Ana içeriğe atla

کەنوله، نیشتمانێک لە حەماسە و بەهەشتێک لە شەراو

کەنوله، نیشتمانێک لە حەماسە و بەهەشتێک لە شەراو
AvaToday caption
posted onSeptember 3, 2019
noyorum

شهرام میرزائی (پەڕاو کرماشانی)

 

١١٠ ساڵ لەو ڕۆژەوه تێدەپەڕێ که "سەرهەنگ قەنبەر خان" له ڕێی فەوجی کەنولەوه، "اعظم الدوله حسین خانی زنگنه" له نزیکی کەنوله دەسبەسەر دەکات و تەحویلی لاینگرانی "سالار الدوله" له کرماشان ئەدات. لەم یەک سەدەیەدا، رۆژهەڵاتی نیشتمانمان رووداوگەلێکی تاڵ و شیرینی زۆر به چاوی خۆیەوە دیوه که مخابن تاڵییەکانی ئەم بەسەرهاته ئەونده زۆره که قورساییەکەی له رادەبەدەر و هەتا ئەمڕۆ درێژەی هەیه.

 

کەنوله که له ٧٥ کیلومتری کرماشان هەڵکەوتووه، "ئاژوان" کەوتووەتە بەرامبەرى، زنجیره کێوێک کە لە "قەڵا"وە تا "میان ڕاهان" درێژ دەبێتەوە. "کونه خرس" و "ویکتوریا" نێوی دوو ئەشکەوتی بەناوبانگی ئاژوانن و بەرزترین شاخیشی ٣١٠٠ مەتره.

داگیرکەران بۆ ئەوەی جوانی ئەم بەهەشته ونبووه له نێو ببەن، له زۆر شوێنی ئەم ناوچهیه پایگاه و پادگانی نیزامییان دروست کردووه که هەر کام لەم پادگانانە ڕووبەری زۆرێکه له دەشتەکانی ژێر پێی ئاژوانیان یەغسیر کردووه و له نێو بردووه، پادگانگەلێک که تەنانەت نزیککەوتنەوە لێیان قەدەغەیه و کەس نازانی کۆماری ئسلامی لەوێ سەرقاڵی چییه. پێکهاتەی گرانیتی ئەم کوێستانه بووەته هۆی سەر رێژ بوونی رووبارگەلێکی زۆر که له کەمتر شوێنکی کرماشان ئاوا شتێک بەدی دەکرێت. هەروەها کەنوله له باکوور، پشتی به کێوی "کوڵه گەورا" گەرمه و له باکووری ڕۆژئاوایش شانی داوەته کێوی "خڕە سیه" و له باشووریش کێوی "پير ئەفتەو" له بەر پێیەتى.

کەنولە ١

بەڵام کەنوله ماناى چییە؟

"کەن" له زمانی کۆنی کوردیدا به واتای "گوند، جێی نیشتەجێبوون و کۆمەلگا"یه و "وله" یان "له" واته بچووک و خنج و منج، که دەبێته کۆمەڵگای بچووک یان گوندی بچوک.

له ویکیپدیای فارسی له بەرانبەر وشەی کەنوله هاتووه : "این محل در اصل مکان قلعه رکن‌الدوله، حاکم این منطقه بوده‌است که بعدها به صورت کندوله، درآمده‌است. کن در زبانی ترکی به معنای روستا و دوله هم از رکن الدوله گرفته شده و به اختصار این منطقه را کندوله خواندهاند".

واتە: قەڵای "رکن الدوله" حاکمی ناوچه لەم بەشه دا بووه، بۆیه ناویان ناوە "کندوله"، کەن له تورکی یانی گوند و دولهیش له ناوی "رکنالدوله" گیراوه که کورت کراوهکەی دەبێته کندوله.

