Ana içeriğe atla

بەنى سەدر: ئەرتەش حەقى نییە پۆتین لە پێ دەربێنت تا کوردستان لەو یاخییانە پاک دەکاتەوە

بەنى سەدر: ئەرتەش حەقى نییە پۆتین لە پێ دەربێنت تا کوردستان لەو یاخییانە پاک بکاتەوە
AvaToday caption
posted onOctober 9, 2021
noyorum

▪️ ئاڤاتودەى

ئەمڕۆ بەیانى ـ شەممە، لە نەخۆشخانەى سالپتریەى پاریس، سەید ئەبولجەسەنى بەنى سەدر کە یەکەم سەرکۆمارى ڕژیم بوو لە ئێران، مرد! هەر بەم بۆنەوە لێرەدا کورتە ڕاپۆرتێک لەسەر ژیانیى سیاسى دەخەینە ڕوو، چونکە ئەم پیاوە کاتى خۆى لەسەر بنەماى فتواکەى خومەینى گوتى: بەنى پۆتینەکانتان شل مەکەنەوە تا کوردستان دەگرنەوە و هۆکارى کوشتنى سەدان ژن و منداڵ و پێشمەرگە و خەڵکى سڤیل بوو.

 

کورتەیەک لە ژیان:

ئەبولحەسەن بەنى سەدر، لەدایکبوونى ساڵى ١٣١٢ى هەتاوییە لە باخچەى سەر بە هەمەدان. کوڕى ئایەتوڵا نەسروڵاى بەنى سەدرە یەکێک لە ڕوحانییە دیارەکانى ئێران و لە هاوڕێ کۆنەکانى خومەینى.

یەکێک بوو لەو خوێندکارانەى کە بە هاوکارى ئیحسان نەراقى سەرۆکى دامەزراوەى موتاڵا و توێژینەوەى کۆمەڵایەتى فەرەح پەهلەوی، چووە ئەوروپا بۆ خوێندن. ئەبولحەسەن بەنى سەدر لە زانکۆى سۆربۆن و لە بەشى ئابوورى دەستى بە خوێندن کرد و یەکێکش بوو لەو خوێندکارانەى کە خەباتى دژ بە ڕژیمى پەهلەوى دەکرد و چووە نێو تەشکیلاتى جەبهەى میللییەوە.

لەو کاتەى کە خومەینى لە پاریس بوو، بەنى سەدر وەک یەکێک لە نزیک و ڕاوێژکارەکانى هەژمار دەکرا و پاش گەڕانەوەى خومەینى بۆ ئێران، ئەویش گەڕایەوە و لە ساڵى ١٣٥٧ى هەتاوى بووە یەکێک لە ئەڵقە نزیکەکانى خومەینى. ئەندامى شووراى ئینقیلاب بوو و پاش گرتنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا و گرۆگانگیرى دیپلۆماتەکانى ئەمریکا لە ١٣٥٨، چووە نێو بەرەى دژایەتى ئەم کارەوە.

بەنى سەدرر

بوونە سەرکۆمار:

پاش دەستلەکارکێشانەوەى مەهدى بازرگان لە پلەى سەرۆکوەزیرانى دەوڵەتى کاتى کۆمارى ئیسلامى، ئەبولحەسەن بەنى سەدر بووە پاڵێوراوى یەکەمین هەڵبژاردنى سەرکۆمارى و بە ١١ ملیۆن دەنگەوە بووە سەرکۆمار. بەنى سەدر مانگێک پاش سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان، بە حوکمى خومەینى کرایە سەرۆکى شووراى ئینقیلاب و ماوەیەک دواتر، بە حوکمى خومەینى، کرایە بەرپرسى فەرماندەیی گشتى هێزەکان.

بەنى سەدر و وتارى سەربازى

هێرش و فەتوا دژ بە کورد:

کاتێک کۆمارى ئیسلامى شارى سنەى دەست بەسەردا گرت، بەنى سەدر سەرنجێکى زیاترى خستە سەر کوردستان و "بۆ ڕیشەکێشکردنى زدى ئینقیلابەکان"، پێشنیارى دروستکردنى قەرارگایەکى کرد کە تا کرماشان درێژ ببێتەوە و زۆر بەخێرایی کارەکانى بۆ کرد و سەیاد شیرازی کردە فەرماندەى ئەو قەرارگایە کە دواتر بە دوستى کورد کوژرا.

لە کاتى هێرشى کۆمارى ئیسلامى بۆ سەر کوردستان، بەنى سەدر فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى رژیم بوو، گوتى"داوى پۆتنینەکان شل مەکەنەوە تا کوردستان دەگرنەوە". بەڵام دواتر بەنى سەدر گوتى من ئەو قسەیەم نەکردووە و بە ناوى فتواى خومەینییەوە تەواو بوو، بەڵام ئەوە لە گرنگى ئەم فەتوایە کەم ناکاتەوە کە بەنى سەدر ئەودەم سەرکۆمار بوو.

لە گوتارێکى بەنى سەدر لە نێو خەڵک لە گۆڕەپانى ئازادى، ڕێکەوتى خاکەلێوەى ١٢٥٩ داى لەسەر پرسى کوردستان، گوتى:

ـ لە وەڵامى تێگەیشتن، تێگەیشتن و لە وەڵامى چەک: تۆپ

ـ ئێمە گرووپە چەکدارەکان لە کوردستان قبوڵ ناکەین.

