هەندێک لە چالاکانى سیاسى و مەدەنى و فەرهەنگیی پارێزگاى سنە، بە بڵاوکردنەوەى بەیاننامەیەک، خوازیارى ئازادکردنى دەستبەسەرکراوانى مەراسیمەکانى نەورۆزى ئەم ساڵ بوون.
بە پێى ڕاپۆرتى هێرسنا، لە بەشێک لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە ئەرکى دەوڵەتەکان لە ڕاستاى لابردنى هەڵاواردن و دابینکردنى پێویستییەکان بۆ هەمووان، هاتووە:
ڕەفتارى توند و پێچەوانەى یاسا و بنەما و مافى بنەڕەتى مرۆڤەکان، لە ڕۆژانى سەرەتاى ساڵى نوێ، شادى بنەماڵەى دەستبەسەرکراوان، گۆڕا بۆ خەم و دڵگرانى و شەپۆلێک نیگەرانى لە سنە و شارەکانى دیکەى دروست کرد.
ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکانى سیاسى و مەدەنى و فەرهەنگى سنە، داوا لە ناوەندە بەرپرسەکانى تایبەت لەم پرسە دەکەین، سەرەڕاى دڵدانەوەى هەموو ئەو گیراوانە و بنەماڵەکانیان، ڕوانگەى خۆیان سەبارەت بە مافى فەرهەنگیی مرۆڤەکان و سنوورە فەرمى و نافەرمییە دروستبووەکان بگۆڕن و هەرچى زووە بوارى ئازادیی کەسانى دەستبەسەرکراو بڕەخسێنن تا بچنەوە نێو بنەماڵەکانیان و بەمە دڵیان خۆش ببێت.