Ana içeriğe atla

لە بانەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دانیشتنێکى تایبەت لەسەر سەمەندەرى کوردستانى کرا

لە بانەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دانیشتنێکى تایبەت لەسەر سەمەندەرى کوردستانى کرا
AvaToday caption
posted onMarch 25, 2022
noyorum

🌐  ئاڤاتودەی

سەمەندەری خاڵ زەردی کوردستانی یا بووکی کانیاوەکان یا نازخاتوون کە بوونەوەرێکى ئەمفیبیۆسی بنەماڵەی سەماندەریانە، لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان نیشتەجێیە. سەمەندەری کوردستانی یەکێکە لەو جۆرە زیندەوەرە دەگمەنانەی کە مەترسی لە ناوچوونی هەیە، هەر بۆیەشە خراوەتە لیستی سووری ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ''IUCN''.

ئەم بوونەوەرە لە دارستان و نزیک دار بەڕووە چڕەکانى بانە و شارەکانى دیکە دەژیت، بەڵام ئێستا دۆخى لە مەترسیدایە و خەریکە لەنێو دەچێت. بۆیەشە چەندین پسپۆڕى ئیدارەى گشتى پاراستنى ژینگەى پارێزگاى سنە گەیشتنە بانە و لە کۆبوونەوەیەک کە تیایدا ئەندامان و ڕاوێژکارانى ڕێکخراوى پاژینى ژینگەپارێزى تێدا بەشدار بوون، باس لەسەر چۆنیەتى پاراستنى ئەم بوونەوەرە کرا و بە پێویست زانرا زیاتر کار لەسەر پاراستنى بکرێت و بەر بە لەنێوچوونى بگیردرێت.

لە کۆبوونەوەکە بڕیار درا کە ڕێکارى پێویست لەم بارەوە هەڵێنرێتەوە و فێرکارى تایبەت ئەنجام بدرێت بۆ پاراستن و لەنێونەچوون و زیادکردنى.

ئەم زیندەوەرە کە سەر بە بنەماڵەی ئەمفیبی کلکدارە و ڕەنگی پێستی پشتی ڕەش و قاوەییە و بە خاڵی زەرد و مەیلەو سەوز داپۆشراوە و بەشی ژێرەوەی سوورە و سەری پان و خڕ و چەماوەییە و چاوێکی گەورەى هەیە، لە بەرزی ١٣٠٠ بۆ ١٤٠٠ مەتر لە چیاکانی کوردستان لە شوێنی شێدارى ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە نێو دارستانەکانی زاگرۆس و لە نزیک دار بەڕووەکان دەژیت.

سەمەندەرى کوردستانى

بووکی کانیاوەکان یا نازخاتوون، سەرەتا لەلایەن ئاژانسی پاراستنی ژینگەیی بۆکان لە ساڵی ١٩٩٩ ناسێنرا کە جۆرێکی دەگمەنە و تایبەتە بە جوگرافیای کوردستان. کرمۆکەی ئەم زیندەوەرە لە ئاودا گەشە دەکات و دوای پێگەیشتن و گەورەبوونی، دەچێتە ناو وشکانی و ژینگەی شێدار، ژیانی لە کوێستانەکان زۆر باشە بەهۆی بوونی ئاوی پاک و ڕوون، خۆراکی گونجاو و پلەی گەرمای پێویست، لەسەر خواردنی قەوزە و مێروو و کرمۆکەی زیندەوەرانی دیکە دەژی.

دوای تەواوبوونی زستان و توانەوەی سەهۆڵ و زوقم، سەمەندەر و جۆرەکانی لە بەهاردا لە شوێنەکانی خۆیان دێنە دەرەوە بۆ جووتبوون و بەرەو جۆگەکان دەجوڵێن.

 چەندین هۆکار هەن بۆ لەنێوچوونی وەک: وشکەساڵی و خراپی ژینگە و وشکبوونى کانیاوەکان و پیسبوونی ئاو لە ڕێگەی دەرمانی کیمیای بۆ ڕێگریکردن لە گیای زیادە و پەینی کیمیایی. ساڵانی ڕابردوو ئەم زیندەوەرانە زیاتر بەهۆی وشکبوونی کانیاوەکان، ڕاوکردن و خواردنی لەلایەن باڵندە و مارەوە ژمارەیان زۆر کەم بووەتەوە و لە مەترسى لەنێوچووندایە.

سەمەندەری کوردستانی یەکێکە لە زیندەوەرە دەگمەنەکانی جیهان، لە لیستی سووری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی سویسری "یەکێتیی پاراستنی سروشت و سەرچاوە سروشتییەکان IUCN " دانراوە بۆ پاراستنی لە مەترسی لە ناوچوون، ئەمەش گرنگی ئەم جۆرە زیندەوەرە دووهێندە دەکات.