Ana içeriğe atla

ئەمریکا دەیەوێت قەرەبووى نەوتى ئێران لە بازاڕەکان بکاتەوە

ئەمریکا دەیەوێت قەرەبووى نەوتى ئێران لە بازاڕەکان بکاتەوە
"واشنتۆن، ڕیازو مۆسکۆ، لە توانایاندایە بۆ 18 مانگی داهاتوو قەرەبووى پاشەکشێى دابینکردنى نەوتى ئێران بکەنەوە".
posted onOctober 1, 2018
noyorum

 

پسپۆڕێکى شارەزاى نەوت لە بارەى سەپاندنەوەى سزاى ئابوورى ئەمریکا بەسەر ئێراندا ڕایدەگەیەنێت " ئەمریکا دەیەوێت خۆى لەگەڵ سعودیە، ڕووسیا پاشەکشێکردنى بەرهەمهێنانى نەوتى ئێران پڕ بکەنەوە".

 

عەلى سەڵاح لە نوێترین شیکردنەوەى ئابووریدا لە ماڵپەرى (میدڵ ئیست ئۆنڵاین) ڕوونی دەکاتەوە "زاراوەى بەرهەمهێنانى زیادە لەبازاڕەکانى نەوت یەکێکە لە پێنوێنە هەرە گرنگەکان، ڕەنگە ببێتە پاڵنەرێک یاخود هۆکارێک بۆ سەقامگیری و ناسەقامگیری بۆڕسە". ئاماژە بەوەش دەکات "خاڵى گۆڕانکاری ئەو زاراوەیە بە پێی بەکارهێنانى پێگەى کاریگەرییەکەى دەردەکەوێت و، تاچەندیش دەتوانێت هاوسەنگی وشڵەژان دروست بکات".

ئەو نووسەرە دەشڵێت "زۆربەى بەرهەمهێنانى زیادە هەمیشە بەدەست بەرهەمهێنەرانى ڕێکخراوى وڵاتانى هەناردەکارى نەوت (ئۆپێک) بووەو، بەکارهێنانیشى وابەستەى سیاسەتە بەرهەمهێنانى ئەو ڕێکخراوە بەستراوبووەتەوە، کە ئەویش لەسەر بنەمای خستنەروو و داواکاریی بازاڕەکانە". سەڵاح هیما بەوە دەکات "دەرکەوتنى یاریزانى نوێ لەنێو گۆڕەپانى وڵاتانى بەرهەمهێنەرى ووزەى زیادە، کۆمەڵێک پرسیاری هەنووکەیی دروستکردووە لەبارەى چۆنیەتى بەکارهێنانى ئەو وزەیە، چونکە هەموو ئەو وڵاتانە سیاسەتى نەوتى هاوبەشیان نییە".

دووپاتی دەکاتەوە "ڕەنگە ئەمرۆ ئەو سیاسەتە بۆ سەقامگیری بازاڕى نەوت بەکاربهێنرێت، بەڵام لەکاتێکی دیکەدا ببێتە هۆکارێک بۆ داڕمانى بازاڕەکان". نرخەکانى نەوتى خاو لەبازاڕەکانی جیهاندا لەدواى حوزەیرانى ٢٠١٤، بەهۆى زۆربوونى خستنەرووى نەوتى و بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلاری ئەمەریکى بەرامبەر سەبەتەی دراوە سەرەکییەکان، لە ١١١.٤٨ دۆلارەوە بەرەو دابەزین هەنگاوی نا، بەئاستێک تا کۆتایی ساڵ نرخی یەک بەرمیل گەیشتە ٥٢.٠٥ دۆلار.

زۆرترین ئەو خستنەڕووانەش لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان، شانەشینى سعودیەو ڕووسیا بوون، کە وەک چەکێکى سیاسی دژ بەنەیارانى خۆیان بەکاریان دەهێنا. لەلایەن خۆیەوە ڕێک بیری، وەزیرى وزەى ئیدارەى کوشکی سپی لەبارەى سەپاندنەوەى قۆناغی دووهەمى سزاکانى وڵاتەکەى بەسەر تاراندا دووپاتی دەکاتەوە کە "واشنتۆن، ڕیازو مۆسکۆ، لەتوانایان دایە بۆ١٨ مانگی داهاتوو قەرەبووى پاشەکشێیەکانى دابینکردنى نەوتى ئێران قەرەبوو بکەنەوە".

بەگووتەى پسپۆڕە نەوتیەکە بێت "لەسەرەتاى تشرینى دووهەمى داهاتووەوە، کەقۆناغی دووهەمى سزاکانى ئەمریکا دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەئاستێکى بەرچاو دادەبەزێت". لێدوانەکانى بەرپرسەکەى واشنتۆن دەری دەخات "ئەو وڵاتە خاوەنى وزەیەکى بەرهەمهێنراوى نەوتى زیادەیە، بەو قەبارەیەى کەکاریگەرى لەسەر هاوسەنگییەکانى خستنەروو و داواکارییەکانى بازاڕی نەوت بکات".

