لە کاتێکدا پارێزگاری ورمێ پێداگری دەکاتەوە "هیچ جیاوازییەک لە نێوان کورد و تورکدا ناکات" لە زۆر لە کۆبوونەوە گشتی و فەرمییەکاندا بە تورکی قسە دەکات، کەچی نیوە زیاتری پارێزگای ورمێ کوردن.
بەپێی زانیارییەکان، لە چەند مانگی رابردوودا کە رەزا رەحمانی وەک پارێزگاری ورمێ دیاریی کراوە، لە زۆربەی کۆڕوکۆبوونەوەکان، رێوڕەسمەکان و تەنانەت لە وتووێژ لەگەڵ تەلەفزیۆنی حکومەتیش، بە زمانی تورکی قسە دەکات.
ئەمە سەرەڕای ئەوەیکە زمانی فەرمی لە ئێراندا، بە رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە، زمانی فارسییە و لە پارێزگای ورمێشدا دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەری پێکەوە دەژین و بەهۆی تاقمێک تورکی ئازەرییەوە کە لە ساڵانی رابردوودا لە پارێزگای ورمێدا بەرپرسایەتییان هەبووە، هەستیاریی دوو نەتەوە بەرانبەر یەکتر زیادی کردووە.
چەند رۆژ لەمەوبەر رەزا رەحمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رۆژی 01.02.2025 گوتی: "لە سەردەمی بەرپرسایەتی مندا شتێک کە زیاتر لە هەر شتێکی دیکە لەسەری هەستیارم، پرسی پەرەپێدانی ناکۆکییەکانە و بۆ خۆیشم هیچ جیاوازییەک لەنێوان کورد و تورکێکدا ناکەم."
ئەو گوتی: بۆ پەرەپێدان لە پارێزگای ورمێ پێویستە کۆتایی بە قوڵکردنەوەی پرسە نەتەوەییەکان بێنین.
رەزا رەحمانی خەڵکی شاری تەورێزە و مانگی سەرماوەزی ١٤٠٣ وەک پارێزگاری ورمێ دیاریکرا.
لە چەند دەیەی رابردوودا لەپارێزگای ورمێ بەرپرسایەتی بە دەست تورکە ئازەرییەکانەوە بووە و ئەوان کوردیان پەراوێز خستووە و جگە لەوەش لە بواری ئابووریشدا گرنگییان بەو ناوچانە نەداوە کە کوردن.
لە شارێکی وەک نەغەدە جیاوازی نێوان گەڕەک و ناوچە کوردی و تورکنشینەکان بە جوانی هەست پێدەکرێ و گرتنەبەری سیاسەتی پەراوێزخستنی کورد وایکردووە کورد لە شارێکی وەک نەغەدە کۆچ بکەن بۆ شارەکانی دیکە.