Ana içeriğe atla

دیموکراسی لە سەرتاسەری جیهان لاواز بووە

دیموکراسی لە سەرتاسەری جیهان لاواز بووە
AvaToday caption
posted onApril 30, 2020
noyorum

بە پێی توێژینەوەی دامەزراوەیەکی بەناوبانگی لێکۆڵینەوەی سیاسی. رێگە و شێوازەکانی دێموکراسی لە سەرتاسەری جیهان بەرەودوا هاتوونەوە. هەژاری و نابەرابەری لە هۆکارەکانی دیکتاتۆریە و دەگووترێ پاندۆمی کۆڕۆنا دەتوانێ ئەو ڕەوتە کە بە دژی دێموکراسی و هەروەها کار لەسەر قوڵتکردنەوەی نابەرابەری دەکات قوڵتر بکاتەوە.

 

دەسەلاتداری بە ڕەوایی یاسایی و دابینکردنی ئازادیە سیاسیەکان لە جیهاندا لەگەڵ مەترسی ڕووبەڕوو بووەتەوە. ئەوە ئەنجامی ڕاپۆرتێکە لە لایەن ناوەندی برتلسمان کە یەکێک لە گرینگترین دامەزراوەکانی تایبەت بە توێژینەوەی سیاسی و کۆمەلایەتی لە ئاڵمانە.

بە پێی ئەو توێژینەوە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ بانەمەڕ بڵاو بووەتەوە، دێموکراسی لە برێزیل، هیند و مەجارستان لاواز بووە و دەسەلاتی خەڵک کەمی کردووە. بە پێی توێژینەوەیەک کە لە ١٣٧ وڵاتی جیهان کراوە، ئەوڕۆ ڕێژەی دێموکراسی ٥٤ لەسەدە واتە سێ لەسەد کەمتر لە ساڵی ٢٠١٠.

بە پێی پێوەرەکانی دامەزراوەی برتلسمان ٧٤ وڵات بە شێوەی دێموکراتیک و ٦٣ وڵات بە شێوەی نادیموکراتیک بەڕێوەدەبردرێن.
لە ٦٠ وڵات کە دێموکراسیەکەیان بەهێز نییە، ئازادیە مەدەنیەکان بە جیاوازی لەگەڵ دەیەی پێشوو کەمیان کردووە. بەتایبەت لە ئاسیا و ئەفریقا سیستەمە دیکتاتۆریەکان لەسەر دوو کۆڵەکەی هەژاری و بێبەشی دەبنە هۆی زیاتر بوونی نابەرابەری و نادادپەروەری.

 

سەرکوت و داپڵۆسین زیادی کردووە

لە دەیەی ڕابردوودا لە ٦٠ وڵات تووندوتیژی زیادی کردووە و لە ٥٨ وڵات ئازادی کۆبوونەوە لاواز بووە. لە نیوەی ئەو وڵاتانەی توێژینەوەیان لەسەر کراوە ئازادی بڵاو کردنەوە و ڕادەربڕین کەم بووەتەوە.

نەتەنیا لە وڵاتانی پەرەنەسەندوو، تەنانەت لەو وڵاتانەی لە دڵی ئەوروپادان وەک مەجارستان و لەهێستان ئازادیە دێموکراتیکەکان لە مەترسیدان. حکومەتە دەسەڵاتخوازە رەهاکان بە بنەماگرتنی ناسیۆنالزیم و ئەمنیەتی نەتەوەیی هاوکات دامەزراوەکانی دێموکراسی لاواز دەکەن و لە لایەکی دیکە نابەرابەری و کەلێنە ئابوریەکان قوڵتر دەکەنەوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە ئاراستە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان لە زۆربەی وڵاتان بوون بە هۆی بەهێزبوونی قەوارەی دیکتاتۆرئ. بۆ وێنە ناسیۆنالیزمی هیندو لە هیند، پۆپۆلیزمی ڕاستگەرا لە برێزیل و گەورەبوونەوەی زۆردارانەی دەوڵەتی لە مەجارستان کە ئەندامی یەکیەتی ئەوروپاشە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕەخنە لە حکومەتی تورکیە گیراوە کە بەردەوامە لە گوشار بۆسەر میدیاکان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیان.

هێندێک لە وڵاتان هەوڵ دەدەن ساختاری دێموکراتیک و مافە مەدەنیەکانی خەڵک بەرتەسک بکەنەوە و بە بڕوای کارناسانی دامەزراوەی برتلسمان ئەو دۆخە لە مەجارستان زیاترە و دەوڵەت بە بیانووی کۆڕۆنا ڕەوتێکی مەترسیداری بە بەرتەسک کردنەوەی ئازادیە مەدەنیەکان دەستپێکردووە.

لە لایەکی دیکە ڕاپۆرتەکە باس لە ڕەوتی ڕووبەگەشەی دیموکراسی و مافە مەدەنیەکان لە هێندێک وڵات دەکات. ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە ئیتیوپی، ئەلجەزایر و سودان هیوای خەڵکی بە ساختاری دێموکراتیک بەهێز کردووە.

کارناسانی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی برتلسمان لە ساڵی ٢٠٠٤وە تا ئێستا چاودێری لەسەر چەند و چۆنی پێوانەکانی دێموکراسی لە ١٣٧ ولاتی جیهان دەکەن و دوو ساڵ جارێک ڕاپۆرتێک لەو بارەوە  بڵاو دەکەنەوە.