بەبۆچوونى پسپۆڕانیش "ئەمە هۆکارێکى سەرەکییە بۆ ناسەقامگیریی بازاڕەکان، بەتایبەت بەرامبەر ئەو ستراتیژییەتەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا لەو کەیسە پەیڕەوی دەکات". ئەمەش لەکاتێکدایە ترامپ، لەماوەى پێنج مانگی ڕابردوو بەبەردەوامى هێرشى کردۆتە سەر ئۆپێک و، داواى لێکردووە بۆ دابەزینى نرخەکانى نەوت بەرهەمهێنانیان بەرز بکەنەوە، ڕەخنەکانیشى بەتایبەت ئاراستەى گەورە بەرهەمهێنەرى نێو ئەو ڕێکخراوە کردووە کەئەویش سعودیەیە.

هەرچەندە ئێستا نرخەکانى نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا توانیویەتى تاڕادەیەک قەرەبووى زیانەکانى بکاتەوە، بەڵام نەگەیشتۆتە هەمان نرخەکانى حوزەیرانى ٢٠١٤، بەڵکو بەپێی دوایین ئاماری ئەو بازاڕە نرخی یەک بەرمیل نەوتى خاوی برێنت لەئاستى ٨٣دۆلارى ئەمەریکیە. پێشبینى دەکرێت لەدواى تشرینى دووهەمی داهاتووش بگاتەوە سەرووی ٩٠دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت.

ئەمریکا کەخاوەنى بەرهەمهێنانی نەوتى لیتەییە، هەوڵێکى زۆر دەدات بگەرێتەوە بازاڕەکانى جیهان، کەلەدواى ٢٠١٤ـەوە بەناچاری چۆڵیکردووە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا نایاوێت گەرانەوەى باجێک بێت بۆ دەرچوونەوەى خێرا لەو مامەڵە بازرگانیەى هەیە. چونکە تێچووى هەر بەرمیلێکى نەوتى لیتەیی ئەمریکا لەسنوورى 55 بۆ 65 دۆلارە، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ نرخەکانى ئێستا لەقازانجی ئەو جۆرە ووزەیە، لە بەرامبەریشدا قازانجێکى ناڕاستەوخۆیە بۆ کۆمارى ئیسلامی، کەواشنتۆن دەیەوێت ئاستى بەرهەمهێنانى بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزێنێت.

پرۆسەى بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوت ئێستا لەسنوورى 2.8 ملیۆن بەرمیل نەوتە، بەڵام لەدواى سەپاندنى قۆناغی یەکەمى سزا ئابوورییەکانى ئەمریکا بەشێوەیەکى بەرچاو بەرهەمهێنانى دابەزیوە، بەجۆرێک ڕۆژانە ٠.٨ ملیۆن بەرمیل پاشەکشێی کردووە. بەڵام بەرزبوونەوەى نرخەکانى بۆ ئاستەکانى پێشووى، تاڕادەیەک لەقازانجی تارانە، چونکە هەناردەکردنى قەبارەیەکى زۆر بەنرخێکى هەرزان، یەکسانە بەهەناردەکردنى قەبارەیەکى کەمتر بەنرخێکى بەرز. بەو هۆیەوەش سزا ئابوورییەکانى ئەمریکا تاڕادەیەک کاریگەرى کەمتر بەسەر ئەو ڕژێمە دەردەکەوێت.

بەرزترین قەبارەى بەرهەمهێنانى نەوتى ئێران لەنیسان گەیشتە ئاستێکى پێوانەیی بە ٣.١ ملیۆن بەرمیل، بەڵام لەئایار کەوادەى کشانەوەى تاکلایەنانەى ئەمریکا بوو لەرێکەوتنە ئەتۆمییەکە واژۆ کراوەکەى، دابەزینەکانى دەست پێ کرد. ئێستا بازاڕەکان تاوتوێی قەرەبووى ٢.١ ملیۆن بەرمیل دەرهێنراو لەبازاڕەکان دەکەن، کەمانگێکى دیکە لەلایەن ئێرانەوە بەدی دێت، چاوەکانیش لەسەر واشنتۆنە کە گریمانەى ئەوە دەکەن "بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێکخراوی ئۆپێک تاکلایەنانە بازاڕەکان نقووم بکاتەوە".