ـ ئەو کەسانەى کە خزمەتى کۆمارى ئیسلامى دەکەن، شەهیدبوون هەنگاوى یەکەمیانە و ئەگەر سەرکۆمارەکەشتان گرۆگان بگرن ئێوە نابێت تەسلیمى مەنتقى دوژمن (مەبەستى حزبە کوردییەکانە) بن.

ـ بۆیە ئەگەر ئەوان هەڕەشەکانیان جێبەجێ کرد، ئەوا ئینەلاو ڕاجعون و لەم کاتەوە ئەرتەش حەقى نییە پۆتین لە پێڵاوەکانیان دەربهێنن مەگەر لە وجودى ئەم یاخییانە پاک بکەنەوە.

بەنى سەدر و خومەینى

گێرمەوکێشە و وەلانان:

بەنى سەدر یەکێک لە کەسایەتییە نزیکەکانى خومەینى بوو کە لە تاراوگە (فەڕەنسا) دەژیا و دواى سەرکەوتنى شۆڕش گەلانى ئێران گەڕایەوە تاران و لە یەکەم هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیدا  لە ساڵى ١٩٨٠ وەک سەرکۆمار هەڵبژێردرا.

بەنى سەدر یەکێک بوو لەکەسایەتییە نزیکەکانى ڕێکخراوى موجاهیدینى خەڵق و، تا ڕادەیەکیش لەگەڵ مەسعود ڕەجەوی ڕێبەری ئەو ڕێکخراوەیە، بەڵام ئاڵۆزى پەیوەندییەکانی موجاهیدین و پیاوانى ئایینى، کاریگەرى لەسەر پەیوەندییەکانى بەنی سەدریش کرد، کە پێی وابوو پێویستە "جەنگی وڵاتەکەى لەگەڵ عێراق سنووردار بکرێت".

ئاڵۆزییەکانى بەنى سەدر دواى ناردنى نامەیەک بۆ خومەینى لەبارەى هەڵوەشانەوەى ئەنجومەنى شۆڕش و دەسەڵاتی دادوەرى و پێکهێنانى حکومەتێکى نوێ بۆ ڕزگارکردنى وڵات لەقەیرانى سیاسی و ئابوورى، تووندتر بوونەوە. دواى چەند ڕۆژێک لەناردنى نامەکەى، خومەینى بڕیارى دوورخستنەوەى بەنى سەدر دەردەکات و بە "خیانەت"یش تۆمەتباری دەکات و، بەرپرسیاریەتى ڕێگرى لەهێزە چەکدارەکان بۆ بەرپەرچدانەوەى هێرشەکانى عێراقیش تۆمەتبار دەکرێت. پاش ئەو ڕووداوە بەنى سەدر لەپێش چاوان نامێنێت و لە تەمموزی ١٩٨١ بە هاریکارى ڕێکخراوى موجاهدینى خەڵق بەرەو پاریس هەڵات.

بە دەستپێکى شەڕى ئێران و عێراق، ئەبولحەسەن بەنى سەدر لە نامەیەک بۆ خومەینى، وەزیرانى کابینەکەى خراپ و بە "هەڕەشەیەکى گەورتر لە دەستدرێژى عێراق بۆ خاکى ئێران" هەژمار کرد و هەر ئەمەش بووە هۆى دابڕان و دروستبوونى درزێکى گەورە لە نێوان بەنى سەدر و بەرپرسانى ترى کۆمارى ئیسلامى. لە ساڵى ١٣٦٠ پەرلەمانى کۆمارى ئیسلامى، بە زۆرینە دەنگى لەسەر لاوازى بەنى سەدر لە پۆستى سەرکۆمارى دەرکرد و دواتر خومەینى لە پلەى فەرماندەیی گشتى هێزەکانى کۆمارى ئیسلامى لاى برد.

شەش حەوتوو دواى دەنگى پەرلەمان، ئەبولحەسەن بەنى سەدر لەگەڵ مەسعود ڕەجەوی سەرۆکى موحاهیدینى خەڵق و بە لەبەرکردنى جلوبەرگى ژنانە لە فڕۆکەخانەى میهرائاباد و بە فڕۆکەیەک کە بێهزاد موعەزی فڕۆکەوانەکەى حەمەڕەزا شا کاپیتانى بوو، ئێرانى جێ هێشت و چووە فەڕەنسا. بەنى سەدر لەگەڵ مەسعود ڕەجەوی و چەند کەسێکى دیکەى دژبەرى کۆمارى ئیسلامى، شووراى میللى مقاوەمەتیان دروست کرد و لە ساڵى ١٩٨٤ بە هۆى گێرمەوکێشە و جیاوازى ڕوانگەکان لەگەڵ ڕەجەوی، لێیان جیا بووەوە.

ئەبولحەسەن بەنى سەدر لە وێرساى، شارێک لە نزیک پاریس، لە ژێر چاودێرییەکى توندى ئەمنى دەوڵەتى فەڕەنسا دەژیا. لە کاتى دادگاییکردنەکەى مێکونوس کە کۆمارى ئیسلامى تۆمەتبار کرا بە تیرۆرکردنى دکتور سادق شەرەفکەندى سکرتێرى ئەودەمى حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران، دژى کۆمارى ئیسلامى شاهیدى دا.

بەنى سەدر لە فەڕەنسا بە چاپکردنەوەى بەردەوامى حەوتوونامەى "ئینقیلابى ئیسلامى لە هیجرەت" و نووسینى وتار و کتێب، کارى زۆرى لەسەر ئینقیلابی ئیسلامى کرد.