Ana içeriğe atla

پەکەکە ئاگربەستی راگەیاند و داوا دەکات ئۆجەلان سەرپەرشتی پرۆسەی چەکدانان بکات

bakur
posted onMarch 1, 2025
noyorum

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند لە رۆژی شەممە، ١ی مارسەوە ٢٠٢٥ەوە ئاگربەست رادەگەیەنێت و دەبێت ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی کۆنگرە و چەکدانان بکات.

 ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێک بۆ بانگەوازی ئاشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دێت، کە هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای لە پەکەکە کردبوو چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە تا ئەو کاتەی هێرشیان نەکرێتە سەر، هیچ چالاکییەکی چەکداری ئەنجام نادەن.

هەروەها جەختیان کردووەتەوە، پرۆسەی چەکدانان دەبێت لەلایەن خودی ئۆجەلانەوە سەرپەرشتی بکرێت و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە سەرپەرشتی ئۆجەلان.

لە راگەیەندراوەکەدا، پەکەکە داوا دەکات ئازادی جەستەیی ئۆجەلان دابین بکرێت و رێگەی پێ بدرێت پەیوەندی بە کەسانی دەرەوە بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت بانگەوازی ئاشتییەکەی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات.

 پەکەکە پێیوایە پەیامەکەی ئۆجەلان "رێگەی سەرجەم هێزە ئازادیخواز و دیموکراتەکان رووناک دەکاتەوە" و جێبەجێکردنی بە سەرکەوتوویی "کارێکی زۆر گرنگە".

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە لە ٢٧ی فێورییە بڵاوکرایەوە، داوای لە پەکەکە کردبوو چەک دابنێت و لە کۆنگرەیەکدا هەڵوەشاندنەوەی خۆی رابگەیەنێت. پەکەکە جەخت دەکاتەوە کە سەرکەوتنی پرۆسەکە پێویستی بە "گرەنتیکردنی بارودۆخی سیاسیی دیموکراتییە".