Skip to main content

لێدوانەکەى ڕوحانى نەمساو ئیسرائیلی توڕە کرد

لێدوانەکەى ڕوحانى نەمساو ئیسرائیلی توڕە کرد
ڕوحانى: ئیسرائیل شێرپەنجەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستە!
posted onNovember 26, 2018
nocomment

 

لێدوانەکانى حەسەن ڕوحانى، سەرۆککۆمارى ئیسلامی ئێران لەمیانەى کردنەوەى کۆنگرەى یەکبوونى ئیسلامی کەئێستا لەتاران بەڕێوە دەچێت، لە بارەى ئیسرائیل، توڕەیی سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل و ڕاوێژکارى نەمسای بە دواى خۆیدا هێنا و، ڕاستەوخۆ وەڵامى ئەو سەرۆکەیان دایەوە.

 

بینیامین نەتنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانى حکومەتى تەلئەبیب، لەبارەى لێدوانەکەى ڕوحانی ڕایگەیاند "وڵاتەکەى دەزانێت چۆن بەرگرى لە خۆى بکات دژى دەسەڵاتە وێرانکارییەکەى ئێران". ئەو لێدوانانەشی بە کینەیەکى ناخی ڕوحانى وەسف کردووە، کە بۆچی دەبێت جیهان پاڵپشتى سزاکان دژى ئەو حکومەتە بکەن، کە ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە بۆ ئەوانیش.

لە لایەن خۆیەوە سیباستیان کۆرتز، ڕاوێژکارى نەمسا لە ئەکاونتى خۆى لە تویتەر وەڵامى سەرۆککۆمارى ئێرانی دایەوەو، لێدوانەکەشى بە "پەسەند نەکراو" زانیوەو، دووپاتی کردەوە "گومان لە بوونى ئیسرائیل و داواکردنیش بۆ لەناوبردنى بەهەموو چەشنێک ڕەت کراوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕوحانى لەو کۆنگرەیە گووتبووى "پێویستە وڵاتانى ئیسلامى دژى ئێران یەک بگرن و، نابێت ڕایخی سوور بۆ تۆمەتباران ڕابخرێت". باسى لەوەش کردبوو "یەکێکە لە کاردانەوە شوومەکانى جەنگی جیهانى دووەم دروستبوونى گەدەیەکى شێرپەنجەیە لە ناوچەکە"، کەمەبەستى قسەکانیشى دروستبوونى وڵاتى ئیسرائیل بووە لەساڵى ١٩٤٨.

لە بارەى ترامپ جەختى لەوەش کردەوە "داڕمانى یەکگرتنى نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و سعودیە، هەستێکى مەترسیدارە بۆ ئیسرائیل، کە هەڕەشەکانى ئێران بۆ ئەو وڵاتە زیاتر کردووە". سەرۆکى ئێران پێی وابووە "هەموو پرسەکانى ناوچەکە تەنها لە بازنەى پاراستنى ئاسایشى سەهیۆنیستە"، وەک خۆى وەسفی ئیسرائیل دەکات.

نەمسا یەکێکە لەو وڵاتانەیە کە ئامادە نەبووە میواندارێتى گرووپی کارى دارایی ئەوروپی تایبەت بەبازرگانى لەگەڵ ئێران بکات کەبە SPV ناسراوە، بۆ ئەوەى دەرچەیەکى یاسایی بۆ ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥ بدۆزنەوە، کە واشنتۆن لێی کشاوەتەوە. راوێژکارەکەى نەمسا ئەوەشى نووسیوە "بەرپرسیارێتی مێژووى وڵاتەکەى بەرەنگاربوونەوەى دژایەتیکردنى جووەکانەو، پاراستنى ئیسرائیل و ئاسایشى ئەو وڵاتەش مایەى گفتوگۆ نییە".