بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

عێراق و ئێران پێشنیار بۆ یەکترى دەکەن

عێراق و ئێران پێشنیار بۆ یەکترى دەکەن
AvaToday caption
posted onMay 26, 2019
noبۆچوون

 

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کە دوێنێ بە پەلە ڕۆیشت بۆ عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی جۆزەردان، لە دیدارێک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق محەمەد عەلی حەکیم کۆ بوویەوە.

 

لەم کۆبوونەوەدا وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی گوتی: ئێران تا ئێستا پێشنیاری جۆراوجۆری سەبارەت بە واژووکردنی پەیماننامەی دەسدرێژینەکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە، خستووتە بەردەستی وڵاتانی کەنداوی فارس. ئەم پێشنیارە ئێستاش لەبەردەستدایە. هەروەها زەریف ئاماژە بەوەی کە ئێران خوازیاری باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی فارسە، گوتی "پێشوازی لە هەر پێشنیارێک دەکا کە لە پێناو کەمکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان بێت."

ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەپاش ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی عێراق بوو کە خەڵک خوازیاری بێ لایەن مانەوەی عێراق لە کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بوون. هەروەها بەپێ هەواڵانەی کە گەیشتووتە ئاڤاتوودەی، گرنگترین هۆکاری سەفەری زەریف بۆ عێراق، وتووێژ لە گەڵ بەرپرسانی عێراقە تا لەئەگەری شەڕوپێکدادان لە نێوان ئەمریکا و ئێران، ڕێگا نەدەن لە خاکی ئەو وڵاتە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران کەڵک وەربگیردرێت.

هاوکات لە گەڵ سەفەری زەریف بۆ عێراق، سەرۆکی پەڕلەمانی ئەو وڵاتە ئامادەگی عێراقی بۆ نێوبژیوانی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگەیاند کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق داناوە. بەپێ ڕاپۆرتی ئاسوشیتدپرێس، تەلەڤزیۆنی فەرمی عێراق ئەم قسانەی محەمەد حەلبووسی دوێنێ شەو ٤ی جۆزەردان لەپاش ئەوەی بڵاوکردەوە کە محەمەد جەواد زەریف بۆ سەفەرێکی دوو ڕۆژە و دیداری بەرپرسانی عێراق گەییشتبووە ئەم وڵاتە.

حەوتەی ڕابردووش عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتبووی: شاندێک بەمەبەستی وتووێژ بۆ ڕاگرتنی کێشەکان نێوان ئەمریکا و ئێران ڕەوانەی تاران و واشنتۆن دەکا. پێشتریش موقتەدا سەدر داوای لە بەرپرسانی عێراق کردبوو کە عێراق لە کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بکشێننەوە و ڕێگا نەدەن عێراق ببێتە بەشێک لە کێشەکان.

شایانی باسە بوونی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە عێراق کە سەربەئێرانن و کۆماری ئیسلامی پاڵپشتی ماڵییان لێدەکا، مەترسییەکانی لەسەر عێراق زیادکردووتەوە و هەوڵی زۆرێک لە بەرپرسانی ئەم وڵاتەی بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ئاڵۆزییەکان خستووتە گەڕ. زەریف هەروەها لە دیدار لە گەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆکۆماری عێراق، نامەیێکی لە لایەن ڕۆحانییەوە ئاراستەی بەرهەم ساڵح کرد کە بانگهێشتی ئەو بوو بۆ ئێران.