Skip to main content

ناڕەزایەتیەکانی عێراق بەردەوامە

ناڕەزایەتیەکانی عێراق بەردەوامە
AvaToday caption
posted onOctober 28, 2019
nocomment

لە درێژەی ناڕەزایەتیەکانی عێراق ئەمڕۆ هەزاران کەس لە قوتابیان، خوێندکاران و پارێزەرانی عێراق سەرەڕای هەرەشەکانی دەسەڵات ڕژانە شەقامەکان. سەرەڕای ئەوەی ڕەقسی سوهەیل، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق داوای لە خوێندکاران کردبوو زانستگاکان دوور بگرن لە دەستێوەردان لە سەرهەڵدانەکانی عێراق، ئەڕۆ خوێندکاران لە مەیدانی تەحریری بەغدا کۆبوونەوە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە هێزە ئەمنیەکان لە دەورەبەری مەیدان و ئەو ڕێگەیانەی دەچنە سەر مەیدانەکە و هەروەها لە شوێنی بینا حکومیەکان لە ناوچەی سەوز زۆر بە چڕی بوونیان هەبوو. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری فەرانسە، لە کاتێکدا خوێندکاران لە بەغدا درووشمی تا ڕووخانی نیزام ناچینەوە قوتابخانەیان دەگووتەوە، سەدان کەس لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانستگا لە دیوانیە ڕایانگەیاند بۆ لەسەر کار لادانی دەوڵەت دە ڕۆژ مانگرتن دەکەن.

هاوکات هەزاران خوێندکار و قوتابی لە شارەکانی بەسرە و کۆت ڕژانە سەر شەقامەکان. بە هۆی پێوەست بوونی فەرمانبەران بە ناڕازیان لە شاری کۆت لە پاریزگای واست زۆربەی ئیدارە دەوڵەتیەکان لەو شارە داخران.

لە لایەکی دیکە لە پارێزگای دیالە کە پارێزگایەکە چەند نەتەوەی تێدا دەژین و تا ئێستا بەشداری خۆپێشاندانی نەکردبوو، مانگرتنی فەرمانبەرانی ئاسایی، ئیدارەکانی ئەو شارەی لەگەڵ کێشە ڕووبەڕوو کردەوە و دوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاش دەستیان لە کار کێشایەوە.


نوێترین ئاماری قوربانیان

بە هۆی شەپۆلی دووهەمی ناڕەزایەتیەکان لە دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی عێراق تەنیا لە ڕۆژانی هەینی و شەممە لانیکەم ٧٤ کەس کوژراون و سەدان کەسی دیکە بریندار بوون. کوژراو و برینداران لە لایەن هێزەکانی سوپای قودس و حەشدی شەعبی و هەروەها هێزەکانی پۆلیس و دژە تیرۆر بە ئامانج گیراون.

ناڕازیانی عێراق دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەوە تۆمەتبار دەکەن لە لە ژێر دەسەڵاتی ئێران و وڵاتانی دیکەدان، ئەوان لەو بڕوایەدان ئێران و ئەمریکا ، عێراق وەک ئامراز و مەیدانێک بۆ شەڕی خۆیان بەکار دێنن بە بێ ئەوەی گوێیان لە ویستی خەڵکەکەی بێت.

هەواڵدەری ڕۆیتێرز لە زمان یەکێک لە خۆپێشاندەران نووسیویەتی: من لە عادل عەبدولمەهدی دەپرسم لەو ١٦ ساڵەدا چیتان بۆ کردین؟ هیچ. ئێمە ڕێپێوانێکی ئارام دەکەین و لاوان مافی خۆیان دەوێ . کار و خزمەتگوزاری گشتی.