Ana içeriğe atla

بەشە ناوخۆیی کچانەی ئیلام سوتا، ئاگرکوژێنەوە: هەموو کچەکانمان رزگار کرد؛ کچەکان: راست نییە

بەشە ناوخۆیی ئیلام
بەشە ناوخۆیی ئیلام دوای سوتان
posted onFebruary 27, 2025
noyorum

بەشە ناوخۆیی کچانەی زانکۆی ئیلام ئاگری گرت و رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی شاری ئیلام رایگەیاندووە، ٢٠ خوێندکاریان لەو ئاگرە رزگار کردووە، بەڵام خوێندکارەکان دەڵێن: ئاگرکوژێنەوە هیچ هەوڵێکی نەدا و بە هەوڵی خۆمان رزگار بووین.

فریاکەوتنی خێرای ئیلام رایگەیاندووە، لەو رووداوەدا ٣ خوێندکار بەهۆی گازی مۆنۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراویبوون و دوو کەسی دیکەشیان بریندار بوون و بۆ ناوەندە تەندروستییەکان گوازراونەتەوە.

خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی زانکۆی ئیلام دەڵێن، ئاگرکەوتنەوە کاتژمێر ٣ و نیو روویدا و نزیکەی ٤٠ خوێندکار لەوێدا بوون، رێگای دەرکەوتن لە بەشە ناوخۆییەکە بە ئاگر داخرابوو، بۆیە چووینە سەربان و لەوێوە خۆمان فڕێ دایە خوارەوە.

یەکێک لە خوێندکارەکان دەڵێت، زۆر پاڕامەوە لە ئاگرکوژێنەوە و خەڵکی ئاسایی بۆ ئەوەی یارمەتی خوێندکارەکان بدەن، بەڵام کەس ئامادەنەبوو بۆ رزگارکردنیان هاوکاری بکات.

بەڵام خوێندکارێکە دیکە دەڵێت: ئاگرکوژێنەوە هەوڵی خۆیاندا رزگارمان بکەن، بەڵام ژمارەیان کەم بوو.

نەسرەتوڵا لوتفی، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی ئیلام، دەڵێت: دوای ئەوەی ئاگادار کراین بەشە ناوخۆیی شەقامی بەهەشتی سوتاوە، زۆر بە خێرایی گەیشتینە سەر ئاگرەکە، چونکە لە دەروازەی بەشە ناوخۆییەکە ئاگر کەوتبۆوە، خوێندکارەکانمان لە رێگەی سەربانەوە رزگار کرد.

ئەو دەڵێت: ٢٠خوێندکار لەو بەشە ناوخۆییەدا بوون و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەخێرایی ئاگرەکەیان کوژاندەوە.

هێشتا هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوەیە نازانرێت و بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی ئیلام دەڵێت: خەریکن لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەن.

یەکێک لە هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە بە خوێندکارەکانی گوتووە، بۆ هەر ٣هەزار کەس دەبێت وێستگەیەکی ئاگرکوژێنەوە هەبێت، بەڵام لە ئیلام بۆ هەر ٣٠٠هەزار کەس وێستگەیەک هەیە.