چوونە بوارى جێبەجێکردنەوەو، قۆناغی دووەمیش لەسەرەتاى تشرینى دووەمی ئەمساڵدا بوون.

پاڵەپەستۆ ئابوورییەکان لەزۆربەى وڵاتانى جیهانەوە دژى ئێران تووندتر بوونە، بۆ ئەوەى دەست لەبەرنامە ئەتۆمی و مووشەکى بالیستى هەلبگرێت و، کۆتاییش بەسیاسەتە شەڕانگێزەکانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش بهێنێت.