Skip to main content

زیانە نەوتییەکانى ئێران ٢٥ ملیار دۆلارە

زیانە نەوتییەکانى ئێران ٢٥ ملیار دۆلارن
گەمارۆ ئابوورییەکانى کۆمارى ئیسلامییان فەلەج کردووە
posted onNovember 12, 2018
nocomment

 

دواى ئەوەى سزاکانى ئەمریکا دژى ئێران چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئیدارەى کوشکی سپی لێخۆشبوونێکى ١٨٠  ڕۆژى پێشکەش بە هەشت وڵاتى کڕیارى نەوتى تاران کرد، زیانەکانى کەرتى نەوتى ئەو وڵاتەش بە ئاستێکى بەرچاو بەرزبوونەوەى بە خۆیەوە بینیوە و واشنتۆن داواشى لەو وڵاتانە کردووە "جێگرەوەیەک بۆ هاوردەکردنى نەوتى کۆمارى ئیسلامی بدۆزنەوە".

 

لەمانگی ئایار (خاکەلێوە)ی ڕابردووەوە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ساڵى ٢٠١٥ کشایەوەو، بڕیاریش دا سزاى تووندتر بەسەر کۆمارى ئیسلامی بسەپێنێت، لەو کاتەشدا بڕیاری دابوو بە دوو قۆناغ سزاکان بەسەر ئەو وڵاتە بسەپێنن.

قۆناغی یەکەم لە شەشی ئاب (خەرمانان)ی ڕابردوو دەستى پێ کرد و، کەرتى پیشەسازی و مامەڵەى دارایی و بازرگانییە دەرەکییەکانى گرتەوە، قۆناغی دووەمیش لە 5 تشرینى دووەم (١٤ى گەڵاڕێزان) دەستى پێ کرد و، کەرتەکانى وزە و نەوت و بانکی ناوەندی و دامەزراوە داراییەکانى لەخۆ گرتووە. ترامپ لەبارەى کشانەوەى لە ڕێککەوتننامەکە ڕایگەیاند "بەهۆى بەرنامە ئەتۆمیی و مووشەکی بالیستى و سیاسەتە شەڕانگێزەکانى تارانە لە ناوچەى ڕۆژهەڵات ناوەڕاستە". بە پێی ڕاپۆتێکى ئابوورى دەریخستووە لەدواى ئایارەوە هەناردەکردنى نەوتى ئێران ڕووى لە دابەزین کردووە، کە بەروارى کشانەوەى سەرۆکى ئیدارەى کوشکی سپی بووە، بە جۆرێک بە بەراورد لەگەڵ نیسان (بانەمەڕ) هەناردەکردنى تاران لەنەوتى خاودا ٢.٨٣ ملیۆن بەرمیل بووە، بەڵام لە کۆتایی تشرینى یەکەم (خەزەڵوەر) قەبارەکە بۆ ١.٦ ملیۆن بەرمیل دابەزیون، کە ڕێژەى پاشەکشێیەکانیش سەدا ٤٧ بووە.

سەرەتا واشنتۆن دووپاتیکردەوە ئاستى هەناردەکردنى نەوتى ئێران دەگەیەننە سفر، بەڵام دواى ئەو ڕێگەپێدانە کاتییەى بە هەشت وڵات دابوو کەبریتین لە "چین، هیندستان، کۆریاى باشوور، ژاپۆن، ئیتالیا، یۆنان، تایوان و تورکیا"، لە بڕیارەکەى پاشگەز بووەوە.

رێکخراوى وڵاتانى هەناردەکارى نەوت (ئۆپێک) لەبارەى بەهاى هەناردەکردنى نەوتى ئێران لەساڵى ٢٠١٧ ئاشکراى دەکات قەبارەکەى نزیکەى ٥٢.٧ ملیار دۆلار بووە"، ئەستەمیشە ئێستا زیانەکانى ئەو کەرتەو کاریگەریى سزاکان دیاریی بکرێت، بەڵام بەپێی ئاستى نرخى ئێستاى نەوت لە بازاڕەکاندا، دەردەکەوێت زیانەکانى ئەو ووزەیە بۆ ئێران لەسنوورى ٢٥ ملیار دۆلار دۆلار دەبن لە ساڵێکدا.