Skip to main content

عێراقیش دژى پارەسپیکردنەوەى کۆمارى ئیسلامى کەوتە دەست

عێراقیش دژى پارەسپیکردنەوەى کۆمارى ئیسلامى کەوتە دەست
بانکی سینا و بەهمەن گرووپ لە عێراق دەستیان بەسەردا گیرا
posted onNovember 27, 2018
nocomment

 

حکومەتى عێراق لەچوارچێوەى یاساى سپیکردنەوەى پارە و پاڵپشتیکردنى تیرۆر، کۆمەڵێک بڕیار بەرامبەر کۆمپانیاو دامەزراوە داراییەکانى ئێران دەرکرد.

 

بەپێی نووسراوێکى ئەمیندارێتى ئەنجوومەنى وەزیرانی بەغدا کەپشت بەیاساى ژمارە (٣٩) ـى ساڵى ٢٠١٥، تایبەت بەبەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارەو پاڵپشتى کردنى تیرۆر، بڕیار دەدات "سەرجەم قەواڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانى کۆمپانیاکانى ئێران دەستیان بەسەردا دەگیرێت".

ئەو نووسراوە کە واژووى سەرۆکى لێژنەى هەڵپەساردنى پارەى تیرۆریستان لە ڕۆژى ٦ تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان) دەرچووە ناوى دامەزراوەکانى هێناوە کە بریتین لە "بانکى سینا و بەهمەن گرووپ بۆ پیشەسازی ئۆتۆمبێل". هاوکات بڕیاری ئەوەشى داوە "سەرجەم مامەڵە و چالاکییە دارایی و بازرگانییەکانى بانکى پارسیان لە عێراق بگوازرێتەوە بۆ نێو بانکی ناوەندی عێراق، بۆ ئەوەى بەپێی ڕێکارى پێویست مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت".

هاوکات سەرۆکى لێژنەى هەڵپەساردنى پارەى تیرۆریستان بڕیارەکەى بۆ سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکانى وەزارەت لەسەرجەم پارێزگاکان ڕەوانە کردووە بۆ ئەوەى بەپێی ئەو بڕیارە مامەڵە بکەن. جێبەجێکردنی بڕیارەکەش لە ڕۆژى دەرچوونیەوە دەچێتە بوارى جێبەجێکردن، کە ٦ تشرینى دووەم ڕۆژێک دواى جێبەجێکردنى سزاکانى ئەمریکایە دژى ئێران.

بەڵگەنامەکەى عێراق دژى ئێران

 

 

ئەمەیش دەقى وەرگێڕدراوى نووسراوەکەیە:

 

کۆمارى عێراق

ئەمیندارێتى گشتى ئەنجوومەنى وەزیران

بڕیارى لێژنەى هەڵپەساردنى پارەى تیرۆریستان

ژمارە ( ٦٧) ـى ساڵى ٢٠١٨

پشت بەستن بە یاساى بەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆریستان ژمارە (٣٩)ـى ساڵى ٢٠١٥، و سیستەمى هەڵپەساردنى پارەى تیرۆریستان ژمارە (٥)ـى ساڵى ٢٠١٦، بەپێی ئەو دەسەڵاتەى بە لێژنەکە دراوە.

لێژنەکە لە دانیشتنى پێنجەمى نائاسایی خۆیدا لە ڕۆژى ١/١١/٢٠١٨ بڕیاری دا پارەى تیرۆریستان هەڵپەسێرێت بەم شێوەیە:

یەکەم: هەڵوەشانەوەى بڕیارى ژمارە (٦٥) ـى ساڵى ٢٠١٨، کە لە دانیشتنى چوارەمى ڕۆژى ٢٤/١٠/٢٠١٨ دراون، کە بەم نووسراوە هاوپێچ کراوە بە ژمارە ش.ز.ل ١٠/١/ج/أعمام /٣٧٣٧٥  لەمێژووى ٢٤/١٠/٢٠١٨.

دووەم: سڕکردنى پارەى گواستراوەو نەگواستراوە و، سەرچاوە ئابوورییەکانى ئەم گرووپانەى ناویان هاتووە :

١. سینا بانک

٢. بەهمەن گرووپ

سێیەم: سەرجەم ڕێکارە تایبەتییەکانى جێبەجێکردنى بایکۆتەکانى مامەڵەکردن و چالاکییەکانى سەر لقى بانکى پارسیان لە عێراق بۆ بانکى ناوەندی عێراق بگوازرێتەوە و، ڕێکارى گونجاویشى لەگەڵدا بکرێت.

چوارەم: ئەم بڕیارە بەسەر سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکانى وەزارەت و پارێزگاکان  و ئەنجوومەنى پارێزگاکان  و دامەزراوە داراییەکان و غەیرە داراییەکان پەیوەست بەو پرسە ڕەوانە بکرێت، بۆ ئەوەى ڕێکارى پێویست بگرنەبەر، کە لەسەرەوە باس کراون.

پێنجەم: ئەو بڕیارە دەستبەجێ لە ڕۆژنامەى فەرمی و ماڵپەری فەرمی نووسنیگەى بەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارەو پارەدارکردنى تیرۆر بڵاو دەکرێنەوە.

شەشەم: ئەو بڕیارە لە مێژووى دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.

حەوتەم: هەر زیان لێکەوتوویەک لەو بڕیارە دەتوانێت ڕێکارى یاسایی فەرمی ئەنجام بدات، بە پێی بنەماى ماددەکانى (١٦ / یەکەم) لە پەیڕەوی سڕکردنى پارەى تیرۆریستان ژمارە ٥ ساڵى ٢٠١٦.

 

سەرۆکى لێژنەى سڕکردنى پارەى تیرۆریستان