نوێنەری ئەمریکا لە ناتۆ ڕۆژی سێشەممە چواری پووشپەڕ ڕایگەیاند لە ئەگەری ئەوەی تورکیە سیستەمی بەرگری موشەکی ڕووسی بکڕێت، ئەمریکا ئیزن نادات فرۆکەوانەکانی ئەو وڵاتە ئێف ٣٥ بەکاربێنن.
واشنتۆن داوای لە ئەنکەرە کردووە ڕێککەوتنی کڕین و جێگیرکردنی سیستەمی پەدافەندی موشەکی ئێس ٤٠٠ هەڵوەشێنێتەوە. هاوپەیمانەکانی تورکیە لە ناتۆ دەڵێن، بە کارهێنانی سیستەمی مووشەکی ئێس ٤٠٠ دەبێتە هۆی کەشف و ناسینی تەکنۆلۆژی بەکار هاتوو بۆ فرۆکەی ئێف ٣٥ی ئەمریکایی.
کی بیلی هاچیسون، نوێنەری ئەمریکا لە ناتۆ لە بارەگای ئەو ڕێکخراوە لە بروکسێل گووتی: نیشانەکان باس لەوە دەکەن ڕووسیە ئەو سیستەمە مووشەکیە ڕادەستی تورکیە دەکات و ئەوە کۆمەڵێک دەرکەوتەی بۆ تورکیە بەدواوە دەبێت. چیسون بە پێداگرى لەوەی ئەمریکا هەوڵی خۆی بۆ پاشگەز کردنەوەی تورکیە لە کڕینی ئێف ٣٥ داوە گووتی: تورکیە لەمەو دوا ناتوانێ ئێف ٣٥ هەبێ. ئێمە ناتوانین ئیزن بدەین فرۆکەی ئێف ٣٥ بکەوێتە ژێر کاریگەری سیستەمی پەدافەندی ڕووسیە.
پێنتاگۆن ماوەیەک پێش ڕاهێنان بە فرکەوانەکانی تورکیەی بۆ بەکارهێنانی فرۆکەی ئێف ٣٥ ڕاگرت. تورکیە جگە لە بەکارهێنانی فرۆکەی ئێف ٣٥، هێندێک لە پارچەکانی ئەو فرۆکەیە وەک، ئامێری نیشتنەوە و پارچەکانی ڕووی دەرەوەی فرۆکە و شوێنی نیشاندانی ژووری فەرمان بەرهەمدێنێت.
لە لایەکی دیکە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیە بڕیارە لەو پێوەندییەدا و لە کاتی دانیشتنی ئەندامانی گرووپی بیست لە ژاپۆن لەگەڵ دۆنالد ترامپ کۆبێتەوە. ئەردۆغان رۆژی چواری پووشپەڕ لە بەرابەر نوێنەرانی حیزبەکەی خۆی گووتی: پرسی پەدافەندی مووشەکی ئێس ٤٠٠ پێوەندی راستەوخۆی بە سەروەری سیاسی تورکیەوە هەیە و لەو بوارەوە پاشەکشێ ناکەین.