Ana içeriğe atla

١١ سیخوڕى ئیتلاعات لە تورکیە پلانى ڕفاندنی دژبەرێکیان لێ ئاشکرا و دەستبەسەر کران

١١ سیخوڕى ئیتلاعات لە تورکیە پلانى ڕفاندنی دژبەرێکیان لێ ئاشکرا و دەستبەسەر کران
AvaToday caption
posted onFebruary 11, 2022
noyorum

کۆمارى ئیسلامى بەردەوام لە ڕێگەى تیرۆر و ڕفاندنى دژبەرانییەوە هەوڵى کپکردنى دەنگە ناڕازییەکانى داوە و لەم چوارچێوەیەشدا سەدان تیرۆر و تۆقاندن و تەقینەوەى ئەنجام داوە و بە هەزاران کەسى کوشتووە. لە دوا هەوڵیشیدا کە دەستى لەگەڵ چەندین کەسى بەرپرس و چەکدارى تورکى تێکەڵ کردبوو، پیلانێکی ڕفاندنی دژبەرێکیان لێ ئاشکرا بوو و ١١ کەس بەم تۆمەتەوە دەستبەسەر کران.

 

لەم پیلانەى ئیتلاعاتى کۆمارى ئیسلامى کە لە شارى زانگولداکى نزیک مووشى باکوورى تورکیە بوو، دادوەرێکى دادگاى ئەندۆڵووى ستانبوڵ و خاوەن کۆمپانیایەکى بەرگرى و چەند سەرهەنگى خانەنشین و چەند ئەفسەرێکى پۆلیس و تەنانەت ئەفسەرێکى چینى لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانى تورکیە دەستبەسەر کران کە هەموویان لە پلانەکەى ئیتلاعاتى کۆمارى ئیسلامیدا بوون.

ئۆدا تیڤى بڵاوى کردەوە کە دەزگا ئیتلاعاتییەکانى کۆمارى ئیسلامى سیخوڕێکی خۆی بە ناوى عەلى قەهرەمان حاجی ئابادى ڕاسپاردووە کە کەسێکى دژبەرى ئێرانى بە ناوى شاه نەئیم بڕفێنێت. سخوڕەکەى کۆمارى ئیسلامى بۆ دانانى پلانەکەى چووەتە تورکیە و دواى دانانى پلانەکە گەڕاوەتەوە ئێران.

هاووڵاتییەکى دیکەى ئێرانى بە ناوى مورتەزا سوڵتان سانژلى کە لە شارى تۆزلا لە کۆماپانیایەکى بەرگرى بە ناوى "باى ساغڵەم" کارى کردووە، یەکێک لە مۆرە سەرەکییەکانى پلانى ڕفاندنەکە بووە کە ئەویش دەستبەسەر کراوە، خاوەنى کۆمپانیاکەش بە ناوى ئیحسان ساغڵەم بووە کە پەیوەندییەکى گەورەى لەگەڵ وەزارەتى بەگرى و هێزە چەکدارەکانى تورکیە هەبووە و دەستى هەبووە لە دیاریکردنى هێز و مۆرەکانى نێو بەرنامە و پلانەکە و ئەویش دەستبەسەر کراوە.

ئەم کۆمپانیایە لە ئوردن و مەجارستان و پاکستان و کۆنگۆ و کوەیت لقى هەیە و خەریکى مامەڵەی کەرەستە سەربازییەکانى وەک فڕۆکەى سەربازى و فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەى بارهەڵگر و سیستەمى سکانى کەلوپەل و کانتێنێر و جانتا و چەک و سیستەمى ڕادار و مادەى تەقینەوە بووە.

ڕفێندراوان و هەوڵدان بۆ ڕفاندن

ئەمانە سێ کەسن کە لەم دوو ساڵەدا لە لایەن کۆمارى ئیسلامى تیرۆر و ڕفێندراون و هەوڵى ڕفاندنیان دراوە

یەکێکى دیکە لە مۆرە سەرەکییەکان کە کارى لەگەڵ ئیتلاعاتى کۆمارى ئیسلامى کردووە، داوود یەڵماز ناوێک بووە کە لە دادگاى ئەنادۆڵۆ کارى کردووە. ئامانجى کارکردنى ئەم سیخوڕەش ئەوە بووە کە ئەگەر کێشەیەک ڕوو بدات لە ڕووى دادییەوە چارەسەرى بکات. یەڵماز پێشتر دادوەرى قزڵ تەپەى پارێزگاى ماردین و داوەرى گشتى شارى چشمە بووە و لە ساڵى ٢٠١٩ وەک دادوەرى پلە یەکى ناوچەى ئەنادۆڵووى ستانبوڵ دەستنیشان کرا.

موتەرزا سوڵتان لە ٣٠ کانوون لە چوارچێوەى ئامادەکارییەکانى ئۆپراسیۆنى ڕفاندنەکەدا، کاتێک کە لە شارى زانگولداکى دەچێتە دەرەوە، میتى تورکیە بەدواى دەکەون. سیخوڕەکانى کۆمارى ئیسلامى ئاگادارى دەکەنەوە کە گومانلێکراوە. هەر بۆیە پلانەکە هەڵدەوەشێننەوە و مورتەزا ناچار لە ستانبوڵ دەمێنێتەوە. دەزگاى هەواڵگرى تورکیە هەر بە دوایەوە بووە تا کاتى دەستبەسەرکردنى. پێشتریش ١١ کەس کە لەو پلانەدا هەبوونە دەستبەسەر کراون کە لە نێویاندا ئیحسان ساغڵەمى خاوەنى کۆمپانیایەکى سەربازى و کەمیل تاشچى سەرهەنگێکى حانەنشین ناوى مستەفا چیچک ئەفسەرى پۆلیس لە ئیدارەى مێرمنداڵانى تورکیە ناویان هەیە.

ئیتلاعاتى کۆمارى ئیسلامى، پێشتریش لە تورکیە هەوڵى ڕفاندن و تیرۆرکردنى دژبەرانى خۆى داوە و لە هەندێکیشیاندا سەرکەوتوو بووە. هەر ماوەیەک بەر لە ئێستا ویستیان ئەرتەشییەکى ئێرانى بە ناوى میهرداد ئابدارباشى لە شارى وان بڕفێنن بەڵام سەرنەکەوتن و لەو چوارچێوەیەشدا هەشت کەس دەستبەسەر کران کە دوویان سیخوڕى کۆمارى ئیسلامى بوون.

لە ساڵى ٢٠٢٠ حەبیب شەعب دامەزرێنەر و ڕابەرى پێشووى تەڤگەڕى ئەهواز لە ئەستەنبوڵ ڕفێندرا و لە ساڵى ٢٠١٩ـیش ئەندازیارێکى ئەرتەشى ئێرانى بە ناوى مەسعود مەولەوى وەردنجانی لە ستانبوڵ تیرۆر کرا.