Ana içeriğe atla

شێرزاد حەسەن بۆ ئاڤاتودەی: ئەدیب پەیامێکی ئەخلاقی و ئینسانی پێیە

شێرزاد حەسەن بۆ ئاڤاتودەی: ئەدیب پەیامێکی ئەخلاقی و ئینسانی پێیە
AvaToday caption
posted onAugust 29, 2019
noyorum

شێرزاد حەسەن چیرۆکنووس و ڕۆماننووسى بەنێوبانگى کورد کە خەڵکى باشوورى کوردستانە، لە نێو ئەدەبیاتى کوردیدا قەڵەمێکى دیارە و ناکرێت ڕۆمانە گرنگەکانى وەک بناغەیەک لە ڕۆمانى کوردى هەژمار نەکەن. لە فەڕەنسا، تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى گفتوگۆیەکى لەگەڵ ئەنجام داوە کە لێرەدا دەتوانن بیخوێننەوە:

 

ئاڤاتودەی: خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەدەبی کوردی چییە؟

شێرزاد حەسەن: وڵامی ئەو پرسیارە ئاسان نییە و ئەمن ڕوانگەی خۆم بەرامبەر بە ئەدەب دەڵێم و ناچمە بواری مێژوویی. پسپۆڕ نیم لەو بوارە و ئاسودە نیم کاتێک قسە لەسەر مێژوو بکەم. من چیرۆکی کورتم نووسیوە، دواتر دەقی درێژ کە نۆڤلێت و ڕۆمان بوون. بە بێ ئەوەی بمهەوێ سەرقاڵی مێژووی ئەدەبیاتی کوردی بم، تەنانەت لە بواری ئەدەبیاتی داستانی دەمخوێندەوە. "ئاخۆ تەمۆ" یا "لەخەومای سائیب" یا "ژانی گەل" کامەیان یەکەمین ڕۆمانی کوردییە، ئەمن کارم پێی نییە. ئەوەی بۆمن گرینگە ئەوەی وڵامی تۆ بدەمەوە، ئەوەی سرنجی من ڕادەکێشێ و منی فێری ڕۆمانی کورت کرد "گی دو موپاسان"ـە. ئەو ڕابەری چیرۆکی کورتە لە ئاستی جیهاندا.

ئەدەبی کوردیش بە دەرەجەی یەک قەرزداری حەسەن قزڵجیە. من زیاتر لە نیو سەدەیە لە مەیدانی ئەدەبیاتی کوردی کار دەکەم. ئەگەر ئەدەبیات بە جیاوازی لەگەڵ سیاسەت و ئایین هەڵسەنگێنین هەموو کات ئەدەب ئەو توانایەی هەیە گومان و پرسیار درووست بکات. ئەو کەشە لە سیاسەت و ئاییندا نییە و بە ناوی پیرۆزییەوە ڕێگریت لێدەکات.

شێرزاد ٣

ئەگەر قەناعەتی منت دەوێ وەک "ڕۆژی دۆبرۆ" دەڵێ لە باشترین حاڵەت سیاسەت ڕەچاوی ئایین دەکات، دەیهەوێ خۆی قوتار کات لە پیرۆزی، لە تاک حەقیقیەتی، بەڵام وەک دەبینین سیاسەت هەمان کار دەکاتەوە، لەسەر ئاستی دوونیاش هەر وابووە، بەڵام ئەدەب بۆ من ئەو فەزایە بوو خۆم و جیهان بناسم، ئەمن مرۆڤم ناسی لە ڕێی کتیبەوە، کتێب ئەقڵ و ڕوانینی تیژتر کردم بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ مرۆڤ. لەبەر ئەوەی کارەکتەری سەر کاغەز نەبووم. لە ١٤ ساڵەییەوە کە "ئیمیل زۆلا" دەخوێنمەوە تووشبووم و ڕاهاتووم کتێب بخوێنمەوە بەتایبەت ئەدەب.

جیاوازی ئەدەب ئەوەیە، هەمووکات بوونەوەری ئێمە ئاکادمی و نائاکادمی یاخود سیاسی و ئایینی  زۆر ئاشقی خۆیەتی و نارسیستە. ئەدەب پێچەوانەیە و ناهێڵی ئاشقی خۆت بی. جیاوازی ئەدەبیات لەگەڵ کایەکانی دیکەی ژیان ئەوەیە کە کەس دادگایی ناکات، خەڵک بە خراپ و باش دانانێ و بێ لایەنانە قسە لەسەر ئینسان دەکات. دز بیت، سۆزانی یا هەرچییەک بیت، ناچی وای نیشان بدەی خەڵک ڕقی لێبێتەوە. ئەدەب کۆمەڵگە دادگایی دەکات نەک ئەکتەرەکان.

