Skip to main content

ئەوروپا کڵاو لەسەر کۆماری ئیسلامی دەنێ

ئەوروپا کڵاو لەسەر کۆماری ئیسلامی دەنێ
هیواکانی کۆماری ئیسلامی بەباچوون و ڕژیم هەروا لە ڕووخان نێزیک دەبێتەوە
posted onNovember 14, 2018
nocomment

 

 لە مانگی گوڵانەوە کە ئەمریکا لە بەرجام چووەتە دەرێ تا ئێستا شەش مانگ تێپەڕ دەبێت، لەو ماوەیەدا پێوەندی نێوان ئێران و ئەوروپا ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هاتووە.

 

سەرەتا ڕوحانی بە تۆپی پڕەوە گووتی "چەند حەوتوو زیاتر مۆڵەتی ئەوروپا نادەین کە ڕێگاکانی پاراستنی بەرجام دیاری بکات"، لەو نێوەدا کۆمەڵێک مەرجی وەک فرۆشتنی ئازادانەی نەوت، بەردەوامی پێوەندی لەگەڵ بانکەکانی جیهان و هاتووچۆی ئازادانەی پووڵ بۆ مانەوەی ئێران لە بەرجامدا وەک مەرج دیاری کرد. کەچى چەند حەوتوو بووە ٢ مانگ و هیچ هەواڵیک لەمەڕ جێبەجێبوونی ویستەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئارادانەبوو و ڕوحانی دیسان گووتی "ئێمە ناتوانین لەوە زیاتر ڕاوەستین".

ماوەیەک دواتر ڕاگەیێندرا کە یەکیەتی ئەوروپا پاکێجێکی لەمەڕ چۆنیەتی پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئامادە کردووە بە بێ ئەوەی ئاماژەیەک بە کاکڵی پاکێجەکە بکات. ڕوحانی لە وەڵامی یەکیەتی ئەوروپادا گووتی "ئەو پاکێجە خواستەکانی ئێمە وەدیناهێنێت"، سەرنجڕاکێش ئەوە بوو کە حەسەن ڕوحانی لە ژێر گوشاری گرووپی ناسراو بە "دلواپسان" دابوو کە بەردەوام لێیان دەپرسی پاکێجەکە چی لێهاتەوە.

خامنەیی دوو جار بە ئاماژەدان بەو پاکێجە ڕایگەیاند کە پشتیوانی بەبێ هەنگاوی کردەیی هیچ واتایەکی نییە تا ئەو جێگایەی کە ڕوحانی لەناکاو گووتی"سنگ تمام گذاشتند" واتە ئەوروپاییەکان لووتکەی لە خۆبردووییان لە خۆیان نیشان داوە. ئەوەی لەو پاکێجەدا بە کۆماری ئیسلامی گەیشت هاوکارییەکی ماڵی ١٨ میلیۆن یۆرۆیی بوو بۆ دابینکردنی پێداویستیی ئینساندۆستانە.

شەڕی کۆتلەکان دەستی پێ کرد و هێندێک گووتیان ئەو کارە بێ حورمەتیکردنە بە نیزام و بە کوورتی بەو شێوەی کە لە میدیاکانیشدا بڵاو بووە لە کردەوەدا هیچ دەسکەوتێکی بۆ کۆماری ئیسلامی نەبوو.

 

پاکیجی ئەوروپایی یان ڕێڕەو (سازوکار) چییە؟

یەکێتى ئەوروپا و ئێران

 

ئەو پاکێج یان ڕێڕەوە هەمان ئەو بەڵینە بوو کە وابڕیاڕ بوو تا پێش لە ١٣ی گەڵاڕێزان و دەستپێکردنی قۆناغی نوێی گەمارۆکان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و چەند ڕۆژ دواتر لە سەر کاغەز و تەنیا لە لایەنی سیاسیەوە پەسەند کرا. جێبەجێ کردنی ئەو پاکیجە بۆ کۆتایی زستان دواخرا و گەڕێکی نوێی شەڕی کۆتلکەکان لە ئێران دەستی پێ کرد.

حەبیبی لە گرووپى ئیسلامى موەتەلیفە گوتى "سووتاندنی دەرفەتەکان لە لایەن ئەوروپا لە ڕۆژ ڕووناکترە". دوای ئەو قسەیەی، تانەی لە ڕوحانیدا و پێی گووت "هەڕەشەکردنی ڕێبەرێ لەو کەسانەی کە دڵیان بە سازانەوە یان شیمانەی ئەوەیان لێدەکرێت لەگەڵ ئەمریکا دانیشتن بکەن، زۆر جددییە".

ئێستا ڕوون بووەتەوە کە پاکێجی ئەوروپا لە ڕاستیدا گۆڕینەوەی نەوتە بەرامبەر خۆراک، هیچ کارێک بۆ لابردنی گەمارۆکان نەکراوە و تەنانەت ئەو پاکێجەش بە گووتەی میدیاکانی حکوومەت تا ئەو ئاستە لەرزۆکە کە هیچ وڵاتێکی ئەوروپایی ئامادە نەبووە لە ترسی گەمارۆکانی ئەمریکا ناوەندێک بۆ ئەو ئاڵوگۆرە لە وڵاتی خۆیدا بکاتەوە.

 

پرسیارە سەرەکییەکە:

ئەگەر ڕێڕەو یان پاکێج ڕەگی ڕاستبوونی تێدا نییە بۆچی کۆماری ئیسلامی بەو شیوەیە باس لە دۆڕانی ئەمریکا و هەرەسپێهێنانی گەمارۆکان دەکات؟

وەڵامەکە:

هیوادەرمانی!

 

بۆیە دەبینین تەنیا ڕێگایەک کە بۆ کۆماری ئیسلامی ماوەتەوە، بەڵینی درۆیینە و هیچی دیکە. کۆماری ئیسلامی خۆى گەیشتووەتە جێگایەک کە هیچ ڕێگایەکی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نییە. بۆیە بۆ وەڵام دانەوەی ویستەکانی خەڵک و لە ڕووی ناچارییەوە ڕووی هێناوەتە قسە دەرمانی و هیوا دەرمانی.

ئێستا دۆخەکە گەیشتووەتە جێگایەک کە کلیلی چارەسەری قەیرانە ئابوورییەکان ڕێگەچارەی ئابووری نییە و سیاسییە. چەند ڕۆژ پێش ئێستا عەلی خوڕەم کادری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لە پێویستی گۆڕینی ڕێگەچارەکان دەکرد. گەندەڵی سیستەمی بانکی و بازرگانی ئێرانی گرتووەتەوە، دزی گەورە و سپیکردنەوەی پارە لە بانکەکاندا و بە گشتی ساختاری ناستانداردیان بە هۆی پچڕانی پێوەندیان لەگەڵ سیستەمی بانکی جیهانی بووەتە هۆکاری ئەوەی کۆمپانیاکان یەک بە یەک بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان و خۆ ببوێرن لە قازانجەکانی سەرمایەدانان لە ئێران.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی گەڵاڕێزان، ڕۆژنامەی سەنعەت ـی ئێران نووسیبووی "ئێمە نە لە ڕووی ئابورییەوە گەشەمان کرد و نە لە ڕووی سیاسیییەوە، ئابووری بە بێ فرۆشتنی نەوت ڕووخاوە".

ڕوون و ئاشکرایە کە لە وەها بارودۆخێکدا واتە بە ئابووری گەندەڵ و ڕانتییەوە هەر جۆرە کرانەوەیەکی ئابووری تەنانەت بە لاچوونی گەمارۆکانیش بۆکۆماری ئیسلامی پێشبینی ناکردرێت.