ئابڵۆقەکانى ئەمریکا بەسەر ئێران ڕۆژ لەدواى ڕۆژ تووندتر دەبێت، بەتایبەت لە بوارى ئابوورى و دارایی، بەڵام بەرپرسانى ئێران لەسەر زەوی بەپێچەوانەوە وەڵامى واشنتۆن دەدەنەوەو، لە ڕێگەى هاوپەیمانەکانیان پێگەى خۆیان لەزۆربەى ناوچەکان بەهێزتر دەکەن، بەتایبەت لەنێو خاکی سووریا، کە ئێستا خەریکى بڵاوکردنەوەى مەزهەبگەرایی شێعەن.
تاران لە ڕێگەى هەموار کردنەوەى مەرجەکانى دانووستاندن لە ململانێیەکانى لەگەڵ واشنتۆن، دەیەوێت یارییەک لەگەڵ ئیدارەى کۆشکى سپی بکات، کەزۆر لێهاتووە تێدا ئەویش "بەدەستهێنانى لایەنگری زەوی و، سەپاندنى واقیعێکی نوێیە"، بەتایبەت لەناوچەکانى باکوورى ڕۆژهەڵاتى سووریا.
بەپێی ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەى (هاڤینگتۆن پۆست)ـى ئەمریکا "میلیشیا ئێرانییەکانى نێو خاکی سووریا کار لەسەر خستنى یەکێک لەهاوکێشەکانى جەنگ دەدەن، ئەویش لە ڕێگەى بەدەستهێنانى سۆزی هاووڵاتیانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى فوڕات"، ئەو ناوچانەش لەلایەن هێزە کوردییە پاڵپشتیکراوی ئەمریکییەکان بەرێوەدەچێت.
تەنانەت کۆمارى ئیسلامی توڕەیی نێو هۆزە عەرەبییەکانی ژێر دەسەڵاتى کوردەکانى ناوچەکانى باکوورى ڕۆژهەڵاتى سووریای قۆزستۆتەوە، ئەویش لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى شێعەگەرایی نێو ئەو هۆزانەو، لە لایەن ڕژێمى دەسەڵاتدارێتى سووریاش پشتگیرى دەکرێت، کە لە لایەن نوخبەیەکى عەلەوی لایەنگری ئێران باڵا دەستن.
ڕێگاى ئیمپراتۆرییەت:
هەڵگەڕانەوەى مێز بەسەر واشنتۆن لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى فوڕاتى ستراتیژی، هاوسەنگییەکە بەلای ئێران دەشکێتەوە، بەتایبەت ئەو ناوچەیە جێی ململانێی ولایەتە یەکگرتووەکانە.
تاران پێی وایە ئەو ناوچەیەى لە لایەن هێزەکانى نزیک لەخۆى کۆنتڕۆڵیان کردووە خاڵى پەڕینەوەى سەرەکییە لەنێوان عێراق ـ سووریا، کە دەکەوێتە سەر ڕێڕەوی ئێران بەدەریاى سپی ناوەڕاست. گرنگیی ئەو ناوچەیە کە پێدەچێت عەرەب لە بیرى کردبێت، بۆ ئێرانییەکان لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە هێڵەکە بە دیمەشقى پایتەختى سەنتەرى دەسەڵاتى ڕژێم دەبەستێتەوەو، هەروەها هاوسنوورە لەگەڵ لوبنان کە لەوێوەش حزبوڵا دەسەڵاتدارێتى تێدا هەیە، لەسەرووى هەمووشی بەستنەوەى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى ئێران لەعێراق بە سووریا و لوبنانە.
ئەمەش ناوچەیەکى گرنگى ئیمپراتۆرییەتى نوێی فارسییە، کە سەرکردەکانى ئەو وڵاتە بێشەرمنانە باسی لێوە دەکەن و، بانگەشەشیان بۆى کردووە.
جگە لەوانەش خاڵى پەرینەوەى ستراتیژییە لە فوڕات، کە قازانجێکى گەورەى بۆ دەسەڵاتدارانى ئەو ناوچە دروست کردووە، کە باج بەسەر هەموو کاروانێکى تێپەریوو بەو ناوچەیە وەردەگرن. لەماوەى ئەو جەنگەى کە لەساڵى ٢٠١١ ـەوە دەستى پێ کردووە، کۆمەڵێک کاری نایاسایی لەو خاڵەیە دروست بووە.
لەو بارەیەوەش بەرێوەبەرى تۆڕى دیر زور ٢٤ بە ڕۆژنامە ئەمریکییەکەى گووتوە "ئێران هەموو قورساییەکى لەریفی ڕۆژهەڵاتى دیر زور داناوە، بەتایبەت لەپانتایی شارى موحسن تا ئەلبوکەمالی هاوسنوورى عێراق".
