Skip to main content

دهۆڵى جەنگی ئەمریکا دژى ئێران بەرز دەبێتەوە

دهۆڵى جەنگی ئەمریکا دژى ئێران بەرز دەبێتەوە
AvaToday caption
فەلاح مەشعەل وتارەکەى بە ناوى (ئەمریکا و ئێران، جەنگی داهاتوو و عێراقیش دۆڕاوە) لە ماڵپەرى "میدڵ ئیست ئۆنڵاین" بڵاو کردووەتەوە
posted onOctober 13, 2018
nocomment

 

ئاڵۆزییەکانى حکومەتى نوێی عێراق و دەستێوەردانى هەر یەک لەکۆمارى ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کاروبارى ناوخۆیی بەغدا، گەیشتووەتە ئاستێک مەترسیی سەرهەڵدانى جەنگێکى ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆ لەنێوان واشنتۆن و تاران لەسەر خاکی عێراقی لێدەکرێت.

 

نووسەرێکى عێراقی لە بارەى ئەو جەنگەوە ئاماژە بەوە دەکات "گەرمیی هەڕەشەکانى جەنگ لەنێوان ئەمەریکاو ئێران لەئاسمانى میدیاو هاندان و ئامادەکردنى ڕای گشتى تێپەریوەو، گەیشتۆتە ئاستەکانى خۆپارێزی و ئامادەسازییە لۆجیستیەکان".

فەلاح مەشعەل لە وتارێکیدا بە ناوونیشانى (ئەمریکاو ئێران، جەنگی داهاتوو و عێراقیش دۆڕاوە)ـە لە ماڵپەرى "میدڵ ئیست ئۆنڵاین" بڵاویکردۆتەوە ئاماژە بەوە دەکات " داخستنى کونسڵخانەى واشنتۆن لە بەسرا و دەرچوونى هاووڵاتیانى لەو وڵاتە و، ئامادەسازیکردنى هاوپەیمانیەکى نێودەوڵەتى بە ڕابەرایەتى ئەنجوومەنى هاریکاری کەنداو بۆ بەرەنگاربوونەوەى مەترسیی ئێران، تەپڵى جەنگ بەرزترین دەنگە لەئاسۆى داهاتوو".

دەشڵێت "تا وەکو ئێستا هێڵی عێراقی ئێرانى لە هێڵی عێراقی ئەمریکى بەهێزترە"، هۆکارەکەشى بۆ زۆرى باڵە سەربازییەکانى تارانە لەنێو خاکی عێراق، جگە لەدەیان حزب و ڕێکخستنە میلیشیاییەکانى نزیک تاران، کە هەڕەشەى مەترسیدارن بۆ واشنتۆن، ئەمانەش عێراقیان خستۆتە نێو هەژماری قازانج و زیانى هەردوو لایەن". لە دواى 2003 ـەوە، تاران بەهەموو هێزێکى خۆیەوە دەستى وەرداوەتە نێو کاروباری سیاسی، ئابوورى و کۆمەڵایەتى عێراق و، لەدواى کشانەوەى یەکجاری هێزەکانى ئەمەریکا لەکۆتاییەکانى ٢٠١١ کۆمارى ئیسلامى دەسەڵاتى تەواوى ئەو وڵاتەى خستە ژێر باڵەکانى خۆى و، هەمیشە کارى لەسەرخستنى کەسە نزیکەکانى خۆی کردووە.

بەڵام لە دواى هەڵبژاردنەکانى ئایاری ڕابردووى ئەمساڵ، بۆ یەکەمجار ئێران لەرێگەى دوورخستنەوەى حزبی دەعوە لەلوتکەى دەسەڵات زیانێکى گەورەى بەرکەوت، ئەگەری ئەوەش هەیە، سەرۆک وەزیرانى ڕاسپێدراو هەوڵەکانى چڕتر بکاتەوە لەکەمکردنەوەى پاوانخوازییەکانى تاران بەسەر وڵاتەی.

وێنەى وتارەکەى فەلاح مەشعەل لە ماڵپەڕى میدڵ ئێست ئۆنلاین

وێنەى وتارەکەى فەلاح مەشعەل لە ماڵپەڕى میدڵ ئێست ئۆنلاین

 

مەشعەل باسى لەوەش کردووە "ئەوەى تێبینى کراوە لە ململانێیەکانى ئەمریکا ـ ئێران، ئیسرائیل بەشێوەیەکى پراکتیکی هاتۆتە نێو جەنگەکەو، ڕاستەوخۆش هێرشى سەربازی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانى تاران لەسووریا ئەنجامداوەو، هەڕەشەشى کردووە لەنێو عێراق و لوبنانیش هەمان سیناریۆ دژى ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات".

پێی وایە "ئەو هەنگاوانەى تەل ئەبیب، جددیەتى سەرهەڵدانى جەنگ نزیکتر دەبێتەوەو، تاوەکو ئێستاش هیچ دەستپێشخەرییەکى ئاشتى نێودەوڵەتى لەئارادا نیە". بە هۆى پاوانخوازییەکانى دەسەڵاتدارانى تاران بەتایبەت لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە لوتکەى تەقینەوەیەکى گەورە نزیک بووەتەوەو، ئەگەری ئەو تەقینەوەش ڕوودانى کەسارەتى گەورەی لێبکەوێتەوە.

کۆمارى ئیسلامى جگە لە پاوانخوازییەکانى لەعێراق، ڕاستەوخۆش دەستى لەکاروباری سووریا هەیەو، لە ڕێگەى حیزبوڵای لوبنانیش لەنێو لوبنان تووشى ئاڵۆزیی سیاسی کردووە. تەنانەت چەند ساڵێکیشە سعودیە سەرۆکایەتى هاوپەیمانییەکى عەرەبی دژی حوسییەکانى یەمەن دەکات، کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێن.

نووسەرە عێراقییەکە دووپاتیشی دەکاتەوە "لەکاتى هەر پێکدادانێک لەنێوان ئەمریکاو ئیسرائیل و وڵاتانى عەرەبی لەلایەک و ئێران و هاوپەیمانانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەبەرەى بەرامبەر، تورکیاو ڕووسیا لەو نێوەندە بێدەنگ نابن، بەڵکو دەست وەردەدەن بۆ ئەوەى پارێزگارى لە بەرژەوەندییەکانى خۆیان لە ناوچەکە بکەن".

لەو پرۆسەیەش پێشبینى دەکرێت "بەرەى جەنگەکان فراوانتر ببنەوەو، زیانى یەکەمیش لەو جەنگەش خوودی عێراقە".

بەڵام تاوەکو ئێستاش دیار نییە جەنگە چاوەڕوانکراوەکە ڕاستەوخۆ دەبێت یاخود لەرێگەى بریکارەکانیانى واشنتۆن و تاران بەرێوەدەچێت.