گوڕینی شێوهی دەربڕینی نێوی شار و گوند و ناوچەکانی کوردستان له لایەن داگیرکەرانی وڵات، بەشێک له پرۆسەی ئاسیمیلاسیۆنی کورد که لەو رێگایەوه به گۆڕینی نێوەکان هەم مێژووی پشتی ئەو نێوه دەسڕنەوە و هەم مێژوویێکی چەواشەکارانهی بۆی ساز دەکەن، تا نەوەی کورد له مێژووی خۆی نامۆ بکەن و به ساکاری ئاسیمیلەی بکەن. بۆ وێنه ناوی یەکێک له گۆنده هەره کۆنەکانی کرماشانیان به فارسی نووسیوه "دزد آباد" و خەڵکی ئەو ناوچەیش دوای چەند دەیه ناوی گوندەکەیان به دزاوا دەهێنن و کاتێک لیان دەپرسی بۆ دزاوا، دەڵین له سەرده‌مانی زۆر کۆنەوه ئەم ناوچه چەتەی زۆر بووه، بەڵام کاتێک بەڵگه مێژووییەکان دەخوێنینەوه ناوی سەرەکی ئەو ناوچەیه "دژئائر" یانی قەلای ئاگر بووه که ئاماژە به بواری ئایینی ئەو ناوچەیەیە لەسەردەمی کۆنی کوردستان.

کەنولە ٢

  وڵاتی خەونه بەهەشتییەکان

پیشهی سەرەکی کەنولەییەکان وەک هەر هەورامییەکی دیکه، باخەوانییە. ئاوی فەراوان و خاکی بەپیت و کەشوهەوای لەبار بووەته هۆی خۆڵقاندنی وێنەیەک له بەهەشت. کەنوله زیاتر له ٩٠٠ باخى هەیە که ڕووبەرێکی فراوانە. بەرهەمی سەرەکی ئەم ناوچەیه هەنگوره (ترێ)، که له هەموو کوردستان و ئێراندا نێوبانگێکى گەورەى هەیە، تەنانەت هەناردەى دەرەوەی وڵاتیش دەکرێت.

له کەنوله زیاتر له ١٩ جۆر هەنگور بەرهەم دێت که له هیچ شوێنێکی دیکەی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەراست بهدی ناکرێن. هەر بەم هۆیەوه له رۆژانی کۆنەوه تا ئێستا کەنوله به نیشتمانی شەراو (شەراب) و ئارق له نێو کوردان به تایبەت کوردانی کرماشان بەناوبانگه. عاشقانی مەی و باده هەمیشه له وەرزى هەنگورڕنین، ڕوو لە کەنوله دەکەن تا باشترین هەنگوری دونیا بکەنە شەراو و مێوژ تا ئەویش دواتر بکەنە بێگەردترین ئارەق، بۆیه کەنوله به نیشتمانی خەونه بەهەشتییەکانیش بەناوبانگه و له بیرەوەرییەکانی کوردان لەو ناوچەیه جێگای تایبەتی خۆی هەیه.

جێگای ئاماژەیه له چوار ساڵی رابردووەوە تا ئێستا، بۆ ڕاکێشانی گەشتیارانی ئێرانی بۆ ئەو ناوچەیه ساڵانە فێستیڤاڵێک به ناوی "دەنگی پای بەهار" لهو گوندە بەڕێوه دەچێت.

کەنولە ٣

گلێنه دوورکەوتووەکەی هەورامان

هەر ڕێبوارێک که ڕێگای دەکەوێته کەنوله به بیستنی زمان و زاراوەی ئەو خەلکە تووشی سەرسامی و حەیران دەبێ که چون دەبێ له ناوچەیەکی دوور و جیا له هەورامان، گوند و خەڵکانێک هەبن که به هەورامی قسه بکەن. له راستیدا دەبێ بڵێین زمانی خەڵکی کەنوله هەورامییه و به وتەی خەڵکی ئەو ناوچهیه، "ماچۆ" زمانن. کەنوله سەدان کیلومتر له هەورامان دووره، له نێوان "بێڵەوار" و "میان ڕاهان" هەڵکەوتووه و تەنانەت یەک گوندی هەورامی زمانیشی لێ نزیک نییه و هەموو خەڵکی ئەو ناوچەیه به زاراوهی کرماشانی قسه دەکەن.

خودی خەڵکی کەنوله بۆ ئەم بابەته ئەفسانەیەکیان هەیه، به پێ ئەو ئەفسانەیه "له سەردەمانی زۆر کۆنەوه دوو برا هەبوون که هەرکام ژن و مناڵ و ماڵی خۆیان هەبووە، رۆژگار کارێک دەکات که ئەو دوو برایه له یەک جیا ببن و یەکێکیان بچێ بۆ شاهۆ و هەورامانی ئەمڕۆ و ئەویتریشیان ڕوو بکاتە کەنوله. بەم شێوەیە کەنوله و هەورامان له یەک جیا بوونەوە."

