قایم مەقامی سەرپێڵ زەهاو لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئیلنادا دەڵێ: ٣٠ لەسەدی ئەو کەسانەی لە خانووی کرێدا دەژیان لە دوای بوومەلەرزەکەی کرماشان تا ئێستاش بە هۆی نەبوونی خانوو لەسەر شەقام دەژین
موحەبەت جەماڵی نیا دەڵێ خەڵکێکی زۆر بە هۆی گرانی کرێ خانوو و چاک کردنەوەی ماڵەکانیان لەسەر شەقامەکانی کرماشان لە نێو خێوەت و کانێکس دا دەژین.
کۆماری ئیسلامی پارەی ئاو و کارەبا لە خەڵکی بێ ماڵ و حاڵ وەردەگرێت
فەرهاد تەجەری نوێنەری قەسری شیرین لە پارلەمانی ئێران دەڵێ لە مانگی داهاتورا خەڵک دەبێ پارەی ئاو و کارەبا بدەن ئەویش بە هۆی ئەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان لە ١٢٠ لیترەوە بۆ ٤٠٠ لیتر لە چرکەدا زیادی کردووە!
کۆماری ئیسلامی ڕێدەگرێت لە هاوکاری خەڵکی دڵسۆز بۆ لێقەوماوان
لە کاتێکدا یەکساڵ لە کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان گوزەراوە و دەسەڵات نەیتوانیوە هەنگاوی دڵخۆشکەر بۆ ئاوەدان کردنەوەی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان باوێژن، ڕێگری لەوەش دەکەن کۆمەڵێک سیما کە ڕۆڵێکی گەورەیان گیڕا لە هاوکاری کردنی ئەو خەڵکە درێژە بە هاوکاری کردنەکانی خۆیان بدەن.
لە ماوەی ڕابڕدودا عەلی دایی بانگهێشتی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی کراوە و سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کرماشان داوای زانیاری لێکراوە.
دوای ئەوەی لە خەزەڵوەری ساڵی ڕابردودا بومەلەرزەیەک بە گووژمەی ٧.٣پلەی ریشتەر پارێزگای کرماشانی گرتەوە و زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژران، بێ باوەڕی خەڵک بە دامەزراوەکانی دەسەڵات تا ئەو جێگایە چوو پێش کە خەڵک هاوکارییەکانی خۆیان لە حیسابە دەوڵەتیەکان نەدەکرد و پارە و یارمەتییەکانیان دەخستە حیسابی ئەو سیما ناسراونە کە خۆبەخش هاوکاری خەڵکی کرماشانیان دەکرد.