Ana içeriğe atla

پیلانێکى مەترسیدارى کۆمارى ئیسلامى بۆ تێکدانى زەوییە کشتوکاڵییەکانی مەهاباد

پیلانێکى مەترسیدارى کۆمارى ئیسلامى بۆ تێکدانى زەوییە کشتوکاڵییە مەهاباد
AvaToday caption
posted onMay 5, 2021
noyorum

مەھابادى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە یەکێکە لە گرنگترین و بەناوبانگترین شارەکانی کورد سەر بە پارێزگاى ورمێیە و کەوتووەتە باشوورى گۆلى ورمێ و نێوان شارەکانى میاندواو و سه‌رده‌شت و بۆکان و پیرانشار و کەش و ھەوایەکى فێنک و کوێستانى هەیە و چۆمێکى گرنگی ھەیە بە ناوی چەمی مەھاباد کە بە دەشتی شارەکەدا دەڕوا و لە ڕێگای کاناڵەوە زەوی و مەزاراکان ئاودەدێری پێ دەکرێت بەمەش شارەکە لە ڕووى زەویى کشتوکاڵی و بەرهەمەوە گرنگ و ستراتیژى دەکات.

 

ئەم پێشەکییە بۆ ئەوەبوو کە ئاشکراى بکەین دەشتەکانی شامات کە باشترین خاکی مەهابادە لە ڕووی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانەوە، شەوانە زبڵی شاری میاندواوی لێ فڕێ دەدرێت و بەمەش زۆرێک لەو زەوییە بە پیت و بەرەکەتانە بوونەتە زبڵخانە و هیچ سوودێکیان بۆ بەرهەمهێنانى کشتوکاڵى نییە.

زیاتر لە ساڵێکە شاری میاندواو کە دراوسێی مەهابادە، هەموو زبڵە شارییەکانی وەک کەرەستە و زبڵی کارگە و کشتووکاڵی و ئاژەڵداری، نەخۆشخانە و شوێنە بازرگانى و نیشتەجێکان لە زەوییە دەرەجە یەکەکانی شاری مەهاباد بەتاڵ و فڕێ دەدرێت، ئەوە لە حاڵێکدایە شاری میاندواو زەویی بێ کوالێتی هەیە وەک "شاهیندێژ" و "مەلیکانی"، کەچى زبڵەکانیان لە تەنیشت گوندی سەر سەوزی "تەنگەباڵە" و زەوییەکانی "شامات"ـى مەهاباد کە زەوى زۆر باش و بەپیتن، هەڵدەڕێژرێن.

سەرەڕای ناڕەزایەتی خەڵکی مەهاباد و نوێنەری شاری مەهاباد، کەچى هیچ ئۆرگان و بەرپرسێک وەڵامدەری ئەم کارە نایاسایی و خیانەتە گەورە و تێکدانى جوگرافییە نەبوونە. مەحموودی نوێنەری شاری مەهاباد، لە پرسیارێک کە ئاراستەی پەرلەمانى کۆماری ئیسلامی کردووە دەپرسێت: "بۆ ٢٥هەزار ملیار تمەنتان بەخشیوەتە شاری میاندواو تا مەهاباد لە زبڵەکانیدا بخنکێنێت؟ چ پیلانێکى شاراوە لەم تاوانەدا هەیە؟"

بە هاتنى ڤایرۆس و پەتاى کۆڤید ١٩ یا هەمان کۆڕۆناش بۆ نێو ئێران کە لە لایەن دەسەڵات و بە دەستى ئەنقەست کردى، ئێستا پاشماوە و کیتەکانی تێستی کۆرۆنا و سەرجەم نەخۆشییەکانى شارى میاندواو لە شاماتی مەهاباد فڕێ دەدرێن کە ئەمەش دووبارە مەترسییەکانى چەند هێندە کردووە.

کۆمارى ئیسلامى سیاسەتى پشتگوێخستن و لەنێوبردنى ڕۆژهەڵاتى کوردستانى پەیڕەو کردووە و لەم چەند ساڵەى ڕابردوودا کارى تەواوى لەسەر لەنێوبردنى زەوییە کشتوکاڵییەکانى ڕۆژهەڵات کردووە و تەنانەت هەر لە خودى مەهاباد زۆرێک لە زەوییە بە پیت و بەرەکەتدارەکان لە لایەن تورکەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و بە چەشەکردن و پێدانى پارەیەکى زۆر زەوییەکان لە کوردەکان وەردەگیردرێن و بەرهەمەکەیان دەبرێت بۆ شارەکانى دیکە هەروەک چۆن ئاوى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەبرێت بۆ ژیاندنەوەى گۆلى ورمێ و یا دەبرێت بۆ شارە فارسنشین و تورکنشینەکان کە دووبارە لەمەدا نە کارێکى خەیر و نە مەبەستێکى باش هەیە جگە لەوەى پیلانێکە بۆ وشککردن و قڕکردن و تێکدانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان.