هێزە سەرکوتکەرەکانی ئێران لە شاری میاندواوی سەر بە پارێزگای ورمێ، سێ هاونیشتمانیی کوردیان دەستبەسەر کرد و تائێستا شوێنی راگرتنیان نادیارە.
بەگوێرەی زانیارییانەکان؛ رۆژی پێنجشەممە، ١٨-١٢-٢٠٢٥ هێزە بەکرێگیراوەکانی رژیم لە هەڵمەتێکدا بۆ سەر گوندی "سەرچنار"ی سەر بە شاری میاندواو، سێ هاونیشتمانییان دەستبەسەر کردووە.
دەستبەسەرکراوەکان پێکهاتوون لە هەر یەک لە (هێمن ئەحمەدزادە، سالار ئوستادئەحمەدی و حەسەن رەمەزانی). دەستبەسەرکردنیشیان "بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری" بووە و هێزە ئەمنییەکان "تووندوتیژییان" بەرامبەر بەکار هێناون.
تائێستا هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم سێ کەسە و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراون، رانەگەیێنراون. هەروەها سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی راگرتن و بارودۆخی تەندروستییان لەبەر دەستدا نییە.
چالاکڤانانی مافی مرۆڤ دەڵێن، دەستبەسەرکردنی هاونیشتمانییان بەبێ فەرمانی دادگا، زۆرجار بە مەبەستی لێکۆڵینەوەیە لەسەر چالاکییە مەدەنی یان سیاسییەکان، کە زۆربەی کات دەستبەسەرکراوەکان بۆ ماوەیەکی درێژ لە مافی بینینی پارێزەر و پەیوەندیکردن بە کەسوکاریان بێبەش دەکرێن.