لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەى دالیا مەحموود موسلیم برازاى ساڵح موسلیم هاوسەرۆکى پەیەدە بڵاو بووەتەوە کە گوایا لە هەولێرەوە دراوەتە میتى تورکیە و لەم چوارچێوەیەشدا بنەماڵەکەى بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە و پەنجەى تۆمەت بۆ هەولێر درێژ دەکەن و لە بەرامبەریشدا وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمە ڕەت دەکاتەوە:
لێرەدا بەیاننامەکەى بنەماڵەکەى دایلا بڵاو دەکەینەوە کە بۆ ڕای گشتی بڵاویان کردووەتەوە:
کچەکەمان ( دالیا محمود مسلم ) وەک سەرجەم کچان و کوڕانی باکورو ڕۆژهەلاتی سوریا پێش شەش سال پەیوەندی کردوە بە ( یەکینەکانی پاراستنی ژن YPJ ) بەمەبەستی بەرگری کردن لە گەل و نیشتمانی لە دژی ڕێکخراوی تیرۆرستی ( داعش ) .
لەبەر چەند هۆکارێکی تەندروستی پێش ( ٦ ) شەش مانگ دەستبەرداری هەڤالان و ئەرکەکانی بوو بەمەبەستی چارەسەرکردن ڕویکردە هەرێمی باشوری کوردستان ، وە هەردەم لە پەیوەندی دابوو لەگەل خانەوادەکەی تا ماوەیێکی کەم بەر لە ئێستا پەیوندی کرد بەمەبەستی گەڕانەوەی بۆ ناو خانەوادەکەی لە ڕۆژئاوا بەلام سەرسام بوین بە ڕادەست کردنی بە دەسەلاتدارانی تورکیاو دەزگای مخابراتی .
بۆیێ ئێمە وایدەبینن دەسەلات لە هەرێمی باشور بەرپسیارەتی بێ سەروشوێنکرنی لەباشور یان ڕادەستکردنی بە دەزگای هەوالگری تورکیای لە ئەستۆیە .
وە هەر ووتەیێک لەسەر زاری ئەو بگۆترێ یان پێی بگۆتری لەژێر فشار ئەوە دورە لە ڕاستی تەنها مەبەست لێی پیسکردن و شێواندنی ئابڕوی خانەوەدەکەی و دەزگاکانی خۆبەڕێوەبەریە لە ڕۆژئاوا .
داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەولەتی دەکەین لێپرسینەوە بکەن بە مەبەستی ئازادکردنی کچەکەمان لە چنگی مخابەراتی تورکیا وە گرێنتی گەڕانەوەی بکەن بە سەلامەتی بۆ ناو خانەوادەکەی .
محمود محمد موسلم
باوکی دالیای وونکراو – کوبانێ / ١٩ ی تەموزی
لە بەرامبەردا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی برازاکەی ساڵح موسلیم بڵاوکردەوە و ڕادەستکردنەوەی (دالیا مەحموود موسلیم) بە تورکیا ڕەت دەکاتەوە.
ئەمەش دەقى ڕوونکردنەوەکەیە:
دەربارەی ئەو تۆمەتانەی کە گوایە کەسێک بە ناوی (دالیا مەحموود موسلیم) لە هەرێمی کوردستانەوە رادەستی تورکیا کراوەتەوە. بە پێویستی دەزانین رای گشتی ئاگاداربکەینەوە کە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە بەڵکو هەوڵێکی چەواشەکارانەیە بۆ داپۆشینی راستیی بابەتەکە .
دالیا مەحموود موسلیم ناسراو بە (ڤیان شەڕڤان) دوای ئەوەی واز لە هێزەکانی یەپەژە دەهێنێت لەگەڵ چەکدارێکی دیکەی خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستان بەناوی (سەلام رەمەزان محەممەد ناسراو بە تولهەلدان) کە لە ریزەکانی یەپەگە بووە، پەیوەندی خۆشەویستی دروستدەکەن و هەردووکیان بەیەکەوە بڕیاری وازهێنان دەدەن و رادەکەن.
رەمەزان لە رۆژی 2020/7/9 بە ئارەزووی خۆی دەگەڕێتەوە تورکیا و پاشان دالیا مەحموود موسلیم بۆ پەیوەندیکردن بە سەلام لە رۆژی 2020/7/14 بە قاچاخ دەچێتە تورکیا و دواتر لە شاری مێرسین خۆی رادەستی پۆلیسی تورکیا دەکات. بۆیە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە.
راگەیاندنەکانی پەکەکە و هاوبۆچوونەکانیان لە جیاتی تۆمەت بەخشینەوە، هەقە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن کە بۆچی خەڵک واز لە ریزەکانی ئەوان دەهێنێت و ئامادەن بۆ دەربازبوون لە هەڕەشەکانیان، لە رێگەی قاچاخ ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.
دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە دەردەبڕن. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشەش بە پەناگەیەکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی رووی تێدەکەن و ئەم هەوڵە چەواشەکارانەیەش هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی.