نووسینى: عەبدولڕەحمان گەورکی ـ شرۆڤەکاری سیاسی
خەڵکی ئێران، چوارەمین مانگی ڕاپەڕینیان تێپەڕاند. کۆدەنگیی بیروڕای گشتی ئەوەیە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی بەرەو کۆتاییە! ئێستا لە ڕێڕەوی بەرەوپێشەوەچوونی ڕاپەڕینی گەل، مشتومڕی گەرمی ڕۆژ لەسەر پرسی "ئەڵتەرناتیڤ"ـی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتە، بەڵام سەرباری ئەم پێشکەوتنە گرنگە، هێشتا هەندێک شت ماون بۆ باسکردن و بیرکردنەوە و بڕیاردان. چونکە قۆناغی دووەم، واتە "ئەڵتەرناتیڤ"، کاتێک دێتە ئاراوە و وەڵام وەردەگرێتەوە کە "کەلێنەکان" پڕ کرابێتنەوە لە پێوەندی لەگەڵ ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا و هەموو ڕێگاکان بەسەر گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆرییەت داخرابن.
دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهی بەو کارنامە ڕەشەی هەیەتی لە هەمبەر مافەکانی خەڵکی ئێران، نەک هەر بە ئاسانی مل بە "ڕووخان" نادات، بەڵکو دەستبەرداری هیچ پیلانگێڕییەک نابێت بۆ مانەوەی لە دەسەڵات. هەوڵ دەدات بە "دەمامک"ـی جیاوازەوە و بە فێڵ و هەڕەشەکردن بەر بە ڕاپەڕینی گەل بگرێت کە هەنگاو بەرەوپێشەوە نەنێت و نەچێتە قۆناغی دووەمەوە.
"ڕیفۆرمخوازی" و داتاشینی "ئۆپۆزیسیۆن" دەمامکگەلێکن کە ئێستایشی لەگەڵدا بێت دەسەڵاتی دیکتاتۆر بەکاری دەهێنێت دژ بە خەڵکی ئێران و نەیارانی دەسەڵات. یەکێکیان لە "ناوەوەی دەسەڵات" و ئەویتریان لە "دەرەوەی دەسەڵات". دەسەڵاتی دیکتاتۆر جگە لە سەرکوتکردن و کوشتار لە ناوخۆی ئێران، هەوڵدەدات کەش و هەواکە تەمومژاوی بکات و "سەر" و "جەستە" لێک جیا بکاتەوە و هێزە ڕەسەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، کە سەرچاوەی سەرەکیی بۆ "ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتی"، بە شەیتان بکات و سیمای ڕاستەقینەیان بشێوێنیت و جێگە و پێگەیان پێ لەق بکات و بیانخاتە پەڕاوێزەوە!
لە ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی ٢٠١٧ دەمامکی "ڕیفۆرمخوازی" لە سەر ڕوخساری دەسەڵاتی دیکتاتۆر لابرا و دیکتاتۆر ناچار بوو "ئیبراهیم ڕەئیسی" بخاتە سەر کورسی سەرۆکایەتیی کۆمار. لە ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی ٢٠١٩ دەمامکێکی دیکە لە سەر ڕوخساری دیکتاتۆر لادرا و لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە، (بەدیلی دەستکرد)ی زلهێزە دەرەکییەکان، کە خۆی وەک "نەیاری دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی"دەردەخست، بە تایبەت پاشماوەکانی دەسەڵاتی ڕووخێنداری حەمەرەزاشای دیکتاتۆر... ڕیسوا کرا. چونکە بە پێی زۆرێک زانیاریی حاشاهەڵنەگر، ئەو دوو جۆرە دیکتاتۆرییە هاوبیر و هاوکردارن لەسەر پێشێلکردنی ئازادییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی ئێران و لە ئەنجامدا بە تاڵانبردن و کوشتارکردنی خەڵک.
ئەزموونێکی پڕ لە ئازارە کە ئێستا خەڵکی ئێران بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبیی بڕووخێنن، دەبێ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو لە زبڵدانی مێژوودا بهێڵنەوە و هاوتەریب لەگەڵ شەڕی دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی، نەهێڵن پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو بێن بەهانای دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینییەوە!