پسپۆڕە نەوتییەکەش دەشڵێت "بەرهەمهێنەرە تەقلیدییەکانى ئۆپێک وەک سعودیە، ڕووسیا، ئیمارات و کوەیت و عێراق، خاوەنى بەرهەمهێنانێکى نەوتى زیادەن و، بە ٣.٤  ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا خەمڵێنراوە، لەپاڵ ئەوانەش یەک ١.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتى دیکەش هەیە کەپێشبینى دەکریت لەداهاتوو لەلایەن سعودیەو کوەیت لە کێڵگە هاوبەشەکان بخرێتە نێو عەمبارەکان، کۆى گشتیشى ئەو ووزەیە بگاتە ٤.٩ ملیۆن بەرمیل".

 عەلى سەڵاح ئەم شیکردنەوە ئابوورییە نوێیەى لە ماڵپەرى (میدڵ ئیست ئۆنڵاین) بڵاو کردووەتەوە

 عەلى سەڵاح ئەم شیکردنەوە ئابوورییە نوێیەى لە ماڵپەرى (میدڵ ئیست ئۆنڵاین) بڵاو کردووەتەوە

 

لەسەر ئاستى کڕینى نەوتى خاویش سەرەڕای کەمکردنەوەى ئاستى هاوردە کردنى نەوتى ئێران، لەلایەن کۆریای باشوور، ژاپۆن، هیندستان و چین، بەڵام دابینکردنى خواستى ئەو وڵاتانە لەلایەن بەرهەمهێنەرانى ئۆپێک قەرەبوو کراوەتەوە، بەتایبەت عێراق و سعودیە. بەڵام بەرهەمهێنانى نەوتى لیتەیی، بەئاسانى ئەمجارە ڕێگە بەبەرهەمهێنەرانى ئۆپێک نادات، بەئارەزووی خۆیان مامەڵەى بازرگانى لەبۆڕسە ئەنجامبدەن، یاخود ڕۆڵى ئێران پڕ بکەنەوە، چونکە ئێستا چاوی لەو پێگەیە، بۆ ئەوەى بیخاتە سەر کۆى گشتى بەرهەمهێنانى نەوتى خاو کە ئێستا لە سنوورى ١٠ ملیۆن بەرمیل دەبێت لە رۆژێکدا.

هەرچەندە ڕێژەى ئۆپێک لەبازاڕەکاندا لەچەند دەیەى ڕابردوو بەشێوەیەکى بەرچاو پاشەکشێی کردووە، بەڵام هێشتا توانیویەتى زۆربەى بازاڕەکان بۆ خۆى قۆرخ بکات، ئەگەری ئەوەش هەیە لەدەیەى داهاتوو، بەتایبەت لەنێوەندی دەرکەوتنى یاریزانى زیاتری کەرتى ووزە، ئەو ڕۆڵەى کەمتر ببێتەوەو، کاریگەرییەکانى لەسەر بازاڕەکانى نەوت لاوازتر بێت.

بەپێی شیکردنەوەى عەلی سەڵاح "پیشەسازی نەوتى ئەمریکا لەئاستەکانى ٢٠١٥ و ٢٠١٦ ڕانەوەستاوە، بەڵکو لەدوو ساڵى ڕابردوو بەرهەمهێنانى نەوتى ئەمریکا بەسەدا ١٨ بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە، لەساڵى ٢٠١٦ ئاستى بەرهەمهێنان لە ٨.٩ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا بۆ ١٠.٥ ملیۆن بەرمیل لە ٢٠١٨ بەرزبووەتەوە، تەنانەت لەسەرەتاى ئەمساڵەوە بەئاستى ١.٧٥ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا ئاستێکى زیاتر دەخاتە بازاڕەکان".

واشنتۆن لەیەک کاتدا پرۆسەى هەناردەکردن و هاوردەکردنى نەوتى خاوی خۆی ئەنجام دەدات، بە شێوەیەک گۆڕانکاری گەورە لەشێوەو قەبارەى ئەو پرۆسەیە بەدی دەکرێت. لەو نێوەندەشدا نەوتى لیتەیی ڕکابەرییەکى تووند لەدواى تشرینى دووهەمى داهاتوو لە بازاڕەکان دروست بکات، بۆ ئەوەى پشکی خۆى لەسەر حیسابی ئێران و ئۆپێک بەتایبەتى بەرز بکاتەوە. ئەگەری ئەوەش هەیە بەپێی سنوورى جوگرافی و داشکاندنى نرخەکان، ئاراستەى  یەکەمى نەوتى لیتەیی سەرەتا بۆ نێو بازاڕە کۆنەکانى ئێران بێت وەک "تۆکیۆ، سیئۆل و نیودلهی بن".

کۆى گشتى پرۆسەکەش بەستراتیژییەتى سەرۆکى ئیدارەى واشنتۆنەوە بەستراوەتەوە، لەچەند مانگی داهاتوو پرۆسەی خستنەرووى ووزەى بەرهەمهێنراوى زیادەکان چۆن دەخرێنەروو و، تاچەندیش کاریگەرى لەسەر بازاڕەکان دروست دەکەن.