Skip to main content

ئەمریکا کە لە ڕۆژئاواوە هاتە هەرێمی کوردستان

ئەمریکا کە لە ڕۆژئاواوە هاتە هەرێمی کوردستان
AvaToday caption
posted onOctober 21, 2019
nocomment

دیمەنی هەواڵەکانى هەواڵدەری ڕۆیتەرز ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازیانەی ئەمریکا نیشان دەدات کە خەریکی گواستنەوەى هێزە سەربازییەکانی ئەمریکان لە ڕۆژئاواوە بۆ باشوری کوردستان. وێنەگری ڕۆیتەرز گوتى "زیاتر لە ١٠٠ ئۆتۆمبێلى سەربازیی ئەمریکایی لە سنووری نێوان ڕۆژئاوا و باشوری کوردستانەوە پەڕیونەتەوە بۆ باشووری کوردستان".

 

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و هەروەها میدیاکانی هەرێمی کوردستان هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ باشووری کوردستانیان پشتڕاست کردووەتەوە. ئەو هێزانە لە سنووری سەحیلاوە هاتوونە باشووری کوردستان.

مارک ئێسپێر وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندبوو کە هەزار سەربازی ئەمریکا دوای چوونەدەرەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەچنە خاکی باشووری کوردستان. بە گووتەی ئێسپێر ئامانجی چوونی ئەو هێزانە شەڕ لەگەڵ گرووپی تیرۆریستى داعش دەبێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دوای دانوسان لەگەڵ مایک پێنس جێگری سەرکۆماری ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕیبوو بە ڕایگەیاندنی ئاگربەستێکی پێنج ڕۆژە لە شەڕ دژی ڕۆژئاوای کوردستان. ئامانج لەو ئاگربەستە کاتییە دابینکردنی کاتی گونجاوە بۆ هێزە کوردییەکان بۆ ئەوەی لە سنوورەکانی تورکیە بکشێنەوە. ئانکارا دەیهەوێ ناوچەیەکی ئەمن لە سنوورەکانی خۆی دابنێت.

بڕیاری دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا لەمەر بردنەدەرەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر لە واشنتۆن و وڵاتانی دیکەی جیهان بووەتەوە. زۆربەی ڕەخنەگرانی دۆناڵد ترامپ پێیان وایە ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی لاوازبوونی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.