ئێمە چوارچیوەیەکمان هەیە بۆ ئەخلاق، بۆ سرووشت و بۆ مۆڕاڵ و هەڵسوکەت. بە تایبەت لە ئایین و سیاسەتدا ئەندازەیەک هەیە بۆ ژیانی بەشەر و زۆر پیرۆزی هەیە، بەڵام ناتوانی لە ڕێی ئەدەبەوە بسەلمێنی و دادگایی ئینسان بکەی، ئەدەبیاتی ڕاستەقینە گومان لە کۆی سیستەم درووست دەکات.

تەنانەت لە شۆڕشی فەڕانسە، و فاشیزمی ئاڵمان، ئەدەب قسەی لەسەر کردوون بە بێ ئەوەی بێڕێزیان پێ بکات. ئەدەب ناڵێ هیتلەر خراپە و دیکتاتۆرە. هەموو نووسەرانی ئەمریکای لاتین باسی دیکتاتۆر دەکەن بەڵام هیچیان وایان نەکردووە خوێنەر ڕقی لە دیکتاتۆر بێت، ئەوان وا دەریدەخەن تۆ دیکتاتۆرت وەک ئینسان قەبوڵ بێت بەڵام لە پشتەوە دادگایی هەموو سیستەمی ئەو ڕۆژگارە دەکەن.

شۆڕشی فەڕانسە بنووسییەوە یاخود مێژووی ڕاپەرینی ئێمە، لەوێدا ئەدەب دادگایی کۆی فەزای گشتی دەکات نەک یەک کەس. کەسی ئەدیب ڕەخنەگرانە بیر لە هەموو شت دەکاتەوە. من لە سایەی ئەدەب فێری ئەوە بووم زمانی ئەو کەسانە بم بێ زمانن، گوێچکەی ئەوانە بم بێ گوێچکەن. چاوی ئەوانە بم چاویان نییە، لە ڕاستیدا من بەرگریکەرم لە ستەملێکراوان و بەدبەختان، هیچ ئەدیبێک نییە لە جیهاندا ئەوەی نەکردبێ.

جیاوازی ئەدەب و مێژوو چییە؟ مێژوو ژیان دەنووسیتەوە بەڵام ئەدەب ئەو مێژووە دەنووسێتەوە بە شێوەیەکی جوان و ئارایشی پێ دەکات. ئەدەب جوانناسی تێدایە، ئەگەر نا بۆ ڕۆمان دەخوێنیتەوە، بۆ دەچی بۆ شانۆ؟ دیارە جوانی تیدایە. ئەدیب وەفادارترە لە مێژوونووس و مێژوو مێژووی دەسەڵاتدارانە. ئەدیب بێ درۆ مێژوو دەنوسێتەوە و ترسی لە دەسەڵاتداران نییە. ڕیاکاری ناکات.

تولۆستۆی لە "شەڕ و ئاشتی"ـدا دەروونی پاڵەوانەکان نیشان دەدات، ڕاستە شەڕیک بووە لە ناو ڕۆمانەکەی تۆلستۆی بەڵام ئەو دێت شیکاری دەروونی دەکات. مۆپاسان و چیخۆف زۆر دەروونین و دەچنە ناواخنی شتەکانەوە. ئەدیبی ڕاستەقینە دەروونناس و کۆمەڵناسە. ئەدەب چێشتی مجێورێکە هەموو شتێکی تێدایە، دەشیخۆی و پێی نامری. ئەدەب فەلسەفەی تێدا، کۆمەڵناسی تێدا، دەرونناسی تێدایە خەیاڵی تێدایە.

میدیا زۆر جار ئەدەب و هونەر پەراوێز دەخات و میدیامان کەمە خەڵک والێبکات و هۆگرى ئەدەبیان بکات، هیوادارام پانتای ئاڤاتودەی بەهێز بێ بۆ ئەدەب. بۆمن گرینگە پانتایی ئاڤاتودەى بەرین و زیاتر بکرێت.

