Skip to main content

کۆبانێ: تۆڵە و بێهیوایی لە داعش هۆکارى ئاشکراکردنى بەغدای بوو

کۆبانێ: تۆڵە و بێهیوایی لە داعش هۆکارى ئاشکراکردنى بەغدای بوو
AvaToday caption
posted onOctober 31, 2019
nocomment

زانیارییەکانی شوێنی خۆحەشاردانی ئەبوبەکر بەغدادی یەکێک لە کەسە نێزیکەکانی بەغدادی داویەتی دەستی هێزەکانی سوریەی دیموکرات (هەسەدە). کەسە نیزیکەکەی بەغدادی بۆچی خیانەتی لە خەلیفەی داعش کرد؟

 

ژەنەڕاڵ مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی سوریەی دیموکرات لە چاوپێکەوتن لەگەڵ کانالی ئێن.بی.سی ئاشکرای کرد کە کەسە سیخوڕەکەیان لە ئاستی رێبەری داعشدا چۆن بۆ ماوەی چەندین مانگ شوێنهەڵگری ئەبوبەکر بەغدادی لە حەشارگەیەک بۆ حەشارگەیەکی دیکە کردووە و لە کۆتاییدا زانیارییەکانی ئەو بووە هۆی هێرشی حەوتووی ڕابردوو و مردنی ڕێبەری یەکێک لە مەترسیدارترین گرووپە تیرۆریستییەکانی جیهان.

ژەنەڕاڵ کۆبانێ ناوی ئەو کەسەی ئاشکرا نەکردووە بەڵام گووتی کەسێکی عەرەبە و بەشێکی زۆری خزم و کەسە نیزیکەکانی لە نێو داعشدا بوون.

 

بۆ ئەندامە باڵاکەى داعش شوێنی بەغدادی ئاشکرا کرد؟

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریەی دیموکرات هۆکاری سەرەکی ئاشکراکردنی شوێنی بەغدادی گەڕاندوە بۆ ئەوەی کە بنەماڵەی سیخورەکەی نێو داعش لە لایەن ئەو گرووپەوە گوشارێکی زۆریان خراوەتە سەر. داعش زۆر بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ بنەماڵەی ئەو کەسە کردووە و سیخورەکە هیچ باوەڕێکی بە ئایندەی ئەو گرووپە نەبوو هەر بۆیە دەیوست لە داعش و خودی بەغدادی تۆڵە بستێنێتەوە.

ئەو کەسە لە هەلومەرجێکی تایبەت و دەگمەن دابوو و نەیتوانیبوو تۆڵەی خۆی بکاتەوە. بە گووتەی ژێنراڵ مەزڵوم ئەو کەسە مەئموری ئەمنیەتی بەغدادی و بەرپرسی ڕاگوێزتنی ڕێبەری داعش بووە.

 

لە داوخستنی ڕێبەری داعش کارێکی قورس بووە؟

فەرماندەی هەسەدە ڕایگەیاندووە ڕێبەری داعش ڕێوشوێنی ئەمنیەتی لە ئاستێکی بەرزدا دەپاراست. بە گووتەی مەزڵووم کۆبانێ بەغدادی هیچ کات کەڵکی لە ئامێری پێوەندی پێشکەوتوو وەرنەدەگرت و لە هەر شوێنێک بایە ئەو شوێنە دەبوو بە ناوچەی شاراوەی پێوەندی و جگە لە گرووپێکی بچووک کە بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئەمنیەتی بەغدادی بوون هیچ کەسێکی دیکە شوێنی خۆحەشاردانی بەغدادی نەدەزانی.

کۆبانێ لە درێژەدا دەڵێ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ بەغدادی دەژیان خزمە پلە یەکەکانی بوون و ڕێبەری داعش تەنیا بە ژمارەیەکی کەمیان ئیزنی چاوپێکەوتنی دەدا کە یەکێک لەو کەسانە کەسە سیخوڕەکەی ئێمە بوو. سەبارەت بە کاتی پەیوەندیگرتن لەگەڵ کەسە سیخوڕەكە مەزڵووم عەبدی (کۆبانێ) زانیاری نەدرکاند بەڵام گووتویەتی: لە ماوەی پێنج مانگی ڕابروودا پەیوەندییەکان بەربڵاوتر و قووڵتر ببوونەوە.

بە گووتەی فەرماندەی هەسەدە بەغدادی لە مانگی ئاوریلی ئەوساڵەوە چووەتە پارێزگای ئەدلیب. ئەو پارێزگایە لە ڕۆژئاوای سوریە هەڵکەوتووە و لە نیزیک سنووری تورکیەیە. شوێنەکە لە لایەن گرووپە تیرۆریستیەکانی بەرەی نووسرە کە سەر بە گرووپی ئەلقاعیدەیە ئیدارە دەکرێت.

 

 

سیخوڕەکە دەبوو خەلیفە داوای بکات ئەوجا دەیبینى

مەزڵووم عەبدی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ لە سەردەمی مانەوەی بەغدادی لە ئیدلب، کۆبوونەوە و دانیشتنی زۆری ئەنجام دا، بەڵام بەشی ئەمنیەتی هەسەدە پێی گووتین کە ئەگەر بەغدادی خۆی داوای سیخوڕەکە نەکات، ئەوە سیخوڕەکە بۆخۆی ناتوانێ بچێتە لای ئەبوبەکر بەغدادی. تەوەری باسەکانی ئەو کەسە لەگەڵ بەغدادی سەبارەت بە ئەمنیەتی هاتوچۆ و گۆڕینی حەشارگەکانی بووە.

عەبدی لە دەرێژەدا دەڵێ: سیخوڕەکەمان دەبوو پشت بە فکری خۆی ببەستێت. ئەگەرچی ئەو کەسانەی سەردانی بەغدادیان دەکرد، سەروچاویان دادەپۆشرا بۆ ئەوەی شوێنەکە شارەزا نەبن بەڵام بە هۆی ئەوە کەسەکە لە نیزیکانی بەغدادی بوو، بادیگاردەکانی پێیان گووتبو تەنیا لە پەنەجەرەی ئۆتۆمۆبێلەوە چاو لە دەرێ نەکات.

بە گووتەی مەزڵووم عەبدی کاتی گەیشتن بە شوێنی خۆحەشاردانی بەغدادی، هێزە ئەمنیەکان داوایان لە سیخوڕەکەمان کردبوو کە لە ئۆتۆمۆبێلەکەدا ڕاکشیت بەڵام ئەو توانیبوی شوێنەکە بە تەواوی دەستنیشان بکات و بیداتە دەستی هێزەکانی سوریەی دیموکرات.