بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران تواناى داخستنى گەرووى هورمزی نییە

ئێران تواناى داخستنى گەرووى هورمزی نییە
لە ئەگەرى داخستنى گەرووى هورمز، ئەوا دەسەڵاتەکانى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى کارا دەبێت
بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى تەنیا هەڕەشە دەکەن!
posted onAugust 28, 2018
noبۆچوون

 

بەرپرسێکى شانەشینى عەرەبی سعوودیە ئاشکراى دەکات "کۆماری ئیسلامی ئێران تواناى هەردوو گەرووی هورمزو باب مەندەب دابخات، بە شێوەیەکى رێژەییش ئەو کارەى پێناکرێت".

 

ئیبراهیم مەهنا، راوێژکارى وەزارەتى ووزەى حکومەتى ریاز رایگەیاندووە "ئەو سزانانەى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر تاران سەپاندوویەتى، نابێتە هۆیەک بۆ وەستاندنى یەکجاریی هەناردەکردنى نەوتى ئەو وڵاتە". لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە شارى ستافانجیری نەرویجی مەهنا روونی کردەوە "لەهەر جوڵەیەک بۆ داخستنى رێگاى دەریایی سەرەکیی یاخود بەشێک لەو کەناڵە دەریاییە ئەوا خودی تاران یەکەم زەرەرمەند دەبێت و دەبێتە هۆکارێک بۆ سەپاندنى سزاى زیاتر بەسەر ئێراندا". گووتیشى "هەر کاتێک ئەو وڵاتە بەهۆى پاڵەپەستۆ و سزاى ئەمریکا نەتوانێت نەوتەکەى بفرۆشێت، ئەوا هەڕەشەى داخستنى گەرووى هورمز دەکات و رێگە لە وڵاتانى دیکەش دەگرێت نەوتەکەى بفرۆشن".

 

بەرپرسەکەى ریاز جەختى لەوە کردووەتەوە "ئەو قەبارە نەوتانەى لە رێگەى گەرووى هورمز بەرێ دەکرێن، قەبارەیەکى زۆر گەورەیەو، رۆژانەش لە سنوورى 18 ملیۆن بەرمیل نەوت دەبێت، کە ئەمەش یەکسانە بە دوو لەسەر سێی بازرگانى دەریایی نەوت لەجیهاندا". هیماشی بەوەش کردووە "رێگری لەتێپەرینى نەوت لەو رێگاوە، ئەوا ئەنجامەکەى کەمبوونەوەى نەوت لە بازاڕەکاندا و، لەسەر ئاستى نرخەکانیشدا بە شێوەیەکى سەرسوهێنەر بەرز دەبنەوە".

 

مەهنا پرسیاری ئەوەش دەکات "تاران تاچەند دەتوانێت گەرووی هورمز یاخود باب مەندەب دابخات، ئەگەر بە رێژەیی بێت؟"، هەر خۆیشی وەڵام دەداتەوەو دەڵێت "نەخێر، نەخێرێکى زۆر گەورەش"، هۆکارەکەش بۆ پەکخستنى هەناردەکردنى نەوتى ئێران دەشکێتەوە. پێشبینى ئەوەش دەکات "لە ئەگەرى داخستنى گەرووى هورمز، ئەوا دەسەڵاتەکانى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى کارا دەبێت و، ئەگەرى پرۆسەیەکى سەربازی بێتە کایەوە".

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا دواى بردنەوەى پۆستى سەرۆکایەتى بەڵێنى کشانەوە لە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکەى 2015 نێوان ئێران و شەش وڵاتی زلهێزى دا و، بڕیاریشی دا دووبارە سزاکان بەسەر ئەو وڵاتە بسەپێنێتەوە. بەو هۆیەوەش لە 7 ئاب (پووشەپەڕ)، دووبارە سزای بەسەر ئەو وڵاتە سەپاندەوەو، کۆمەڵێک سێکتەرى ئابوورى لەخۆ گرت، چاوەڕوانیش دەکرێت لە 5 تشرینی دووهەمى داهاتوو (خەزەڵوەر)، کەرتى وزە و نەوت بخرێنە نێو لیستى سزاکانى ئەمریکا.

 

لێدوانى بەرپرسەکەى ریاز دوابەدوای لێدوانى فەرماندەى هێزە دەریاییەکانى سوپای پاسداران دێت، کاتێک رایگەیاندبوو "ئەوان بەتەواوى کەنداو گەرووى هورمزیان کۆنترۆڵ کردووە". بەرپرسانى تاران چەندین جار هەڕەشەى داخستن یاخود پەکخستنى جوڵەى گەرووى هورمزو باب مەندەبیان باس کردووە، بەبێ ئەوەى هەنگاوی کارایی بەرامبەر هەڕەشەکانیان بچێتە بوارى جێبەجێکردن. ئەو هەڕەشانەى ئێرانیش لە چوارچێوەى ئاڵۆزبوونی ڕەوشى ئابوورى ناوخۆیی و داڕمانى بەهاى دراوەکەى دێت، کە هەوڵدەدەن لەو رێگەیەوە ئەستۆى داڕمان و داتەپینى ئابوورى وڵاتەکەیان بخەنە ئەستۆى ئەمریکا.