Ana içeriğe atla

پاریس یادی کیمیاباران کردنى هەڵەبجە دەکاتەوە

پاریس یادی کیمیاباران کردنى هەڵەبجە دەکاتەوە
posted onMarch 16, 2022
noyorum

کارزان حەمید - پاریس

لە ٣٤ مین ساڵیادی کیمیاباران کردنى هەڵەبجە نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەفەرەنسا، بەئامادەبوونى چەندین کەسایەتى باڵاى شارى پاریس پایتەختى فەرەنسا، مەراسێمێکى بەو بۆنەیەوە رێکخست.

مەراسیمەکە بە وتەیەکى عەلى دۆڵەمەری، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان فەرەنسا دەستى پێکرد و تێدا باسى لەو کارەساتە گەورەیەى گەلى کورد کە بەدەستى رژێمەکەى سەدام حوسێن بەسەریدا هات و تێدا روونیکردەوە کە رۆژى ١٦ ئاداری ساڵى ١٩٨٨ حکوومەتى پێشووی عێراق بەچەکی کیمیاوی ئەو شاری هەڵەبجەیان بۆردومان کرد.

روونیشیکردەوە " چەندین قوربانی بە دەستى رژێمەکەى بەعس کەوتنەوە، کە تاوانباری سەرەکیی لەپاڵ خودی سەدام حوسێن، عەلى  حەسەن مەجید، ئامۆزاشی بووە، کە رۆڵێکى سەرەکیی لەو جینۆساید کردنە بینیوە".

لەو بۆنەیەدا کە بەشێک لەسەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى شارەوانى پاریسى ١٥ و بەرپرسانى باڵا و ژمارەیەک لەجەنگاوەرانى دێرینی فەرەنسی ئامادەیی بوون، تێدا چەندین دیکۆمێنت و وێنەى کارەساتى هەڵەبجە خرایە بەردەم مێوانان بۆ ئەوەى لەنزیکەوە سەیرێکى ئەو رووداوە بکەن کەبەسەر هەڵەبجەدا هاتبوو.

لە لێدوانێکى تایبەت بەتۆڕى (ئاڤا تودەى)، دۆڵەمەری رایگەیاند " ئەوان مەبەستیان لەو مەراسیمە ئەوە بووە نیشانى گەلى فەرەنسی بدەن، کە کورد چ قوربانیەکی داوە".

هیماشی بۆ پەیوەندییە دێرین و مێژووییەکەى نێوان فەرەنسا و کوردستان کرد، کە چەندین ساڵە بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچێت.

کیمیاباران کردنى هەڵەبجە یەکێکە لەو مەرگەساتانەى بەسەر گەلى کوردستاندا هاتووە، کە پێنج هەزار هاووڵاتى مەدەنى گیانیان لەدەستدا، جگە لەبرینداربوونى دەیان هەزار کەسى دیکە.

لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکە، یەکێک لەقوربانیانى کیمیابارانەکە بۆ ئامادەبووان دوواو، باسى پرۆسەى پاش کیمیابارانەکەى شارەکەیان کرد، کەهیچ کەسێک نەیدەوێرا باسى هەڵەبجەو رووداوەکان بکات.

گووتیشى " لەدواى ئەو رووداوە، حکومەتی بەعس هەستا بە دروستکردنى شارێکى دیکە بەناوی هەڵەبجە و خەڵکەکەى لەشارە بۆردمانکراوەکە گواستەوە ئەوێ".

هاوکات سەرۆکى شارەوانى پاریسى ١٥ ـمین، ئەویش وەک هاوسۆزییەک بۆ دۆزی گەلى کورد، وتەیەکى پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و داواشى لەکۆمەڵەى جەنگاوەرە دێرینیەکانى فەرەنسا کرد، ئەوان وتەیەک بەو بۆنەوەیە پێشکەش بکەن، کە تێدا هاوسۆزی خۆیان بۆ ئەو قوربانیانی هەڵەبجە نیشاندا.

دواتر باسیان لەمێژووی دێرینی دۆستایەتى وڵاتەکەى بەرامبەر گەلى کوردستان کرد، بەتایبەت لەسەردەمى سەرۆکایەتى فرانسوا میتران، کە گرنگییەکى زۆر بەشۆرشی رزگاریخوازی کوردیان دەدا".

پاش چەندین ساڵ لەو رووداوە، لەبەهاری 2003 رژێمەکەى بەعس لەلایەن ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانیان، رووخێنراو، سەرجەم سەرکردە باڵاکانى ئەو رژێمەش یەک لەدوای یەکدا دەستگیرکران و درانە دادگا.

هەریەک لەسەددام حوسێن و عەلى حەسەن مەجید، کەبە عەلى کیمیاوی ناسراوبوو، ئەوانیش بەبڕیارى دادگاى تایبەت بەتاوانەکانى بەعس لەسێدارە دران.