Ana içeriğe atla

لە پێناو ڕزگارکردنى منداڵێک خۆى گیان لەدەست دەدات

لە پێناو ڕزگارکردنى منداڵێک خۆى گیان لەدەست دەدات
کانى شەفابەخشى گوندى باوەگوڕگوڕی قوڕی چیاى دێولان گیانى پیاوێکى ستاند
posted onJune 30, 2018
noyorum

 

ڕۆژی هەینی، ٨ی پووشپەڕ، پیاوێکی فیداکاری خەڵکی قوڕی چیا ی سەر بەشاری دێولان ، بەناوی فەیزۆڵا حوسەین پەناهی لەکاتی سەیران لە گوندی باوەگوڕگوڕی شاری قوروە کە شوێنێکی گەشتیارییە، گیانی منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ ڕزگار دەکات، بەڵام لە بەرامبەردا خۆی گیان لەدەست دەدا.

بە وتەی شایەتحاڵان، کاتژمێر ۱۰ی پێش نیوەڕۆ منداڵێک کە لە ڕۆخ حەوزی گوندى باوەگوڕگوڕ یارى کردووە، دەکەوێتە نێو ئاوەکە و بە هۆى هاتوهاوارى بنەماڵەکەى خەڵک بە دەور حەوزەکەدا کۆ دەکاتەوە و مەترسى مردنى منداڵەکە فەیزۆڵا حوسەین پەناهی کە مەلەشى نەزانیوە، ناچار دەکات خۆى فڕێ داتە نێو ئاوەکەوە و گیانى منداڵەکە ڕوزگار بکات، بەڵام  خۆی ناتوانێت بێتە دەرەوە و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دەدا.

بە وتەى یەکێک لە خزمەکانى کە بۆ تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى قسەى کردووە "پاش خنکانى فەیزوڵا و مانەوەى تەرمەکە لە نێو ئاوەکە بۆ ماوەیەکى زۆر، کاتژمێر ٦:٣٠ى ئێوارە بەبڕی دوو میلیون تمەن مەلەوانى تایبەت لە شاری هەمەدانەوە دەهرێنرێت و تەرمەکەی لە قووڵایی ٨ متر دەدۆزڕێتەوە"، فەیزۆڵا حوسەین پەناهى کە تەمەنی ٤۹ ساڵە و باوکی پێنج منداڵە، کاتژمێری ۱۰ی دوێنێ شەو تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە قوڕی چیا و  بە ئامادەبوونى خەڵکێکی زۆر بە خاک دەسپێردرێ.

شایەنى باسە، باوەگوڕگوڕ ئاواییەکە لە ۱٨ کیلومتری شاری قوروە هەڵکەوتووە و کانییەکەى بەوە ناسراوە کە ئاوێکی کانزایی و شەفابەخشە، هەر لەبەر ئەمە باوەگوڕگوڕ بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و قەرەباڵغ و ساڵانە هەزاران کەس سەردانی دەکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی غەواس و مەلەوانی ڕزگارکەر بەردەوام ئەم حاڵەتى خنکانانە دووبارە دەبنەوە.

ساڵی پاریش هەر بەم شێوە پاش لەئاوکەوتنی کۆڕێکی گەنج لەم شوێنە بەهۆی نەبوونی مەلەوانى تەنگەتاو دەخنکێت و پاش چوار ڕۆژ تەرمەکەیان لە۳۰ متری ئاوەکە دەردەهێنرێت.