Skip to main content

سەرۆکوەزیرانە پێشنیارکراوەکەى عێراق داواى لێبوردنى کرد

سەرۆکوەزیرانە پێشنیارکراوەکەى عێراق داواى لێبوردنى کرد
AvaToday caption
posted onMarch 2, 2020
nocomment

 

محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق پۆستی سەرۆکوەزیرانی ڕەت کردەوە و دەستی لەکار کێشایەوە. عەلاوی کە لە لایەن بەرهەم ساڵح سەرکۆماری عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێردرابوو بە ناردنی نامەیەک بۆ سەرکۆمار ڕایگەیاندووە بەهۆی کێشە و دژایەتیەکان دەستی لەکار کێشاوەتەوە.

 

ئەو ڕووەداوە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی یەکشەممە یەکی مارس، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ وەرگرتنی دەنگی متمانە بە کابینەی عەلاوی بۆ پێنجەمین جار نەگەیشتە ڕێژەی دیاریکراو. زۆربەی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە عەلاوی و ئەو وەزیرانەی ناساندوونی بڕیاریاندا بە بەشداری نەکردن لە دانیشتنی پەرلەمان پرسی متمانە بەخشی بە عەلاوی تووشی کێشە بکەنەوە.

لە ماوەی ڕابردوو شەقامی شارەکانی عێراق بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە دۆخی سیاسی ئەو وڵاتە پڕ لە کێشە و ئاڵۆزی بوون و دژبەران نارەزایەتی خۆیان بە ناساندنی عەلاوی وەک جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی دەربڕی.

عەلاوی لە بەشێک لە نامەی دەست لەکار کێشانەوەی خۆیدا نووسیویەتی: کاتێک بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەرکدار کرام بەڵێنم بە خەڵکدا ئەگەر بۆ پێکهێنانی کابینە کەوتمە ژێر گوشار ئەوە دەست لەکار بکێشمەوە. هەوڵمدا دەوڵەتێکی سەربەخۆ و دوور لە پابەندییە حیزبییەکان درووست بکەم. ئەگەر ئیمتیازم بە کەسانی گەندەڵ و فرقەگەرا دابایە ئێستا وەک سەرۆکوەزیران کارم دەکرد.

ڕۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە عەلاوی لە کۆی ٣٢٩ نوێنەر تەنیا ١٠٨ نوێنەر ئامادەی دانیشتنەکە بوون. فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ئەهلی سوونەت (یەکیەتی هێز) و شیعەکانی دەوڵەتی یاسا و ئەلنەسر دیارترینی ئەو گرووپانە بوون کە ڕۆژی یەکشەممە بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد.

عەلاوی لە ٢٢ وەزیری پێشنیاری خۆی تەنیا ناوی ١٦ وەزیری هێنابوو بۆ پەرلەمان و بۆ وەزارەتخانەکانی بەرگری، ناوخۆ، دارایی، بازرگانی و داد هیچ کەسی نەناساندبوو. فراکسیۆنی سائیرون نیزیک بە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر دوای هەواڵی دەست لەکارکێشانەوەی عەلاوی پێداگری لەسەر پشتیوانی لە سەرۆکوەزیرانی نوێ و دەستێوەرنەدان لە کابینەکەی کردەوە.

سەرکۆماری عێراق بەرهەم ساڵح دەست لەکار کێشانەوەی عەلاوی قەبوڵ کردووە و ڕایگەیاندووە بە ڕاوێژی گرووپە جۆراوجۆرەکان لە ماوەی ١٥ ڕۆژی داهاتوودا سەرۆکوەزیرانی نوێ دیاری دەکات.