Ana içeriğe atla

ئیسرائیل کوشتنی دووەم کەسی سەربازیی حیزبوڵڵا و ١٠ فەرماندەی  دیکەی ئەو حێزبەی پشتڕاست کرد

ئیسرائیل کوشتنی دووەم کەسی سەربازیی حیزبوڵڵا و ١٠ فەرماندەی  دیکەی ئەو حێزبەی پشتڕاست کرد
posted onSeptember 21, 2024
noyorum

سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمڕۆیدا بۆ سەر باشووری بەیرووت، ئیبراهیم عەقیل، کەسی دووەمی سەربازیی حیزبوڵڵای کوشتووە.

دانیێڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤایدا رایگەیاند، "دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی ورد، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشێکی ئامانجداریان کردە سەر ناوچەیەکی بەیرووت و ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی هێزی رەزەوانیان لەنێوبرد."

بە گوتەی هەگاری، "ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی باڵای تۆڕی ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەیی" هێزی رەزەوان لە هێرشەکەدا کوژراون.

تەندروستیی لوبنان رایگەیاندووە، تا ئێستا ١٤ کەس لە ئەنجامی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل کوژراون، هاوکات ٦٦ کەسیش بریندار بوون کە برینی ٩یان سەختە و تەندروستییان ناجێگیرە.

هەگاری باسی لەوە کرد، "ئیبراهیم عەقیل بەرپرس بوو لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و خەڵکەکەی'. گوتیشی: "پابەندین بە گەڕاندنەوەی دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل بۆ ماڵ و حاڵیان" کە لە دوای جەنگی غەززەوە بە هۆی شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل ئاوارە بوون

عەقیل لە لیستی داواکارانی ئەمریکادا بوو و لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە تۆمەتبار بوو بە بەشداریکردن لە تەقینەوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت لە نیسانی ساڵی ١٩٨٣ و حەوت ملیۆن دۆلاری وەک پاداشتی ئاشکردنی شوێنەکەی دانابوو.