Skip to main content

ئەردۆغان: خۆپێشاندانەکانی عێراق دەکێشرێتە ئێرانیشەوە

ئەردۆغان: خۆپێشاندانەکانی عێراق دەکێشرێتە ئێرانیشەوە
AvaToday caption
posted onNovember 9, 2019
nocomment

سەرکۆماری تورکیە بە دڵەڕاوکێکەوە دەڕوانێتە خۆپێشاندانەکانی عێراق و هۆشداری دا بەوەی ناڕەزایەتییەکان عێراقیش بگرێتەوە. ئەردۆغان لە پەراوێزی سەفەرەکەی بۆ مەجارستان لە نێو ئاپۆرای ڕۆژنامەنووساندا جارێکی دیکە ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئێران بەرامبەر هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان گرت  و گووتی دڵی لە دەسەلاتدارانی ئێران ئێشاوە.

 

ئەردۆغان سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی عێراق گووتی: دەمهەوێ بە ڕاشکاوانە بڵێم کێ لە پشت ئەو شۆڕشانەیە و ئەگەریشی هەیە تەشەنە بکاتە ئێران. ئەردۆغان گووتی ئامانجی ناڕەزایەتییەکان ئەوەیە جیهانی ئیسلامی چەند کەرت بکرێت و ڕووبەرووی یەکتری بوەستێنرێنەوە.

سەرکۆماری تورکیە جارێکی دیکە بەرگری لە هەبوونی هێزی سەربازی تورکیە لە سوریە و عێراق کرد و گووتی درێژە بە چالاکییە سەربازییەکانمان لەو دوو وڵاتە دەدەین. ئەردۆغان بە ئاماژە بە  ناڕەزایەتی عێراقییەکان گووتی: ئەگەری هەیە تورکیە تووشی دژواری بێتەوە، بەڵام چ لە قەندیل و چ لە شەنگال درێژە بە هێرشە سەربازییەکانی دەدات.

دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە مەجارستان لە کاتی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی ڕایگەیاند ئەگەری هەیە خۆپێشاندانەکانی عێراق ئێرانیش بگرێتەوە، محەمەد جەواد زەریف ڕایگەیاند قسەکانی ئەردۆغان ڕۆشەنگەرانەیە و سوپاسی دەکەین.

بەو حاڵەوە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم قسانەی تورکیە سەبارت بە ئێران جۆرێک هەڕەشە بوو لەو وڵاتە و پەیامە شاراوەکەی ئەوە بوو ئەگەر ئێران لە سیاسەتی ناوچەدا دژایەتی ئێران بکات ئەوە تورکیە دەتوانێ ئێران تووشی ئاڵۆزی بکاتەوە.