عومەر ئەبو لەیلا، ئاماژەى بەوەش داوە "تاران کار لەسەر بڵاوکردنەوەى مەزهەبی شێعەیی دەکات، لەپاڵ ئەوەش فێربوونى زمانى فارسی بۆ گەنجان ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەى سۆزی هاووڵاتیان بەدەست بهێنێت". هێمای بەوە کردووە "ئێران کۆمەڵێک شارەزاى خۆی بۆ ئەو ناوچەیە ڕەوانە کردووە، بۆ ئەوەى پەیوەندیی لەگەڵ دانیشتووان ئەنجام بدات و، گەرەنتى مانەوەیان بۆ درێژترین وادە بەدەستهێنن".
"هاوسۆزی دەکڕن"
ئەبو لەیلا ئاشکراشی دەکات "هەڵمەتێکى بەشێعەکردن لەسووریا دەستى پێ کردووە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتى فوڕات"، ئەو ناوچانەش شوێن دەسەڵاتى هێزە کوردییەکانى نزیک ئەمریکایە.
دەشڵێت "ئەو کەسە شارەزاییەى ئێران بەبەردەوامی پەیوەندی لەگەڵ دانیشتووانى ڕۆژهەڵاتى فوڕات هەیەو، بەتایبەت لەنێو هەمان ئەو هۆزانەى لە باشوورى فوڕات نیشتەجێن، کە لە ژێر دەسەڵاتى هاوبەشى دیمەشق و تارانە". لە بەرامبەر ڕاکێشانى هاوسۆزییان تاران پارەیەکى زۆر دەبەخشێتە ئەوانەى دەبنە شێعەو، توانراویشە هاوسۆزییەک و لایەنگرییەکى فراوانیش دروست بکەن.
تۆڕەکەى ئەبو لەیلا کۆمەڵێک پرسى لەو بابەتە دیکۆمێنت کردووە، کە خەڵکێکى زۆرى دانیشتووانى ژێر دەسەڵاتى هێزە کوردییەکان چوونەتە ئەوبەرى ڕووبارى فوڕات و، چاویان بەپیاوانى ئێران کەوتووە بەبێ ئەوەى ناوەرۆکى ئەو دانیشتنە بزانرێت.
دانیشتووان ئومێدی گەڕانەوەى ڕژێمن
کۆمارى ئیسلامى کوردەکان بەکار دەهێنێت بۆ دەسەڵاتى شێعەگەرایی لە سوریا
یەکێک لەهاوڵاتیانى ئەو ناوچەیە کەدانیشتووی ئەڵمانیە دووپاتی دەکاتەوە، خێزانەکەى ئێستا لەشارى کەسرە نیشتەجێیە، کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى فوڕات، جەخت لەوە دەکاتەوە "لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە ئازار دەدرێن و، ڕێگە لە خەڵکى ڕەسەنى ئەو ناوچانە دەگرن بەشداریی بەرێوەبردنى شارەکەیان لە ئەستۆ بێت، جگە لەوانەش هیچ خزمەتگوزارییەکى بنەڕەتى لەفێرکارى و تەندروستى نییە".
ئەحمەد خەلیل، کە ناوێکى خوازراوە سووریشە لەوەى "پەیوەندییەکانى نێوان دانیشتووانى ئەو شارەو گووندەکانى دەوروبەرى ژێر دەسەڵاتى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد هەیە". باسى لەدانووستاندنى خەڵکى ژێر دەسەڵاتى هێزە کوردییەکان و گووندەکانى ژێر دەسەڵاتى ڕژێمی سووریا کردووە، بۆ ئەوەى هێزەکانى دیمەشق دووبارە بگەرێتەوە ئەو ناوچانە، هۆکارەکەشى بۆ توڕەیی و خراپی مامەڵەی هێزە کوردییەکان گەڕاندۆتەوە.
پیاوانى ئایینى و دەوڵەت بانگى شێعە بەرز دەکەنەوە
ڕێژیم و میلیشیاکانى ئێران، بەرز کردنەوەى بانگی مەزهەبی شێعەی کردۆتە مەرجی دانیشتووانى دیرەزوری ڕۆژهەڵات بەتایبەت لەشارەکانى ئەلبو کەمال و مەیادین.
ئاژانسى ئەنادۆڵى تورکی لەسەر زارى سەرچاوە ناوخۆییەکان بڵاوی کردۆتەوە "هێزەکانى ڕێژیم 20 پێشنوێژو بانگبێژى دەستگیر کردووە، کەئامادە نەبوون بانگی شێعە مەزهەب لەمزگەوتەکان بەرز بکەنەوە ".