هەردوو ڕەوتی دیکتاتۆری وا خۆیان نیشان دەدەن کە خەڵک دەبێت یەکێک لە دوو بژاردەیە قبووڵ بکەن: "دیکتاتۆریی پاشایەتی" یان "دیکتاتۆریی ئایینی". بۆ ئەم مەبەستە بە هەموو جۆرە فێڵ و دەمامکێکەوە دیمەنەکە هێندە ناڕوون دەکەن کە بە شێواندنی بەها و کولتوورە ڕەسەنەکانی گەل، دەیانەوێت پرۆسەی ڕاپەڕین "خاو" بکەنەوە و ئەگەریش بتوانن ڕاپەڕین بە "لارێ"ـدا بەرن و "کپ"ـی بکەن و دووبارە خەڵکی ئێران بێبەش بکەن لە گەیشتن بە دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتی. هەربۆیە بە ئەزموون سەلمێنراوە کە ڕەوتە دیکتاتۆرییەکان هەمیشە تەواوکەر و یارمەتیدەری یەکتر بوون و لە لایەن ڕەوتە کۆڵۆنیالیزمەکانیشەوە پشتیوانی و بەهێز کراون!
هەرچەندە لە سەرەتای مانگی پێنجی ڕاپەڕینی جەماوەریدا، دیمەنی ڕاستەقینەی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر "شەفاف"تر و دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی گۆشەگیرتر، و هێزە هەلپەرستەکان ڕیسوا کراون، بەڵام دۆخی سیاسی هێشتا "ناسەقامگیر"ە و پڕە لە شەپۆلی جۆراوجۆری پلان و بەرنامە کە "شوێن پێ"ـی دیکتاتۆرییەت لەبەردەمیاندا هەستی پێدەکرێت.
گومانی تێدا نییە کە ئاسۆ ڕوونترە لەوەی ئێستا دەبینرێت لە ئێران. ئەو هێزانەی "هەڵقوڵاوی گەل" و "دڵسۆزی گەل" نین، نامێنن. ڕەنگە هێشتا هەندێک دیمەنی سەرنجڕاکێش و هەندێکجاریش گاڵتەجاڕانەتر لە ئارادا بن کە ڕووی نەدابێت. بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا دەمێنێتەوە، هێزی ڕەسەن و جەماوەری و دیموکراتییە. خەڵکی ئێران بڕیاری شۆڕشی داوە لە کۆمەڵگادا دژ بە دیکتاتۆرییەت و ئەم کارەش دەکەن و ناکشێنەوە. هێزی کورتبین و کورتخایەن و بێ ڕەگ و ڕیشە لە مەیدانەکە دوور دەخرێنەوە! چونکە سەردەم، سەردەمی یەکلاییبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکانە و زۆریش خێرایە و بێ گومان ڕاستیەکان ڕەحم به هیچ هێز و لایەنێک ناکات!
بەڕاستی ئایا دەکرێت بانگەوازی خەڵک بکرێت بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆری دەسەڵاتدار، بەبێ "نکۆڵیکردن لە دیکتاتۆریەتێک لە ڕابردوودا"؟ وە ئایا دەکرێت ئیدیعای سەرکردایەتی سیاسی ڕاپەڕین بکرێت بە بێ هەبوونی "ڕێکخستن" و "دەزگای ڕێبەرایەتیکردنی ڕاپەڕینی جەماوەری" و بە بێ "ئامادەبوون لە گۆڕەپانی ڕاپەڕین" دا؟ ئایا دەکرێت بە بێ ئەوانە ڕاپەڕین بپارێزێت لە پیلان و هێڕش و هەڕەشەی دیکتاتۆرییەت؟ یان ئایا دەکرێت بانگەوازی خەڵک بکرێت بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆر بەبێ ئەوەی خۆت دەستەویەخەی دیکتاتۆرییەت نەبیت؟
نەخێر، هەرکەس و هەر لایەنێک کە لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە و تا سەر ئێسک دژ بە دیکتاتۆرییەت نەبێت لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا، ناتوانێت هەڵقولاوی گەل و لە خزمەت گەلدا بێت. سەردەمی هەلپەرستی کۆتایی هاتووە و دۆخەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دواوە. ڕەوتی "بێ ڕیشە" و "هەلپەرستی" و "دیکتاتۆردۆستی"، کە بە ئیدیعا و دروشمی جۆراوجۆرەوە، گۆڕەپانی ڕاپەڕێن و شۆڕش نادیار و تەمومژاوی دەکەن بە سوودی دیکتاتۆرییەت، نەک هەر برینە قووڵەکانی خەڵکی ئێران ساڕێژ ناکەن، بەڵکو دەبنە بەشێک لە برین و ئازارەکان خەڵکی ئێران!