شێرزاد  ١

ئاڤاتودەى: جیاوازی کەسێکی ئەدیب لەگەڵ خەڵکی دیکە چییە؟

شێرزاد حەسەن: ئەدیب ئەکرێ شایەتحاڵی سەردەمی خۆی بێ، ئەکرێ شۆڕشگێر و یاخی بێ و بەرگریکاری خەڵکی بندەست بێت، ئەدیب پەیامێکی ئەخلاقی و ئینسانی پێیە. بۆیە "ئالبێر کامۆ" دەڵێ ئایینی نوێی من ئەدەبە و ئەمنیش وادەڵێم. ئایین گوایە خەڵک پاک دەکاتەوە، بەڵام من ئایینێک دەبینم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خوێن دەڕژێ، وێران دەکات، بۆیە ئەو ئایینەی نەتوانێ ئاشتی بەرهەم بێنێ ئایین نییە. بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەدەن بە ئەدیب چونکە کار دەکات بۆ ئاشتی.

ئالفرێد نۆبڵ دەڵی هەر کەس کاری بۆ ئاشتی و ئینسانییەت کرد دەبێ خەڵاتی بدرێتێ و بۆیەش ساڵانە ئەدیب خەڵات دەکرێت. ئەدیب ڕەخنەگرت بۆ درووست دەکات. ئەگەر ئەدەب نەبایە ئەمنیش مامۆستایەکی ئاسایی دەبووم. بۆ ئاگاداریتان من لە٢٤/٣/٢٠١٣ى زایینییەوە بە زۆر لە وەزارەتی پەروەردە خانەنشین کرام، گوتیان ئەگەر ڕەخنە بگری خانەنشین دەکرێی؟ گوتم با بکرێم، بەڵام من نەمکرد بە هەڵا و بڵاوم نەکردەوە، چوونکە دەبوومە قوربانی، وەک هەموو خەڵکەکەمان کە قوربانین.

مرۆڤایەتی بە گشتی لە دۆخێکی خراپدایە، بیرمەندان و نووسەرانی جیهان ڕەخنە لە وڵاتەکانیان دەگرن. کاتێک گوێ لە ڕاپۆرتەکانی یەکیەتی ئەوروپا دەگرم دەڵێ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. من یەک بیرمەند ناناسم بڵێ فەڕانسە و ئیتالیا و ئاڵمان باشن. ئەدیب بەڕای من ئەو گۆڵچی و بەرگریکەرەیە کە لە پێناو حەقی خەڵک لەسەر خەڵکیش بکوژرێ نۆرماڵە. بۆ ئەدەب سانسۆری لەسەرە چوونکە مەترسیدارە. هیچ نەتەوەیەک نییە سانسۆری لەسەر ئەدەب نەبووبێت. ئێستا ئازادییەک هەیە بەڵام کەم و زۆر ئێستاش کۆمەڵگە سانسۆڕی ئەدیبان دەکات.

ئەدیب دەبێ باسی سێکس بکات، دەبێ باسی ئایین و ژیانی ئابووری بکات، باسی سیاسەت بکات و هەمووش کارەکتەری جوان و ناشیرنی تێدایە. ئەدیب وەک وەستای بیرلێدان دەچێ، دەچێتە قوڵایی زەوی بۆ ئەوەی ئاو هەڵێنجێنێ و دەیهەوێ ژیان درووست دەکات.

 

ئاڤاتودەى: خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەدەبی کوردی و ڕەوشی ئەدەب لە دوای ڕاپەرین لە باشووری کوردستان چییە؟ تاچەند وەرگێڕان کاریگەری هەبووە لەسەر ئەدەبی کوردی؟

شێرزاد حەسەن: من ٢٥ کتێبم لە زمانى ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی، بەڵام نەخشەی ئەدەبی کوردی لە باشورم لانییە. من گەشبینم بەوەی جوڵەیەک هەیە و پانتایی وەرگێران لە جاران زیاترە. ئێستا ڕۆژ و حەوتوو نییە کتێبێک نەکرێ بە کوردی بەتایبەت لە ئینگلیزی و فارسی و تورکی و عەرەبییەوە. ڕەوایە ئەو کارە.