ئەو هەنگاوانەى دیمەشق و تاران بۆ بەشێعەکردنى خەڵکەکەو پیاوانى ئایینى و فەرمانبەرانى دەوڵەتى ناوچەکەیە، کەلەلایەن گرووپێکى نزیک ئێران ئەنجامدەدرێت و ڕژێمى سووریاش پشتگیر کردووە، کەتاکە ڕێگایەکى ئێرانە لەو وڵاتە.
نیشتەجێکردنى خەڵکی دیکە
هەردوو شارى ئەلبوکەمال و مەیادین، ڕووبەرووى گۆڕینى دیموگرافی بووەتەوە، بەتایبەت لەرووى نیشتەجێکردنى بنەماڵەى ئێرانى لەو دوو شارە، بەگووتەى تۆڕى فوڕات پۆست، کە تۆڕێکى تایبەتە بەگواستنەوەى زانیاریی لەبارەى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى سووریا " میلیشیاکانى سوپای پاسداران، دەستى بەسەر ٥٠ خانووى شارى مەیادین و دەیان خانووى دیکەى گەڕەکی جەمعیاتى نیشتەجێبوون و خانوو و شەقامی مەعری شارى ئەلبوکەمال گرتووە".
ئەو میلیشیایانەش خێزانى ژمارەیەک چەکداری خۆی لە عێراقەوە گواستۆتەوە بۆ نێو ئەو خانووانە بۆ ئەوەى تێدا بژین، تۆڕەکە دووپاتی دەکاتەوە "ژمارەى ئەو خێزانانەش لەسنوورى ٣٠٠ کەس دەبن لەنێویاندا منداڵ و ئافرەت هەیە، کە پلانێکى درێژخایەنە بۆ مانەوەیان لە سووریا".
فێرکردنى مناڵان هەنگاوێکە بۆ جێگیر بوونیان:
کۆمارى ئیسلامى منداڵان بەکار دەهێنێت بۆ شەڕ
لەپاڵ سیاسەتەکانى ترساندن و ڕاکێشانى هاوسۆزی خەڵکی ناوچەکە بۆ بڵاوکردنەوەى مەزهەبی شێعەگەرایی، تاران لەنێو ئەو ناوچەى سووریاى لەبیرکراو، دەستى کردووە بە کردنەوەى ناوەندێکى ڕۆشنبیری ئێرانى و، لەوێوە کۆمەڵێک ئۆفەرى خوێندنى بۆ قوتابیانى ئامادەیی دەرخستووە، کەبیانەوێت لەزانکۆکانى ئێران بخوێنن.
جگە لەوانەش فێربوونى زمانى فارسى بۆ گەنجان و منداڵانیش کردووەتەوە، کەلەرێگەى سێ قوتابخانەى لەئەلبوکەمال و یەکێک لەمەیادین لەریفی دیر زوری ڕۆژهەڵات پرۆسەکە بەرێوەدەچن، زۆربەى کادیرەکانیشى ئێرانین.
ئەو قوتابخانانەش 250 منداڵ لەخۆ دەگرێت تەمەنیان لەنێوان ٨ بۆ ١٥ساڵییە، هەر منداڵێکیش مانگانە ١٠ هەزار لیرە (٢٤ دۆلاری ئەمەریکی) وەک مووچە وەردەگرێت.
شووشتنەوەى مێشکی منداڵان بە شێوازێکى تایفی:
کۆمارى ئیسلامی دەیەوێت لە ڕێگەى سەپاندنتى کلتوورى مەزهەبی خۆی دەستى بگاتە نێو خەڵکەکە، ئەمەش لێدوانى ئەمینداری دەستەى سیاسی هاوپەیمانى نیشتیمانى سووریای ئۆپۆزسیۆن بوون.
ڕیاز حەسەن، لەو بارەیەوە ڕوونی کردووەتەوە "پەنابردن بۆ شووشتنى مێشکى منداڵان و گۆڕینى بیرکردنەوەیان بەشێوازێکى تایفی و ئامادەکردنیان بۆ ئەوەى لەداهاتوو ببنە جەنگاوەر، ئەمە تاوانێکى جەنگی نوێیە" داواشى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و مافەکانى مرۆڤ کردووە "تاوانەکانى ئێران کە خراپی بژێوى شارو شاروچکەکانى ڕیفی دیرەزور دەقۆزنەوە ڕابگرن، کە ساڵانێکى زۆر بەدەستى دیکتاتۆرییەتى ڕژێمەکەى ئەسەدو وەحشیگەراییەکەى داعشەوە دەناڵێنن".