Ana içeriğe atla

ڕاگەیندراوی هاوبەشی وڵاتانی ئەمریکا، ئوسترالیا، کەنەدا، نیوزلەندا و بریتانیا لە دووەمین ساڵیادی قەتڵی حكوومەتیی ژینا ئەمینی

ڕاگەیندراوی هاوبەشی وڵاتانی ئەمریکا، ئوسترالیا، کەنەدا، نیوزلەندا و بریتانیا لە دووەمین ساڵیادی قەتڵی حكوومەتیی ژینا ئەمینی
posted onSeptember 17, 2024
noyorum

وەزیرانی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئوسترالیا، کەنەدا، نیوزلەندا و بەریتانیا لە دووەمین ساڵیادی کوشتنی "ژینا ئەمینی" لەلایەن حکومەتی ئێرانەوه، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و گیانبەختكردنی ئەویان بە خاڵی دەستپێکی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەرفراوان زانی كە به پێشەنگایەتیی ژنان و کچان دەستی پێكرد و سەرەڕای بەردەوامی سەرکوتەکان، هێشتا زیندوویه و بزاڤەکه بەردەوامه.

لە ڕاگەیندراوەکە هاتووە: "ئێمە پشتیوانی لە ژنان و کچانی ئێران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی ئێران لە هەوڵەکانیان بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەكەین".

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیندراوه هاتووه: "لە سەرکوتی دڕندانەی شۆڕشی ژینا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوه لە ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣، لانیکەم ٥٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون بەڵام بەو حاڵه بزووتنەوەی جیهانیی "ژن، ژیان، ئازادی" هێشتا یەکگرتووە و زیندووه".

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە ڕاپۆرتێکی پانێڵی سەربەخۆی نێودەوڵەتیی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە ئێران کراوە کە لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دامەزراوە و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی دژ بە خۆپیشاندەران بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی وەسف کردووە.

وەزیرانی دەرەوەی هەر پێنج وڵات بە ئاماژە بە یاسا نوێیەكانی حیجابی ئیجباری لە ئێران، نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەوەی كە ژنان و كچان هێشتا لە بەردەم سەركوتی توند دان و کۆماری ئیسلامی ژێرخانی چاودێریی خۆی بۆ سەركوتی زیاتر بەهێز کردووه. ، دەربڕیوه.

وڵاتانی واژۆکەری ڕاگەیندراوەکه داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە بەڵێنەکانی خۆی بۆ کەمکردنەوەی گوشار سەر کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆتایی هێنان بە بەکارهێنانی هێز بۆ سەپاندنی مەرجی حیجاب، جێبەجێ بکات.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە زیادبوونی ئەم دواییەی ئێعدامەکان کە زۆربەیان بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە ئەنجام دراون، جێگەی نیگەرانییە و داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ڕابگرێت.