بێشک ئەم ئەفسانەیه بنەمای مێژوویی و ڕاستى نییه، بەڵام دەرخەری پەیوەندی سایکۆلوژی و دەروونی کەنوله و هەورامانه.

ئەڵماس خان

ئەڵماس خان و حەماسەی کوردی

بابەتەکەمان به ڕووداوێکی سیاسی ـ مێژووی دەست پێ کرد و دەمانهەوێ به تەوەرێکی فەرهەنگی ـ مێژووی تەواوی بکەین.

 "ئەڵماس خان کەنوولەیی" یەکێک لەو گەورە پیاوانەی کورده که بۆ پاراستنی گەلەکەی له دەست هێرشی فکری و زمانی و کەلتوری داگیرکەر، دەستی بۆ قەڵەم بردووه و ئەدەبیاتی زارەکی گەلەکەى له چوارچێوەی کۆمەڵێک کتێبی شیعری تۆمار کردووه که ئەمڕۆکه به ئەدەبیاتی حەماسی دەیناسین و نەتەوەکەمان شانازی دەکات که خاوەنی ئەدەبیاتی حەماسی کۆنە لە دونیادا. حەماسەگەلێک که به زمانی شیعر ڕازێندراون و به شانامهی کوردی بەناوبانگن.

دکتور "سید ئارمان حوسێنی ئابباریکی"، لێکۆڵەری کرماشانی، سەبارەت به ئەڵماس خان دەڵێت: بەخت و چارەنووسى ئەم شاعیره بەناوبانگەی کوردستان ئەوەنده بەرزه که زۆرینهی مەنزوومه حەماسییەکان، که هەر کام بەشیکن له شانامهی کوردی، به ناوی ئەوەوە تۆمار کراون له حاڵێکدا زۆربەیان شاعیرگەلێکی نەناسراو ئەو مەنزومانەیان نووسیوه بەڵام له رووی بەناوبانگی ئەڵماس خان به نێوی ئەو تەواو بووه.

به پێچەوانەی ئەم شانس و چارەنووسە که ئەڵماس خان له دونیای ئەدەبیات هەیبووه، ئەم شاعیره کورده له درێژەی ژیانی خۆی چارەڕەشی و کوێرەوەری زۆری دیوه. ئەڵماس خان که له ساڵی ١١١٨ هیجری قەمەری له گوندی کەنوله لەدایک دەبێت، به هۆی ئەو زانست و خوێندەوارییەى که هەیبووه به "میرزا" و "مەلا" بەناوبانگ بووه و هەروەها لەبەر ئەوەی فەرماندەی فەوجی کەنوولەش بووه نازناوی "سەرهەنگ"یشیان پێ بەخشیوه.

سەبارەت به ژیان و بەسەرهاتی ئەم شاعیره بەناوبانگەی کوردستان، ئەفسانەگەلێک کەوتووەتە سەر زاری خەڵکی دەڤەری کەنولە. دەڵێن کاتێک نادر شای هەوشار سەرقاڵی داگیرکردنی هیندوستان بووه له نێو ئەرتەشەکەیدا پیاوێکی دیوه که به دوو دەستی شمشێری وشاندووه و پەیتا پەیتا دوژمنی کوشتووه. نادر شا دەپرسێ ئەو پیاوه کێیە که ئاوا دوودەستی شمشێر دەوەشێنێت؟ دەڵین ئەڵماس خانی کەنولەیه. نادر شایش دەڵێ دوای شەڕ بانگی بکەن بۆم. دوای شەڕ ئەڵماس خان دەڕواته لاى شای ئێران و ئەویش لێى دەپرسێت: ئەڵماس خان تۆ تا ئێستا له کوێ بوویت، تو بەو ئازایەتی و بوێریەوە که هەته دەتتوانی زۆر جێگا بگریت. ئەڵماس خانیش له وەڵامدا دەڵی: هەتا ئێستا پیاوێکی وەک تۆ نەبووه که درفەتم بۆ بڕەخسێنێت.

