بۆ یەکەمجار لە دواى ٢٠٠٣ـەوە، فەرماندەى سوپاى قودسی ئێران لە عێراق ڕووبەرووى "یاخیبوونێکى سیاسی" بووەتەوە، کە هەوڵەکانى چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەى کابینەکەى سەرۆکوەزیرانى بەغدا بە هێمنی و سەرکەوتوویی تێپەڕێت.
بەهۆى نزیکبوونەوەى کۆتاییەکانى وادەى دەستوورى پێکهێنانى حکومەت کە عادل عەبدولمەهدی دەستنیشان کرا بۆ پێکهێنانى حکومەت و هەندێک لە ناوى وەزیرەکانى ئاشکرا کردووە، لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت لە نێو پارتە شێعەکان هەوڵی ئەوە دەدەن، تەگەرە بۆ سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێدراو دروست بکەن.
یەحیا کوبێسی، پسپۆڕو شارەزای سیاسی عێراقی بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەی ڕاگەیاندووە "ئەو ناوانەى دەخرێنەڕوو زۆربەیان لە لایەن فراکسیۆنە سیاسییەکانەوە پاڵیۆڕاون، تا ئێستاش هەڵوێستى ڕوونى عادل عەبدولمەهدی نازانرێت چییە". ڕوونیشی دەکاتەوە "پێکهێنانى حکومەتى ئەم جارەى بەغدا هیچ جیاوازییەکى لەگەڵ حکومەتەکانى پێشوو نییە، چوونکە بەندە بە دابەشکاریییە ناسنامەکانەوە". کوبێسى پێشبینى ئەوەشى کردووە "حکومەتى ئەم جارە، ملکەچی هەمان هاوشێوە بێت کە حکومەتەکەى حەیدەر عەبادی لە دواى ڕاگەیاندنى چاکسازییەکانى ڕووبەرووی بووەوە".
قاسم سولەیمانى سەردانى کەسایەتییە عێراقییەکانى کرە، بەڵام وا دیارییە بڕیارەکانیان بە دڵى ئەو نابێت
بەپێی هەندێک سەرچاوەى سیاسی لە نێوخۆى عێراقدا "قاسم سولەیمانى، لەچەند ڕۆژى ڕابردوو سەردانى ١٣ کەسایەتى و سەرکردەى سیاسی شێعە، سوننە و کوردەکانی کردووە، بۆ ئەوەى دوایین پێشهاتەکانى پێکهێنانى حکومەت تاوتوێ بکات". لە نێو ئەو کەسایەتیانەش (نوری مالیکی ڕێبەرى دەوڵەتى یاسا، عەممار حەکیم ڕێبەری ڕەوتى حیکمە، قەیس خەزعەلى سەرۆکى بزوتنەوەى عەسائیبولئەهلی حەق، هادی عامری ڕێبەرى هاوپەیمانى فەتح، فالح فەیاز سەرۆکى بزووتنەوەى عەتا) و لە نێو سوننەکانیش سولەیمانى چاوی بە (خەمیس خەنجەر، جەمال کەربولی سەرکردەکانى میحوەری نیشتیمانى سوننەکان) کەوتووە.
هەروەها مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و باڤێڵ تاڵەبانی لە یەکێتى نیشتمانى، لەنێو لیستەکانى فەرماندەى قودس بووە کە چاوی پێکەوتوون. جگە لەو کەسایەتیانەش بەرهەم ساڵح سەرۆکى کۆمار، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانى ڕاسپێردراو و مەحمەد حەلبوسی سەرۆکى پەرلەمانی بینیوە.
سولەیمانى فشارێکى زۆری بۆ سەر ئەو سەرکردانە هێناوە، بۆ ئەوەى یەکلاییکردنەوەکانى عەبدولمەهدی پەسەند بکەن، تاوەکو حکومەتەکەى بەهێمنى و بەخێرایی لەرێگەى پەرلەمانەوە تێپەرێنێت".
راپۆرتە بڵاوکراوەکانى نێو گۆڕەپانی سیاسی هیمایان بەوە کردووە "پاڵپشتیەکانى تاران بۆ عەبدولمەهدی، بە ماناى پاڵپشتىکردنى کۆماری ئیسلامی بۆ سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو نایەت، بەڵکو ئامانجی هێورکردنەوەى کەشوهەوای سیاسییە، تا حکومەتەکەى بەغدا لەسەر ڕژێمەکەى هەژمار نەکرێت".
تاران لەپاڵ ئەوانەش نایەوێت حکومەت لە بەغدا پێک بهێنرێت و بەئاسانى بکەوێتە بەر ئامانجەکانى واشنتۆن، بەڵکو دەیانەوێت حکومەتەکەى عێراق لە ئەمریکاوە نزیک بێت، تا بتوانن بە لایەنى کەمەوە لە دوو ساڵی یەکەم کارەکانى خۆیان لەژێر سێبەرى سزاکانەوە خۆیان ڕێک بخەنەوە.
لەدەرەوەى سنوورى عێراقدا، لە ناوەندە سیاسییەکانى ئێران دەنگۆى ئەوە بەرز بووەتەوە "سوپای پاسداران ٤٦ گرووپی چەکداری و ٥٠ حزبی سیاسی نزیک لەخۆى هەیە، لەسەرووى ئەوانەش دەستێکى باڵای لە نێو وەزارەتە ئەمنییەکانى ئەو وڵاتە هەیە، چۆن نەیتوانیوە پارێزگاری لە قونسوڵخانەى لە بەسرە بکات". تەنانەت پرسیار لەوەش دەکەن "ئەو هەموو پاڵپشتى و هاریکارییەى پێشکەش بەو لایەنانە کراوە، هیچ سوودێکى ئەوتۆیان بۆ تاران نەبووە".
ئەوەى ئێستا لە گۆڕەپانى سیاسی عێراقدا بەدی کراوە، بۆ یەکەمجارە لایەنەکانى بەغدا گفتوگۆییەکانیان لەبازنەى سوپاى پاسداران دەردەهێنن وەک مەرجەعیەتێکى سیاسی و، بەرەو لایەنەکانى دیکە دەگوازنەوە. باشترین نمونەش گفتوگۆکانی عێراقە لەگەڵ عەلى لاریجانى، سەرۆکى ئەنجوومەنى شوراى ئێرانی بووە، کە داواى لێکراوە "پاڵەپەستۆکانى سولەیمانى بەسەر لایەنەکانى عێراقدا کەم بکاتەوە".
ئەو هەنگاوانەش بەغدا بە یاخیبوونێکى سیاسی دژى سیاسەتەکانى فەرماندەى سوپاى قودس دێت، کە تەواوی جومگەکانى دەسەڵاتى عێراقی بەدەستەوە.
هەرچەندە زۆربەى لایەنە سیاسییەکانى نێو پەرلەمانى عێراق، سەرەتا رێگەیان بە عەبدولمەهدی دا، بۆ ئەوەى بەئارەزووی خۆی پۆستەکانى نێو کابینەکەى دیاری بکات، بەڵام دواتر لەو هەڵوێستەیان پاشگەز بوونەتەوەو، ئەوەشى باسکرا تەنها "بانگەشەیەکى میدیایی" بووە بۆ خەڵکە توڕەکەى شەقام.