ئەدەبی کوردی لە دوای ڕاپەرین جێگای گەشبینییە، نەک بە ژمارە زۆر بێ نا. هەیە و بەڵام کەمە. ڕەنگە ٤ یا ٥ چیرۆکنووس هەبن لە دوای ڕاپەرینەوە هەناسەی باشیان هەبێت بەڵام لە ئەوروپاش وایە. داهینان کارێکی قورس و دەگمەنە و لەو مادە دەچێ بیهەوێ خۆڵ بکات بە ئاڵتون. لە فەڕانسە ساڵانە شەش هەزار ڕۆمان دەنوسرێ تەنیا ٦٠٠ـیان دەگاتە وەشانخانەکان و لە کۆتاییدا ٦٠ دانەیان پێشوازی لێ دەکرێ بەڵام لەو هەموویە ٦ ڕۆمان دەچنە لیستی پێشبرکێ. گەورەترین شاعیری فەڕانسی ٥٠٠ دانە لە دیوانە شیعرەکەی چاپ دەکات، بەڵام لە کوردستان لە هەموو شوێنێک و لە گووندەکانیش دەتوانن ١٠٠٠ دانە لە کتێبەکانیان چاپ بکەن. ڕەنگە بە سەدان ئەدیب هەبێ ئەو قسەی من ڕەت بکەنەوە بەڵام من گەشبینم.

شێرزاد

ئاڤاتودەى: شێرزاد حەسەن بە مرۆڤدۆستی ناسراوە، بەڵام ڕەخنەشت هەیە. هەست دەکەی مرۆڤ دۆستییەکەت جێی خۆی گرتووە؟

شێرزاد حەسەن: یەک لەو شتانەی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەگۆڕێ، سیاسەتە. هەڵبژاردن بۆ ئەوە دەکرێ و حیزبەکان بۆ ئەوە دێنە مەیدان ژیان بگۆڕن. ئەدیب ناتوانێ دونیا بگۆڕێ بەڵام پرسیار درووست دەکات. ئەدیبی ڕەسەن باوەڕی بە ئینساندۆستی هەیە، ئاژەڵدۆستیشە. هەرچەند من پێم وایە ئینسان دۆست نیم و تۆ وام پێ دەڵێى.

لە دوای دەقی خۆم "ئەو شەوەی عیسا لە خاچ درا" باسی ئازار و مەینەتییەکانی گەلەکەم دەکەم. باس لەوە دەکەم وەک چۆن عیسا خوێنی لێدەچۆڕێ کوردیش خوێنی لێ دەچۆڕێت.

هەر کە سەرم لە هێلکە جوقاوە هەستم بە ئازارەکان کردووە. بە پێی هەستیاری خۆم. ئەدەبی دوونیا بەشی زۆری تراژیکە تا کۆمێدی. بۆ منیش وایە. بۆ شکسپێریش وایە و باسی مەرگەسات دەکات و بەوە ناسراوە. هەموو کەس داد و بێدادی هەیە بە دەست ژیانەوە؟ ئینسان ئاسودەیە؟ نەخێر ململانێ ماوە. لە ڕۆژئاوا ٩٩ لەسەدی سەرمایە لای پیاوە و یەک لەسەدی لای ژنە.

ئێستاش لە زۆر وڵاتی ئەوروپایی مووچەی ژن لە پیاو کەمترە. هاواری ژن ستەمدیدەیە وەک کورد کە لە ئەوروپاش زۆرە.  ئاخۆ من وەک شێرزاد چەندم هەوڵ داوە؟ من ناتوانم هیچ لەسەر خۆم بڵێم. "ڕۆڵان بارت" دەڵێ نووسەر کە دەقی نووسی مردووە! کێ زیندووی دەکاتەوە خوێنەر! ئەدەب بواری خراپیشی هەیە، ئەدەب فاشیزمی درووست کرد لە عێڕاقیش هەیە بەڵام هەموو تێاچوون.

کاتێک ئەدیب هانی خەڵک بدات بۆ شەڕ ئەو ئەدەبە تاوانبارە.

 

ئاڤاتودەى: چ پەیامێکتان هەیە بۆ ئاڤاتودەی؟

شێرزاد حەسەن: ئاڤاتودەى پێویستە گرنگى زیاتر بدات بە ئەدەب و هونەرى کوردى کە بە داخەوزە لەلایەن میدیاکانەوە گرنگى پێ نادرێت. هیوادارم پانتایی کارەکانتان بەرفرانتر بکەن.