له زۆر کتێبدا باسى چارەنووسى ئەڵماس خان له نێو لەشکرەکەى نادر شا کراوە که: به هۆی ئەوەی ئەڵماس خان هۆکاری سەرەکی شکستی لەشکرەکەی نادر شا بووە لە شەڕ دژى سوپای عوسمانی له سالی ١١٤٦هیجری قەمەری، نادر شا ئەختەی دهکات و دواتر دەری دەکات و لەو رۆژەوه له گوندەکەی خۆی واتە کەنوله نیشتەجێ دەبێت. هەر لەو ساڵانه‌یش دەبێ که شانامه کوردییەکان که له زار و سینگی خەڵکى ناوچەکەدا بوون، کۆیان دەکاتەوە و به شێوەیەکی ئوستادانه دەیانکاته شیعر و تۆماریان دەکات، بەڵام دکتور ئارمان حوسێنی لەو باوەڕەدایه که ئەم باسانه راست نین و ئەگەر نادر شا غەزەبی له ئەڵماس خان گرتبێت و له پیاوەتی خستبێت، بۆ ئەڵماس خان لە کتێبی "نادرنامه یان جەنگنامەی نادری"، وەسفی شەر و ئازایەتی نادر شا دەکات؟!

لێکۆڵێنەرانی کورد له زۆر شوێن و کتێبدا باس له ٢٥ بەرهەمی ئەڵماس خانی کەنوولەیی دەکەن له حاڵێکدا دکتور حوسێنی لەو باوەڕەدایه به هۆی ئەوەی ئەڵماس خان له نووسینی شانامەی کوردی له کوردستان بەناوبانگ بووه، هەر بەشیک له شانامه که نووسراوەتەوه و نووسەرەکەی دیار نەبووه، به نێوی ئەڵماس خان تەواویان کردووه. ئەم لێکۆڵەره کورده دەڵێ: ئەو بەرهەمانه که خوڵقێنەریان ئەڵماس خانی کەنولەییه و لهو راستییه هیچ شەک و گومانێک نییه بریتییه له: جەنگنامهی نادر یان نادرنامه، شیرین و فەرهاد و "گربه و موش".

لێکۆڵەرانی بواری ئەدەبیات لەو باوەردان شانامهی کوردی نه لاسایی و نه وەرگێراوی شانامەی فردۆسییه، بەڵکوو بەرهەمێکی سەربەخۆیه که له ناخ و قووڵای ڕۆح و رەوانی گەلی کورد هەڵقوڵاوە و له ژیان و فکر و هەستی کورد دەدوێ و لەگەڵ شانامەی فارسی که زمانێکی حکومەتی و دەرباری هەیه زۆر جیاوازه. له راستیدا ناتوانین لەم کورته نووسینه باس له شانامهی کوردی و جۆرەکانی و تایبەتمەندییەکانی بکەین.

ئەڵماس خان کەنولەیی له ساڵی ١٢٠٠هیجری قەمەری کۆچی دوایی کردووە. بەم بۆنەیەوە میرزا شەفێع دینەوەری یەکێک له شاعیره بەناوبانگەکانی نیشتمانمان که هاوپیاڵه و هاودەم و هاوڕازی میرزا ئەڵماس خانی کەنولەیی بووه له شیعرێکدا خەم و پەژارەی خۆی به هۆی له دەستدانی ئەو گەورە پیاوه دەردەبڕێت و دەڵێ:

میرزام خامووشان میرزام خامووشان

مبارەکت بوو ماوای خامووشان

نووشت بوو بادەی بیھووشی ھووشان

رەفیق مەجڵس جەرگەی مەی نووشان

سەرای سەنگ و گل وەنت بار نەبوو

رووھت نە دیوان شەرمەسار نەبوو

ھانام بۆ ئێجاز دئای خاسان بوو

سزای گوڕ ئەفشار وەنت ئاسان بوو

نە وەخت سئاڵ پرسای خەیر و شەر

قادر وە قودرەت لێوت کەروو تەر

بینای بێزەواڵ، شای پشت پەردە

ببەخشووت گوناێ کردەی ویەردە

دڵ ماوەروو تەنگ وەی کراماتە

میرزام یە سەفەر ھات و نەھاتە