ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئانگێلا مێرکێل سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان هۆشداری دا و ڕایگەیاند دەبێ هەموو لایەک قورسایی کێشەی پەنابەران وەک یەک بگرنە ئەستۆ.
بە پێی ڕاگەیاندنی نووسینگەی سەرکۆماری تورکیە، ئەردۆغان پێشنیاری هاوکاری یەک میلیار یۆرۆیی یەکیەتی ئەوروپای بۆ چارەسەری قەیرانی پەنابەران ڕەت کردووەتەوە و پێی گووتوە دەبێ گوشار و بەرپرسایەتی لە بەرابەر پەنابەران دەبێ وەک یەک دابەش بکرێت.
تورکیە لە ڕلۆژی ١٠ی ڕەشەمەوە سنوورەکانی خۆی بەرەو ئەوروپا بۆ پەنابەران کردووەتەوە و هەزاران کەس لە سنووری وڵاتانی ئەوروپاییەوە هەوڵی چوونە ژوور بۆ خاکی ئەوروپا دەدەن. شکەستی سیاسەتەکانی تورکیە لە سوریە و پێداگری ڕووسیە و سوریە لە پاککردنەوەی ئیدلب لە گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان کە لە لایەن تورکیە پشتیوانی دەکرێن وای کردووە ئەردۆغان بۆ تێهەڵێنانەوەی شکەستەکانی پەنابباتە بەر کارتی پەنابەران .
کایەی سیاسی ئەردۆغان بە کارتی پەنابەران بۆ گوشار خستنە سەر یەکیەتی ئەوروپا و ناتۆ بۆ ئەوەی لە سوریە و ئیدلب پشتگیری سیاسەتەکانی تورکیە بکەن، وای کردووە هەزاران کەس سەرگەردان لە سنووری وڵاتانی ئەوروپایی کۆببنەوە. دەسەڵاتدارە ئەوروپاییەکان دەڵێن ناهێڵن جارێکی دیکە ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٥ و هاتنی بە کۆمەڵی پەنابەران بۆ وڵاتەکانیان دووپات ببێتەوە.
جیاوازی لەمپەرەکانی بەردەم پەنابەران بۆ چوونە ناوخاکی ئەوروپا لەگەڵ جارەکانی پێشوو لەوەدایە جگە لە پۆلیس و دامودەزگا ئیداریەکانی وڵاتانی ئەوروپایی بەشێکی بەرجاوی خەڵکی ئاسایی ئەو وڵاتانەش خۆڕسک لەسەر سنوورەکان دژی هاتنی پەنابەران دەوەستنەوە.
سەرکەوتنەکانی ئەمدواییەی ڕاسست و تازە فاشیستەکانی ئەوروپا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەوروپا وای کردووە دۆخی پەنابەران زۆر دژوارتر ببێتەوە.