
بەپێ ڕاپۆرتی هەواڵدەری فەرمی "ئێس پی ای" سعوودیە، سەرهەنگ تەرکی ئەلمالکی، وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی کە پاڵپشتی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن دەکا، ڕایگەیاند "هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی، دوێشەو ۳ی خەرمانان، توانیویانە شوێنی ٦ مووشەکی بالستیک هەڵبگرن و تێکی بشکێنن کە لەلایەن چەکدارانی حووسییەوە لە پارێزگای سەعدەی یەمەن بە ئامانجی خاپوورکردنی ناوچە مەدەنییەکان ئاراستەی شاری جەیزانی سعوودی کرابوو."
سەرهەنگ ئەلمالکی باسی لەوەش کردووە و گوتوویەتی: درێژەی هەوڵەکانی چەکدارانی تێرۆریستی حووسی بۆ بەکارهێنانی پەهپاد و مووشەکە بالستیکەکان کە بەمەبەستی گورز وەشاندن بە ناوچە مەدەنییەکان ئەنجامدەدرێت و بەپێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، پیشاندەری ئاستی بەرزی خەسارەکان لەنێو حووسییەکانە، بەتایبەت ئەو خەسارانەی کە بەهۆی تێکشکاندنی چەکوچۆڵەکانیان و بە درێژەدان بە ئۆپراسیۆنی سەربازی و بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی لە قووڵایی پارێزگای سەعدە و ناوچەکانی ترەوە تووشی بوونە و هەڵکەوتەی ئۆپراسیۆنی سەربازی ئێمەیە.