سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا دوو رۆژە لە تارانە و خەریکى گفتوگۆیە لەگەڵ ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی کۆمارى ئیسلامی و یەکێک لە گرنگترین پرسى کۆبوونەوەکانیان، دەرکردن و پشتگیرینەکردنى ئۆپۆزسیۆنى هەردوو وڵاتە.
لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا سلێمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتى: بۆ ڕووبەڕووبونەوەى هێزە تیرۆریستیەکانى وەک پەکەکە قسەمان کرد و ئەمنیەتى سنوورەکانمان باسێکى گرنگى هەردوولامان بوو. هەروەها سۆیلو باسى ئەو دیوارە کۆنکرێتییەى کرد کە لە نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دروستیان کردووە و بە پێشگرێکى باش و گەورەى دانا بەرامبەر "تیرۆرۆستان (کە مەبەستى گەریلاکانى پەکەکە بوو) لەگەڵ ئەو کۆچبەرە ئەفغانییەى کە لە رێگەى نایاسایی و لە ئێرانەوە ڕوو دەکەنە تورکیە".
وەزیرى ناوخۆى تورکیا گوتیشى: وڵاتەکەمان بە هێز و سیستەمى باشترەوە لەسەر سنوورەکان ئامادەیی هەیە و بە کامێراى چاودێرى و تیمى سەربازى گەڕۆک لەسەر زەویى و فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان لە ئاسمان، وڵاتەکەمان دەپارێزین.
ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی کۆمارى ئیسلامیش گوتى: "لەسەر ڕووبەڕووبونەوەى تیرۆر و قاچاخى چەک و ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ تورکیە تەباین و ڕێککەوتنى زۆرمان هەیە". باسیشى لەوە کرد کە لەگەڵ هاوتاکەى خۆى کار و لیژنەیەکى هاوبەشیان هەیە بۆ بڕیاردان لەسەرپاراستنى سنوورەکان بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان و هێزە کوردییەکانى دژبەرى هەردوولاى بە مەترسى زانى لەسەر ئەمنیەتى هەردوو وڵات.