Ana içeriğe atla

مەسرور بارزانی: بەغدا توانیویەتی بە مووچەوە سەرقاڵمان بکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەر و وەزیرە کوردەکان لە بەغدا
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بەغدا توانیویەتی کێشەکانی ئێمە لە مووچەدا بچووک بکاتەوە و لە کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەران و وەزیرە کوردەکان لە بەغدا داوای لێیان کرد یەکهەڵوێست بن
posted onJanuary 11, 2025
noyorum

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: بەغدا توانیویەتی کێشەکانی ئێمە لە مووچەدا بچووک بکاتەوە، بە مووچەوە سەرقاڵمان بکات؛ لە کاتێکدا چەندین بابەتی دیکە هەیە کە دەبێت داکۆکییان لەسەر بکەین.

بەگوتەی مەسرور بارزانی، مادەی 140، بابەتی ناوچە دابڕێندراوەکان لە هەرێمی کوردستان، بابەتی پێشمەرگە، بابەتی قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال و قوربانیانی رژێمی پێشوو، بەهۆی سەرقاڵبوون بە پرسی مووچەوە چارەسەر نەکراون یان لەبیر کراون.

مەسرور بارزانی، رۆژی شەممە ١١.٠١.٢٠١٥ لە کۆبوونەوە لەگەڵ پەرلەمانتار و وەزیرە کوردەکان لە عێراق، گوتی: "بەداخەوە بەغدا بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە توانیویەتی کێشەکانی ئێمە بچووک بکاتەوە. سەرقاڵمان بکات بەوەی ئایا مانگانە مووچەی خەڵکی کوردستان دەدرێت یان نا، ئەی ئەو هەموو شتانەی دیکە چی؟ 100 ساڵە کوردستان قوربانی دەدات، لەپێناو مووچە بووە یان لەپێناو پێناسە، خاک، نیشتمان، یەکسانی و ئازادی بووە؟"

نزیکەی ١٠ ساڵە حکومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە رێکوپێکی نانێرێت و ئەمەی وەک کارتێکی گوشار دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە.

حکومەتی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات کە پابەندییەکانی بەرامبەر حکومەتی ناوەندیی عێراق جێبەجێ ناکات، لەوانە فرۆشی نەوت کە حکومەتی عێراق دەڵێت دەبێت لەلایەن بەغداوە بفرۆشرێت و هەروەها بەغدا داوای داهاتی گومرک و دەروازە سنوورییەکانیش دەکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەموو ئەو ئەرکەکانی بەرانبەر حکومەتی ناوەندیی جێبەجێ کردووە و پابەندیی رێککەوتنەکانی نێوانیان بووە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، مامەڵەیەکی فیدراڵیزم نییە."

مەسرور بارزانی داوای لە لایەنە کوردستانییەکان کرد لە بەغدا یەکهەڵوێست بن، چونکە بەغدا ناتوانێت بە یەکهەڵوێستیی  ناتوانێت داواکارییەکانی کورد نادیدە بگرێت.