لە کاتێکدا خوێنی خەڵک لەسەر شەقامەکانی ئێران دەچۆڕێت و دەڕژێت، داتاشینی ئەڵتەرناتیڤ، درووشمی لادەرانە، کردنەوەی میدیا و بەکارهێنانیان لە دژی "ئەڵتەرناتیڤی جەماوەری و دیموکراتی" جگە لە خزمەتی دیکتاتۆرییەت هیچی تر نەبوون و هیچی تریش نین. دیکتاتۆری دەسەڵاتداری ئێران بۆ مانەوەی لە دەسەڵات و پێشگرتن لە ڕووخاندن، بە هاندان و هەڕەشەکردن و شێواندنی ڕاستییەکان و سانسۆر لە دژی ڕاپەڕینی گەل، هەوڵی ڕاکێشانی خەڵکان دەدات بۆ ئەوەی دژی موقاومەتی ڕەسەنی خەڵکی ئێران هەڵوێست لە خۆیان نیشان بدەن. لە فێڵەکانی دیکتاتۆری دەسەڵاتدار و کرێگرتەکانی دیکتاتۆر ئەوەیە کە لەژێر ناوی "ئۆپۆزسیۆن!"، "ڕاپەڕینی گەل بێ سەرکردایەتی"، "راپەڕینکاران بە توندوتیژ" بنوێنێت و داواکارییەکانی پێشووی خەڵک لە جێی "خواست و ویستی سەرەکیی گەل" (واتا ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت) دابنێت و بەمجۆرە ڕێگری بکات لە ڕووخاندی دەسەڵات و گەیشتنی خەڵک بە دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتی.
بە خۆشییەوە خەڵکی ئێران ئێستا وریان و بە پێچەوانەی ڕاپەڕینی دژە پاشایەتی ساڵی ١٣٥٧ (1979)، زۆر باش دەزانن (چییان دەوێت) و بۆچی ئامادە نین گۆڕەپانی ڕاپەڕین بەجێبهێڵن. ڕاپەڕینی جەماوەری کاتێک بەرز دەبێتەوە بۆ ئاستی شۆڕش کە (بەدیلی ڕەوا و جێ متمانە و دیموکراتی)، جێی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بگرێتەوە. ئەگینا هەروەک ڕاپەڕینی دژە پاشایەتیی ساڵی ١٣٥٧، کەسێکی وەک (خومەینی) قوت دەکرێتەوە کە بە دزینی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی گەل، دیکتاتۆرییەتێکی خراپتر بەسەر ئێران و خەڵکی ئێراندا بسەپێنێت.
خەڵکی ئێران خوازیاری ئازادی و دێموکراسی، وەدیهاتنی مافی شارومەندی و شارستانییەت، بەدیهێنانی مافەکانی ژنان و مافی یەکسانی ژنان و پیاوان، مافە نەتەوەییەکان، مافی ئایین و ئایینزاکان، جیابوونەوەی دین و ئایین لە دەوڵەت (سکۆلاریزم) ، فرەچەشنی (پلۆرالیزم) و پێکەوەژیانی ئاشتیانەن لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و هەروەها ئاشتی لەگەڵ وڵاتان و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ.